عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- خواردنی پاک و گڵاو
- 1
- ئێوە ڕۆڵەی یەزدانی پەروەردگارتانن، لەشی خۆتان بریندار مەکەن و ناوچەوانتان مەتاشن لەبەر مردوو،
- 2
- چونکە ئێوە گەلێکی پیرۆزن بۆ یەزدانی پەروەردگارتان و یەزدانیش ئێوەی هەڵبژارد بۆ ئەوەی ببنە گەنجینەیەکی تایبەت بۆ ئەو لە سەرووی هەموو ئەو گەلانەی لەسەر ڕووی زەویدان.
- 3
- هیچ شتێکی قێزەون مەخۆن.
- 4
- ئەمە ئەو ئاژەڵانەن کە دەیخۆن: گا و مەڕ و بزن،
- 5
- ئاسک، مامز، ئاسکە سوورە، بزنەکێوی، کەڵەکێوی، ئاسکەکێوی و مەڕەکێوی.
- 6
- هەر ئاژەڵێک کە سمی دوو کەرتە و کاوێژ دەکات، ئەوە دەخۆن.
- 7
- بەڵام لەوانەی کاوێژ دەکەن یان سمیان دوو کەرتە، ئەمانە مەخۆن: وشتر و کەروێشک و گۆڕهەڵکەنە، چونکە کاوێژ دەکەن، بەڵام سمیان کەرت نییە، لەبەر ئەوە بۆتان گڵاوە.
- 8
- هەروەها بەرازیش بۆتان گڵاوە، چونکە سمی کەرت کراوە، بەڵام کاوێژ ناکات، لەبەر ئەوە نە گۆشتیان بخۆن و نە دەست لە کەلاکیان[a] بدەن.
- 9
- لە هەموو ئەوانەی لە ئاوەکاندا دەژین، ئەوانە بخۆن کە باڵ و پوولەکەیان هەیە،
- 10
- بەڵام هەموو ئەوەی باڵ و پوولەکەی نەبێت نەیخۆن، بۆ ئێوە گڵاوە.
- 11
- هەموو باڵندەیەکی پاک دەخۆن،
- 12
- بەڵام ئەمانەیان لێ ناخۆن، هەڵۆ و سیسارکە کەچەڵ و داڵاش،
- 13
- واشەی سوور و واشەی ڕەش، هەموو جۆرەکانی شاهین و شمقاڕ،
- 14
- هەموو جۆرەکانی قەلەڕەش،
- 15
- کوندەپەپووی شاخدار و بایەقووش، مەلی دەریا، هەموو جۆرەکانی باز،
- 16
- کوندەپەپووی بچووک و کوندەپەپووی گەورە و کوندەپەپووی سپی و
- 17
- کوندەپەپووی بیابان، واشەی ماسیگر، مەلی ماسیگرە،
- 18
- لەقلەق و هەموو جۆرەکانی شاهۆ و پەپوسڵێمانکە و شەمشەمەکوێرە.
- 19
- هەموو مێرووێکی باڵدار بۆ ئێوە گڵاوە و ناخورێت.
- 20
- هەموو باڵندەیەکی پاک دەخۆن.
- 21
- هیچ ئاژەڵێکی مرداربووەوە مەخۆن، بیدەن بەو نامۆیانەی لە شارۆچکەکانتان دەژیێن، ئەوان دەیخۆن، یان بیفرۆشنە بیانییەکان، چونکە ئێوە گەلێکی پیرۆزن بۆ یەزدانی پەروەردگارتان.
هیچ کاریلەیەک بە شیری دایکی لێمەنێن. - دەیەکەکان
- 22
- هەموو بەروبوومی کشتوکاڵتان کە ساڵ بە ساڵ لە کێڵگەکانتان وەبەردێت، بە تەواوی دەیەکی لێ دەخەنەلاوە.
- 23
- لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان لەو شوێنەی هەڵیدەبژێرێت بۆ ئەوەی ناوی لەوێ بێت، دەیەکی دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتەکەتان و نۆبەرەکانی مانگا و مەڕەکانتان دەخۆن، تاکو فێر بن هەردەم لە یەزدانی پەروەردگارتان بترسن[b] .
- 24
- بەڵام ئەگەر ڕێگاکە بۆتان دوور بوو و یەزدانی پەروەردگارتان بەرەکەتداری کردبوون و نەتانتوانی دەیەکەکەتان بهێنن، چونکە ئەو شوێنەی یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت بۆ ئەوەی ناوی لەوێ بێت لێتان دوور بوو،
- 25
- ئەوا بە زیو بیفرۆشن و زیوەکە بپێچنەوە لە دەستتان و بڕۆن بۆ ئەو شوێنەی یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت.
- 26
- جا زیوەکە خەرج بکەن لە هەموو ئەوەی حەزتان بۆی دەچێت، لە مانگا و مەڕ و شەراب و مەی و هەموو ئەوەی گیانتان لێتان داوا دەکات و لەوێ لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان بیخۆن و ئێوە و ماڵەکانتان دڵخۆش بن.
- 27
- ئەو لێڤییانەش کە لە شارۆچکەکانتانن بەجێیان مەهێڵن، چونکە بەش و میراتیان لەگەڵ ئێوەدا نییە.
- 28
- لە کۆتایی هەر سێ ساڵێکدا هەموو دەیەکی بەروبوومی ئەو ساڵەتان دەربهێنن و لەناو شارۆچکەکانتان دایبنێن،
- 29
- لێڤییەکانیش کە هیچ بەش و میراتیان لەگەڵ ئێوەدا نییە، لەگەڵ ئەو نامۆ و هەتیو و بێوەژنانەی کە لە شارۆچکەکانتانن بێن و بخۆن و تێر ببن، بۆ ئەوەی یەزدانی پەروەردگارتان لە هەموو کردارێکی دەستتان کە دەیکەن بەرەکەتدارتان بکات.