عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- سووڕانەوە لە دەشتودەر و چۆڵەوانیدا
- 1
- ئینجا ڕوومان وەرگێڕا و کۆچمان کرد بۆ دەشتودەر لەسەر ڕێگای دەریای سوور، هەروەک یەزدان پێی گوتم، ڕۆژانێکی زۆر بە دەوری ناوچە شاخاوییەکانی سێعیردا سووڕاینەوە.
- 2
- ئینجا یەزدان پێی فەرمووم:
- 3
- «بەسە ئیتر بەدەوری ئەم ناوچە شاخاوییانە مەسووڕێنەوە، بەرەو باکوور ڕووتان وەربگێڕن و
- 4
- فەرمان بە گەل بدە و بڵێ: ”ئێوە خەریکن بە سنووری نەوەی عیسۆی برایانتان تێدەپەڕن کە لە سێعیر نیشتەجێن و لێتان دەترسن، بەڵام زۆر ئاگاداربن،
- 5
- هێرشیان مەکەنە سەر، چونکە شوێن پێیەکتان لە خاکی ئەوان نادەمێ، چونکە ناوچە شاخاوییەکانی سێعیرم بە میرات بە عیسۆ داوە.
- 6
- خۆراکیان بە زیو لێ دەکڕن هەتا بیخۆن و ئاویان بە زیو لێ وەردەگرن هەتا بیخۆنەوە.“»
- 7
- یەزدانی پەروەردگارتان بەرەکەتداری کردوون لە هەموو کارێکی دەستەکانتان، ڕێ و شوێنتان دەزانێت لەم چۆڵەوانییە مەزنە، ئەم چل ساڵە یەزدانی پەروەردگارتان لەگەڵتاندا بووە و لە هیچ شتێکتان کەم نەبووە.
- 8
- ئینجا بەسەر نەوەی عیسۆی برایانمان تێپەڕین کە لە چیای سێعیر نیشتەجێن. ڕێگای عەراڤامان بەجێهێشت کە لە ئێلەت و عەچیۆن گەڤەرەوە دێت، ئینجا سووڕاینەوە و بە ڕێگای چۆڵەوانی مۆئابدا ڕۆیشتین.
- 9
- یەزدان پێی فەرمووم: «مۆئاب هەراسان مەکە و جەنگ لە دژیان بەرپا مەکە، چونکە هیچ بەشێک لە خاکەکەیان بە میرات بە تۆ نادەم، چونکە عارم بە میرات بە نەوەی لوت داوە.»
- 10
- (پێشتر ئێمییەکان[a] تێیدا نیشتەجێ بوون، گەلێکی بەهێز و زۆر بوون، وەک عەناقییەکان باڵا بەرز بوون.
- 11
- وەک عەناقییەکان، ئەوانیش بە ڕفائییەکان ناسراو بوون، بەڵام مۆئابییەکان هەر بە ئێمییەکان بانگیان دەکردن.
- 12
- پێشتر حۆرییەکان لە سێعیر نیشتەجێ بوون، بەڵام نەوەی عیسۆ لەبەردەم خۆیان دەریانپەڕاندن و لەناویانبردن و لە شوێنیان نیشتەجێ بوون، وەک ئەوەی ئیسرائیل کردیان بە خاکی میراتیان کە یەزدان پێیدابوون.)
- 13
- یەزدانیش پێی فەرمووم: «ئێستا هەستن و لە دۆڵی زەرەد بپەڕنەوە،» ئێمەش لە دۆڵی زەرەد پەڕینەوە.
- 14
- لەو کاتەوە کە قادێش بەرنێعمان بەجێهێشت هەتا لە دۆڵی زەرەد پەڕینەوە سی و هەشت ساڵ بوو، هەتا هیچ لەو نەوەیە لە پیاوانی جەنگ لەناو ئۆردوگاکە نەمان، هەروەک یەزدان سوێندی بۆ خواردن،
- 15
- یەزدانیش لە دژیان بوو، بۆ لەناوبردنیان لەناو ئۆردوگاکە هەتا لەناوچوون.
- 16
- جا کاتێک هەموو پیاوانی جەنگ لەنێو گەل بە مردن لەناوچوون،
- 17
- یەزدان پێی فەرمووم:
- 18
- «تۆ ئەمڕۆ تێدەپەڕیت لە عار کە لە سنووری مۆئابە،
- 19
- کاتێک لەلای عەمۆنییەکان نزیک کەوتیتەوە هەراسانیان مەکە و هێرشیان مەکە سەر، چونکە هیچت لە خاکی عەمۆنییەکان بە میرات نادەمێ، چونکە بە میرات بە نەوەی لوتم داوە.»
- 20
- (ئەویش بە خاکی ڕفائییەکان دادەنرێت، پێشتر ڕفائییەکان تێیدا نیشتەجێ بوون، بەڵام عەمۆنییەکان بە زەمزومییەکان ناویان دەبردن،
- 21
- گەلێکی بەهێز و زۆر بوون و وەک عەناقییەکان باڵا بەرز بوون، بەڵام یەزدان لەبەردەم عەمۆنییەکاندا لەناوی بردن، جا دەریانکردن و لە شوێنیان نیشتەجێ بوون.
