عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- تەنها لە شوێنی هەڵبژێردراو خودا بپەرستن
- 1
- ئەمە ئەو فەرز و یاسایانەیە کە بەجێی دەهێنن هەتا لەو خاکەدا بیکەن کە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان پێیداون هەتا دەستی بەسەردا بگرن بە درێژایی ڕۆژانی ژیانتان لەسەر زەوی.
- 2
- هەموو ئەو شوێنانە بە تەواوی تێکدەدەن، کە تێیدا ئەو نەتەوانەی ئێوە دەریاندەکەن، خوداوەندەکانیان دەپەرست لەسەر چیا سەرکەشەکان و لەسەر گردەکان و لەژێر هەموو دارێکی سەوز،
- 3
- قوربانگاکانیشیان تێکدەدەن، بەردە تەرخانکراوەکانیان دەشکێنن، ستوونە ئەشێراکانیان بە ئاگر دەسووتێنن، پەیکەرەکانی خوداوەندەکانیان دەبڕنەوە و لەو شوێنانەدا ناویان دەسڕنەوە.
- 4
- بەو شێوەیەی ئەوان یەزدانی پەروەردگارتان ناپەرستن،
- 5
- بەڵکو ئەو شوێنەی یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت لەنێو هەموو هۆزەکانتان هەتا ناوی خۆی تێدا دابنێت بۆ نیشتەجێبوونی[a] ، ڕووتان لەو شوێنە دەکەن و بۆ ئەوێ دەچن.
- 6
- بۆ ئەوێ قوربانی سووتاندن و سەربڕاو و دەیەکەکان و بەخشینی بەرزکراوە و نەزر[b] و بەخشینی ئازاد[c] و نۆبەرەی مانگا و مەڕەکانتان پێشکەش دەکەن.
- 7
- لەوێ لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان ئێوە و خێزانەکانتان دەخۆن و دڵخۆش دەبن بە هەموو ئەوانەی دەستتان پێی دەگات، وەک یەزدانی پەروەردگارتان بەرەکەتداری کردن.
- 8
- ئێوە ئاوا مەکەن، وەک ئەوەی ئێمە ئەمڕۆ لێرە دەیکەین، کە هەرکەسە بەو شێوەیەی خۆی دەکات کە ڕاستە لەپێش چاوی،
- 9
- چونکە هێشتا نەچوونەتە ناو شوێنی حەسانەوە و میرات کە یەزدانی پەروەردگارتان دەتانداتێ.
- 10
- بەڵام لە ڕووباری ئوردون دەپەڕنەوە و لەو خاکە نیشتەجێ دەبن کە یەزدانی پەروەردگارتان دەتانداتێ بە میرات و ئێوە دەحەسێنێتەوە لە هەموو دوژمنەکانتان کە لە دەوروبەرتانن و ئینجا بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبن،
- 11
- ئەوا ئەو شوێنەی خوداتان هەڵیدەبژێرێت هەتا ناوی لەوێ بێت، بۆ ئەوێ هەموو ئەو شتانە هەڵدەگرن کە من فەرمانتان پێ دەکەم، قوربانی سووتاندن و سەربڕاو و دەیەکەکان و بەخشینی بەرزکراوە و هەموو هەڵبژێردراوی نەزرەکانتان کە بۆ یەزدانی دەکەن.
- 12
- لەوێ لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان دڵخۆش دەبن، ئێوە و کوڕ و کچ و خزمەتکار و کارەکەرەکانتان، هەروەها ئەو لێڤییانەش کە لە دەروازەی شارۆچکەکانتانن، چونکە نە بەش و نە میراتیان لەگەڵتاندا نییە.
- 13
- ئاگاداربن قوربانی سووتاندنەکانتان پێشکەش مەکەن لە هەر شوێنێک کە دەیبینن،
- 14
- بەڵکو لەو شوێنەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت لە یەکێک لە هۆزەکانتان، لەوێ قوربانی سووتاندنەکانتان پێشکەش دەکەن و لەوێ هەموو ئەوانە دەکەن کە من فەرمانتان پێدەدەم.
- 15
- بەڵام لە هەموو ئەوانەی حەزتان بۆی دەچێت سەردەبڕن و گۆشت دەخۆن لە هەموو شارۆچکەکانتان بەگوێرەی ئەو بەرەکەتەی یەزدانی پەروەردگارتان کە پێیداون، کەسی گڵاو و پاک بەپێی ڕێوڕەسم لێی دەخۆن وەک مامز و ئاسک.
- 16
- بەڵام خوێن ناخۆن، وەک ئاو دەیڕێژنە سەر زەوی.
