عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- چوون بۆ جەنگ
- 1
- کاتێک دەچن بۆ ئەوەی لە دژی دوژمنەکانتان بجەنگن، ئەسپ و گالیسکە و سوپایەکی لە خۆتان زۆرترتان بینی، لێیان مەترسن، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان لەگەڵتانە، ئەوەی کە لە خاکی میسر دەریهێنان.
- 2
- کاتێک لە جەنگ نزیک دەکەونەوە کاهینەکە دێتە پێش و وتار بۆ گەل دەدات،
- 3
- پێیان دەڵێت: «ئەی ئیسرائیل گوێ بگرە، ئێوە ئەمڕۆ لە جەنگ لە دژی دوژمنەکانتان نزیک بوونەتەوە، ورەتان نەڕووخێت، لێیان مەترسن و مەتۆقن و سام نەتانگرێت،
- 4
- چونکە یەزدانی پەروەردگارتان لەگەڵتان دەڕوات، هەتا بۆ ئێوە لە دژی دوژمنەکانتان بجەنگێت و سەرکەوتووتان بکات.»
- 5
- ئینجا سەرکردەکان قسە بۆ سوپا دەکەن و دەڵێن: «کێ خانووێکی نوێی بنیاد ناوە و نەیکردووەتەوە، با بڕوات و بگەڕێتەوە بۆ ماڵەکەی، نەوەک لە جەنگەکەدا بکوژرێت و پیاوێکی دیکە بیکاتەوە.
- 6
- کێ ڕەزەمێوێکی چاندووە و لە یەکەم بەری نەخواردووە؟ با بڕوات و بگەڕێتەوە ماڵەکەی، نەوەک لە جەنگەکەدا بکوژرێت و پیاوێکی دیکە یەکەم بەری بخوات.
- 7
- کێ ژنێکی مارە کردووە و نەیگواستووەتەوە، با بڕوات و بگەڕێتەوە ماڵەکەی، نەوەک لە جەنگەکەدا بکوژرێت و پیاوێکی دیکە بیگوازێتەوە.»
- 8
- ئینجا دووبارە سەرکردەکان قسە بۆ گەل دەکەن و دەڵێن: «کێ دەترسێت و ورەی ڕووخاوە؟ با بڕوات و بگەڕێتەوە بۆ ماڵەکەی، نەوەک دڵی براکانیشی بتۆقێت وەک خۆی.»
- 9
- کاتێک سەرکردەکان لە قسەکردن لەگەڵ گەل تەواو دەبن، فەرماندەکان بۆ سوپا دادەنێن.
- 10
- کاتێک لە شارێک نزیک دەبنەوە بۆ ئەوەی لەگەڵیدا بجەنگن، بانگی بکەن بۆ ڕێککەوتن.
- 11
- جا ئەگەر بۆ ئاشتبوونەوە وەڵامی دانەوە و دەرگای بۆ کردنەوە، ئەوا هەموو ئەو گەلەی تێیدان بۆ ئێوە بێگاری[a] و کارت بۆ دەکەن.
- 12
- بەڵام ئەگەر ئاشتییان نەویست و لە دژتان جەنگان ئەوا ئابڵوقەی بدەن.
- 13
- کاتێک یەزدانی پەروەردگارتان ئەوی دایە دەستتان، ئەوا بە شمشێر لە هەموو پیاوەکانی بدەن،
- 14
- بەڵام ئافرەت و منداڵ و ئاژەڵی ماڵی و هەموو شتێکی دیکە کە لەناو شارەکەیە، هەموو تاڵانییەکە دەبێتە دەستکەوتتان، ئەو دەستکەوتانەی دوژمنانتان بەکاردەهێنن کە یەزدانی پەروەردگارتان پێتانی دا.
- 15
- ئاوا دەکەن بە هەموو ئەو شارانەی زۆر لە ئێوە دوورن، ئەوانەی لە شارەکانی ئەم گەلانەی ئێرە نین.
- 16
- بەڵام شارەکانی ئەم گەلانەی کە یەزدانی پەروەردگارتان بە میرات دەتانداتێ، هیچ هەناسەیەکی لێ مەهێڵنەوە.
- 17
- بەڵکو بە تەواوی لەناویان ببەن[b] ، حیتی و ئەمۆری و کەنعانی و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکان، هەروەک یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی پێ کردن،
- 18
- نەوەک فێرتان بکەن وەک هەموو نەریتە قێزەونەکانیان بکەن کە ئەوان بۆ خوداوەندەکانیان دەیکەن، ئێوەش سەبارەت بە یەزدانی پەروەردگارتان تووشی گوناه دەبن.
- 19
- ئەگەر بۆ چەندین ڕۆژ ئابڵوقەی شارێکتان دا، جەنگتان لە دژی بەرپا کرد هەتا بیگرن، دارەکان بە تەور لەناو مەبەن و مەیانبڕنەوە، چونکە دەتوانن لە بەروبوومیان بخۆن. ئایا داری ڕەز مرۆڤە تاکو ئابڵوقەی بدەیت؟
- 20
- بەڵام ئەو دارانەی کە دەزانن لێیان ناخورێن، ئەوا دەتوانن ئەوانە تێکبدەن و بیانبڕنەوە بۆ دروستکردنی سەنگەر لە دژی ئەو شارەی کە جەنگتان لەگەڵ دەکات هەتا دەکەوێت.
- a. 20:11 بێگاری: واتا بە زۆرەملێ.
- b. 20:17 بە تەواوی لەناویان دەبەن: لە زمانی عیبری ئەم زاراوەیە دەگەڕێتەوە بۆ شتێک یان کەسێک کە دەبەخشرێت بە یەزدان، زۆر جار بەخشینەکە بە تەواوی لە ناودەبردرێت.