- 22
- یەزدان وەک ئەوەی بۆ نەوەی عیسۆی کرد کە لە سێعیردا نیشتەجێن، کاتێک حۆرییەکانی لە بەرامبەریان تێکشکاند، جا دەریانکردن و هەتا ئەمڕۆ لە شوێنیان نیشتەجێن.
- 23
- هەروەها عەڤییەکان کە لە گوندەکان نیشتەجێ بوون هەتا غەزە، کەفتۆرییەکان کە لە کەفتۆرەوە[b] هاتبوون لەناویانبردن و لە شوێنیان نیشتەجێ بوون.)
- شکاندنی سیحۆن پاشای حەشبۆن
- 24
- «هەستن، کۆچ بکەن و لە دەربەندی ئەرنۆن بپەڕنەوە. بڕوانە، ئەوا سیحۆنی پاشای حەشبۆنی ئەمۆری و خاکەکەیم بە دەستتانەوە داوە، دەستی بەسەردا بگرن و لە دژی ئەو جەنگ بەرپا بکەن.
- 25
- ئەمڕۆ دەستپێدەکەم، ترس و سامتان دەخەمە بەرچاوی ئەو گەلانەی لەژێر هەموو ئاسمانن، ئەوانە گوێیان لە هەواڵتان دەبێت لێتان دەترسن و لەبەر ئێوە دەلەرزن.»
- 26
- جا نێردراوانم لە چۆڵەوانی قەدێمۆتەوە بۆ لای سیحۆنی پاشای حەشبۆن نارد بە وشەی ئاشتیەوە و گوتم:
- 27
- «ڕێمان بدە بە خاکەکەتدا تێپەڕین و تەنها بە ڕێگای سەرەکیدا دەڕۆین، لانادەین نە بەلای ڕاست و نە بەلای چەپدا،
- 28
- بە زیو خۆراکمان پێ دەفرۆشیت هەتا بیخۆین و بە زیو ئاومان دەدەیتێ هەتا بیخۆینەوە، تەنها بە پێیەکانمان تێدەپەڕین،
- 29
- هەروەک ئەوەی نەوەی عیسۆ کە لە سێعیردا نیشتەجێن و مۆئابییەکان کە لە عاردا نیشتەجێن بۆیان کردووین، هەتا لە ڕووباری ئوردون دەپەڕینەوە بۆ ئەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارمان پێی بەخشیوین.»
- 30
- بەڵام سیحۆنی پاشای حەشبۆن ڕازی نەبوو ڕێگامان بدات پێیدا بڕۆین، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان وای لێکرد کەللەڕەق بێت و دڵی توند کرد تاکو بیداتە دەستتان، هەروەک چۆن ئەمڕۆ بووە.
- 31
- یەزدان پێی فەرمووم: «بڕوانە، ئەوا دەستم پێکرد سیحۆن و خاکەکەی بدەمە دەستت، ئێستا دەستپێبکە و دەست بەسەر خاکەکەیدا بگرە.»
- 32
- کاتێک سیحۆن و هەموو سوپاکەی لە یەهەچ بۆ جەنگ لە دژمان هاتنە دەرەوە،
- 33
- یەزدانی پەروەردگارمان ئەوانی دا بە دەستمان و ئێمەش لێمان دان لەگەڵ کوڕەکانی و هەموو سوپاکەی.
- 34
- لەو کاتەدا هەموو شارۆچکەکانیمان گرت و لە هەموو شارۆچکەیەک پیاو و ژن و منداڵمان بە تەواوی قڕکرد[c] ، نەمانهێشت کەس دەرباز بێت،
- 35
- بەڵام ئاژەڵە ماڵییەکانمان بۆ خۆمان تاڵان کرد و دەستکەوتی شارۆچکەکانمان برد.
- 36
- لە عەرۆعێرەوە کە لەسەر لێواری دەربەندی ئەرنۆنە و ئەو شارۆچکەیەی لە دۆڵەکەیە هەتا گلعاد، هیچ شارێک نەبوو لەپێشمان بوەستێت، یەزدانی پەروەردگارمان هەمووی دا بە دەستمان،
- 37
- بەڵام لە خاکی عەمۆنییەکان نزیک نەکەوتینەوە، هەموو لایەکی دۆڵی یەبۆق و شارۆچکەکانی ناوچە شاخاوییەکە و هەموو ئەوەی یەزدانی پەروەردگارمان فەرمانی پێدا.
- a. 2:10 ئێمییەکان: بڕوانە پەیدابوون 14:5.
- b. 2:23 کەفتۆر: واتا دوورگەی کریت، کە ئەمڕۆ بەشێک لە وڵاتی یۆنان.
- c. 2:34 لە زمانی عیبری ئەم زاراوەیە دەگەڕێتەوە بۆ شتێک یان کەسێک کە دەبەخشرێت بە یەزدان، زۆر جار بەخشینەکە بە تەواوی لە ناودەبردرێت.