عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- موسا داوای بەرەکەت دەکات بۆ هۆزەکان
- 1
- ئەوەش ئەو بەرەکەتەیە کە موسای پیاوی خودا بۆ نەوەی ئیسرائیل[a] داوای کرد، بەر لە مردنی،
- 2
- گوتی:
«یەزدان لە سیناوە هات و
لە سێعیرەوە بەسەریاندا هەڵهات،
لە کێوی پارانەوە درەوشایەوە و
هەزاران هەزار فریشتەی پیرۆزی لەگەڵ بوو،
لە بنارەکانی باشوورەوە. - 3
- بێگومان ئەوە تۆی کە هەموو گەلانت خۆشدەوێت،
هەموو پیرۆزەکان لەنێو دەستی تۆدان،
ئەوان لەلای پێت کڕنۆش دەبەن،
ڕێنمایی لە تۆ وەردەگرن. - 4
- موسا فەرمانی فێرکردنی پێداین،
میراتە بۆ کۆمەڵی یاقوب. - 5
- لەنێو یەشوروون[b] بوو بە پاشا،
بە کۆبوونەوەی ڕابەرەکانی گەل،
هۆزەکانی ئیسرائیل پێکەوە. - 6
- «با نەوەی ڕەئوبێن بژیێت و نەمرێت،
با پیاوەکانی کەم نەبن.» - 7
- سەبارەت بە نەوەی یەهودا ئەمەی گوت:
«ئەی یەزدان، گوێ لە دەنگی یەهودا بگرە و
بۆ لای گەلەکەی بیهێنە،
دەستەکانی بەسە بۆی،
ببە بە یارمەتیدەر لە دژی دوژمنانی!» - 8
- سەبارەت بە نەوەی لێڤی گوتی:
«تومیم و ئوریمی[c] تۆ
بۆ پیاوە خۆشەویستەکەتە،
ئەوەی لە مەسا تاقیت کردەوە و
لە مێرگی مەریبا خەباتت لەگەڵدا کرد. - 9
- ئەوەی[d] سەبارەت بە دایک و باوکی گوتی،
”ڕەچاوم نەکردوون،“
دانی بە براکانیشیدا نەنا و
منداڵەکانیشی نەناسی،
بەڵام چاودێری فەرمایشتەکانی تۆی کرد و
پەیمانەکەی تۆی پاراست. - 10
- نەوەی یاقوب، فێری ڕاسپاردەکانت و
نەوەی ئیسرائیلیش فێری تەوراتی تۆ دەکات،
بۆنی بخوور دەخاتە بەردەمت و
قوربانی سووتاندنی تەواو دەخاتە سەر قوربانگاکەت. - 11
- ئەی یەزدان، توانای شارەزایی بەرەکەتدار بکە و
بە کرداری دەستی ڕازی بە،
لە کەمەری بەرهەڵستکاران و ناحەزانی بدە،
هەتا هەڵنەستنەوە.» - 12
- سەبارەت بە نەوەی بنیامین گوتی:
«ئەو خۆشەویستی یەزدانە، بە ئاسوودەیی لەلای نیشتەجێ دەبێت،
بە درێژایی ڕۆژ داڵدەی دەدات و
یەزدان لەنێو هەردوو شانیدا نیشتەجێی دەکات.» - 13
- سەبارەت بە نەوەی یوسف گوتی:
«با خاکەکەی لەلایەن یەزدانەوە بەرەکەتدار بێت
بە شەونمی گرانبەهای ئاسمان،
بە ئاوە قەتیسکراوەکانی خوارەوە، - 14
- بە بەهادارترین دیارییەکانی خۆر و
بەهادارترین دیارییەکانی بەروبوومی مانگ، - 15
- بە بەهادارترین دیارییەکانی چیا دێرینەکان،
بە بەسوودترین گردە هەتاهەتاییەکان، - 16
- بە بەهادارترین دیارییەکانی زەوی و پڕییەکەی،
لەگەڵ ڕەزامەندی نیشتەجێی ناو دەوەنەکە[e] ،
با بەسەر سەری یوسفەوە بن،
بەسەر تەپڵی سەری لە براکانی جیا کرایەوە.[f] - 17
- نۆبەرەی گایەکەی شکۆمەندییە بۆی،
قۆچەکانی قۆچی گای کێوین،
بەوان قۆچ لە گەلان دەدات،
پێکەوە هەتا ئەوپەڕی زەوی،
ئەوان هەزاران هەزاری ئەفرایم و
هەزارانی مەنەشەن.» - 18
- سەبارەت بە نەوەی زەبولون گوتی:
«ئەی زەبولون بە کۆچکردنت دڵخۆش بە و
تۆش ئەی یەساخار بە چادرەکانت، - 19
- گەلان بۆ چیا بانگ دەکەن،
لەوێ قوربانی ڕاستودروستی سەردەبڕن،
هەتا لە پڕی دەریا بمژن و
لەو گەنجینەیەی لەژێر لم شاردراوەتەوە.» - 20
- سەبارەت بە نەوەی گاد گوتی:
«بەرەکەتدارە ئەوەی سنووری خاکی گادی فراوان کرد!
