عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- یەک ڕووداو بۆ هەمووان
- 1
- ئیتر لە هەموو ئەوانە ڕامام و بۆم دەرکەوت کە ڕاستودروستان و دانایان و کردەوەکانیان لەژێر دەسەڵاتی خودان، بەڵام کەس نازانێت لە ڕێگەی خۆشەویستی یان ڕق لێبوونەوەوە دێت.
- 2
- هەموویان یەک چارەنووسیان هەیە، ڕاستودروست و بەدکار، چاک و خراپ، پاک و گڵاو، قوربانی سەربڕ و ئەوەی قوربانی سەرنابڕێت؛
چاکەکار و گوناهبار،
سوێندخۆر و ئەوەی دەترسێت سوێند بخوات. - 3
- ئەمە ئەو خراپەیە کە لە پشتی هەموو ڕووداوەکانی سەر زەوییە: کە یەک چارەنووس بۆ هەمووان بێت، هەروەها دڵی ئادەمیزاد پڕە لە خراپە، شێتییش لە دڵیاندایە لە کاتێکدا زیندوون و پاشان کە دەچنە پاڵ مردووان.
- 4
- هەرکەسێک کە لەنێو زیندووان بێت، ئومێدەوارە. تەنانەت سەگی زیندووش لە شێری تۆپیو چاکترە!
- 5
- زیندووان دەزانن کە دەمرن،
بەڵام مردووان هیچ نازانن و
لەمەودواش پاداشتیان نییە،
تەنانەت ناویان لەبیرکراوە. - 6
- خۆشەویستی و ڕق و
بەغیلیشیان لەمێژە لەناوچوون،
ئیتر بەشیان نییە هەتاهەتایە
لە هەموو ئەوەی لەسەر زەویدا دەکرێت. - 7
- بڕۆ بە شادی نانی خۆت بخۆ و بە دڵێکی خۆش شەرابی خۆت بنۆشە، چونکە لەمێژە خودا لە کردەوەت ڕازییە.
- 8
- با هەموو کاتێک جلوبەرگت سپی بێت و زەیت لە سەری خۆت بدە.
- 9
- خۆشی ببینە لەگەڵ ژنەکەت کە خۆشت دەوێت، هەموو ڕۆژانی ژیانی بێ واتات، کە خودا لەسەر زەوی پێیداویت، هەموو ڕۆژانی بێ واتات، چونکە ئەمە بەشی تۆیە لە ژیان و لە ماندووبوونەکەت کە لەسەر زەوی پێوەی ماندوو دەبیت.
- 10
- ئەوەی لە دەستت دێت، بەوپەڕی هێز و تواناوە بیکە، چونکە نە کار و نە پلاندانان و نە زانین و نە دانایی نییە لە جیهانی مردووان، ئەوەی تۆ دەچیت بۆ ئەوێ.
- 11
- دیاردەیەکی نوێم لەسەر زەوی بینی:
ڕاکردن بۆ سووکەڵەکان نییە و
جەنگ بۆ پاڵەوانان نییە و
نان بۆ دانایان نییە و
دەوڵەمەندی بۆ تێگەیشتووان نییە و
پەسەندی بۆ زانایان نییە،
چونکە کات و بەخت تووشی هەمووان دێت. - 12
- هەروەها مرۆڤ کاتی خۆی نازانێت:
وەک ئەو ماسییانەی بە تۆڕێکی لەناوبەر دەبردرێن،
یان وەک ئەو چۆلەکانەی بە تەڵەوە دەبن،
ئادەمیزادیش بە هەمان شێوەی ئەوان
لەناکاو و لە کاتێکی خراپدا دەکەونە تەڵەوە. - دانایی لە گێلایەتی باشترە
- 13
- ئەم داناییەشم لەسەر زەویدا بینی، لەلای من مەزنە:
- 14
- شارێکی بچووک و خەڵکێکی کەمی تێدابوو، پاشایەکی مەزن پەلاماری دا و ئابڵوقەی دا و قوللەی مەزنی بەدەوریدا بنیاد نا.
- 15
- ئەو شارە پیاوێکی هەژاری دانای تێدابوو، بە دانایی خۆی شارەکەی دەرباز کرد. بەڵام کەس ئەو پیاوە هەژارەی لەبیر نەما.
- 16
- منیش گوتم: «دانایی لە هێز باشترە،» بەڵام دانایی هەژاریش بە سووکی تەماشا دەکرێت و گوێ لە قسەکانی ناگیرێت.
- 17
- قسەی بە هێمنی لەلایەن دانایان شایانی سەرنجدانە
زیاتر لە هاواری دەسەڵاتدار لەناو گێلان. - 18
- دانایی لە چەکی جەنگ چاکترە،
بەڵام یەک گوناهبار چاکەیەکی زۆر تێک دەدات.