وەک شێرە مێ نیشتەجێ بوو،
قۆڵی پارچەپارچە کرد لەگەڵ تەپڵی سەر، - 21
- باشترین خاکی بۆ خۆی دانا،
بەشی فەرماندەی بۆ خۆی هەڵگرت،
کاتێک سەرکردەکانی گەل کۆبوونەوە،
دادوەری یەزدانی جێبەجێ کرد و
حوکمەکانیشی سەبارەت بە ئیسرائیل.» - 22
- سەبارەت بە نەوەی دان گوتی:
«دان بەچکە شێرە،
لە باشان قەڵەمباز بەرەو پێش دەدات.» - 23
- سەبارەت بە نەوەی نەفتالی گوتی:
«ئەی نەفتالی، تێر بە لە ڕەزامەندی و
پڕ بە لە بەرەکەتی یەزدان،
دەست بەسەر ڕۆژئاوا و باشووری خاکەکەتدا بگرە.» - 24
- سەبارەت بە نەوەی ئاشێر گوتی:
«با ئاشێر لەنێو کوڕان بەرەکەتدار بێت،
با لەلای براکانی پەسەند بێت،
با پێی بکاتە ناو زەیت، - 25
- دەروازەکانت لە ئاسن و بڕۆنزن،
بەگوێرەی درێژی تەمەنت هێزت پێ دەبەخشێت.» - 26
- «خودای یەشوروون هاوتای نییە،
سواری ئاسمان دەبێت بۆ یارمەتیدانت،
هەروەها هەورەکان لە شکۆی خۆیدا. - 27
- خودای هەتاهەتایی پەناگاتە و
باڵە هەمیشەییەکانیشی لە ژێرەوە.
دوژمنی لەبەردەمت دەرکرد و
فەرمووی: ”لەناو ببە!“ - 28
- جا ئیسرائیل بە تەنها و بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبێت،
جێنشینی یاقوب گیروگرفتی نابێت،
لە خاکی دانەوێڵە و شەرابی نوێ دەبێت،
ئاسمانەکەشی شەونم دەتکێنێت. - 29
- ئەی ئیسرائیل، خۆزگەت پێ دەخوازرێت،
کێ وەک تۆیە،
گەلێکی ڕزگار بوو لەلایەن یەزدانەوە؟
قەڵغانی یارمەتی و
شمشێری شکۆمەندیتە،
جا دوژمنانت ملکەچیت بۆ دەنوێنن،
تۆش نزرگەکانی سەر بەرزاییان[g] پێشێل دەکەیت.»
- a. 33:1 نەوەی ئیسرائیلی: لێرەدا موسا بە ناوی وەچەکانی یاقوبەوە داوای بەرەکەت بۆ نەوەکانی ئەم هۆزانە دەکات، کە ئەم وەچانە نزیکەی 400 ساڵ لەمەوپێش لە خاکی میسردا مردبوون. بڕوانە پەیدابوون 15:13 و دەرچوون 1:1-7 و کردار 7:6.
- b. 33:5 ناوی (یەشوروون) واتا (ئەو کەسەی کە سەرڕاستە)، لێرە مەبەست لە نەوەی ئیسرائیلە.
- c. 33:8 تومیم و ئوریم: دوو بەردی گرانبەها بوون، لە کاتی بڕیاردان بۆ زانینی خواستی خودا بەکارهێنراون، بڕوانە دەرچوون 28:30 و یەکەم ساموئێل 23:9-12.
- d. 33:9 مەبەست لە هۆزی لێڤییە.
- e. 33:16 مەبەستی لە دەرکەوتنی خودایە بۆ موسا لەناو دەوەنەکە، بڕوانە دەرچوون 3:1-6.
- f. 33:16 بڕوانە پەیدابوون 37:11-15؛ 44:14.
- g. 33:29 مەبەست لەو شوێنە بەرزانەیە کە بۆ قوربانیکردن و ڕێوڕەسمی پەرستنی بتەکان بووە، بڕوانە سەرژمێری 33:52.