- 17
- بۆتان نییە لە شارۆچکەکانتاندا دەیەکی دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتەکەتان بخۆن، هەروەها لە نۆبەرەی مانگا و مەڕتان و نە هیچ شتێک لە نەزرەکانتان کە نەزریان دەکەن و لە بەخشینە ئازاد و بەرزکراوەکانتان،
- 18
- بەڵکو لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان دەیخۆن لەو شوێنەی یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت، خۆتان و کوڕ و کچ و خزمەتکار و کارەکەرەکانتان، هەروەها لێڤییەکانی شارۆچکەکانتان، لەبەردەم یەزدانی پەروەردگاریشتان بە هەموو ئەوانەی دەستتان پێی دەگات دڵخۆش دەبن.
- 19
- ئاگاداربن لەوەی لێڤی پشت گوێ بخەن بە درێژایی ڕۆژانی ژیانتان لەسەر خاکەکەتان.
- 20
- کاتێک یەزدانی پەروەردگاری خۆتان سنووری فراوان کردن وەک لەگەڵتاندا دوا و ئێوەش گوتتان «گۆشت دەخۆین،» چونکە حەزتان بۆ گۆشت خواردن چوو، ئەوا چەند حەزتان بۆی دەچێت لە گۆشت دەخۆن.
- 21
- ئەگەر ئەو شوێنەی یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت هەتا ناوی خۆی لێ دابنێت لێتانەوە دوور بوو، ئەوە لەو مانگا و مەڕانەی یەزدان پێتانی داوە سەری ببڕن وەک فەرمانم پێکردن و لە شارۆچکەکانتاندا لە هەموو ئەوانەی حەزتان بۆی چوو بخۆن.
- 22
- وەک چۆن مامز و ئاسک دەخورێت ئاوا دەیخۆن، کەسی گڵاو و پاک بەپێی ڕێوڕەسم وەک یەک لێی دەخۆن،
- 23
- بەڵام ئاگاداربن خوێن نەخۆن، چونکە خوێن ژیانەکەیە، جا ژیانەکە لەگەڵ گۆشتەکە مەخۆن،
- 24
- نایخۆن، وەک ئاو لەسەر زەوی دەیڕێژن،
- 25
- نایخۆن هەتا چاکە بێتە ڕێی خۆتان و منداڵەکانتان لەدوای خۆتان، چونکە ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاستە، ئەوە دەکەن.
- 26
- بەڵام شتە تەرخانکراوەکانتان کە هی ئێوەن و نەزرەکانتان هەڵدەگرن و دەچنە ئەو شوێنەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت،
- 27
- جا قوربانی سووتاندنەکانتان، گۆشتەکە و خوێنەکە لەسەر قوربانگای یەزدانی پەروەردگارتان دەکەن، بەڵام قوربانییە سەربڕدراوەکانتان، خوێنەکەی لەتەنیشتی قوربانگای یەزدانی پەروەردگارتان دەڕژێنرێن و گۆشتەکەش دەخۆن،
- 28
- هۆشیار بن هەموو ئەو وشانەی من فەرمانتان پێدەدەم گوێڕایەڵی بن، هەتا بۆ خۆتان و منداڵەکانتان لەدوای خۆتان چاکە بێتە ڕێتان هەتاهەتایە، کاتێک ئەوەی لەبەرچاوی یەزدانی پەروەردگارتان چاکە و ڕاستە دەیکەن.
- 29
- یەزدانی پەروەردگارتان لەبەردەمتاندا ئەو نەتەوانە لەناو دەبات کە ئێوە خەریکن بۆیان دەچن هەتا دەریانبکەن. بەڵام کاتێک ئێوە دەریاندەکەن و لە خاکەکەیان نیشتەجێ دەبن،
- 30
- دوای ئەوەی لەبەردەمتان لەناودەبردرێن، ئاگاداربن لەوەی نەکەونە داوەوە و سەبارەت بە خوداوەندەکانیان پرسیار مەکەن: «ئەو نەتەوانە چۆن خوداوەندەکانیان دەپەرست؟ ئێمەش ئاوا دەکەین.»
- 31
- بۆ یەزدانی پەروەردگارتان ئاوا مەکەن، چونکە ئەوان هەموو ئەو شتانەی قێزەونە لەلای یەزدان لەوەی ڕقی لێیەتی بۆ خوداوەندەکانیان کردووە، چونکە تەنانەت کوڕان و کچانی خۆشیان بە ئاگر سووتاندووە بۆ خوداوەندەکانیان.
- 32
- هەموو ئەو قسانەی کە فەرمانم پێکردن، ئاگاداربن بیکەن، نە بۆی زیاد بکەن و نە لێی کەم بکەنەوە.
- a. 12:5 هەتا سەردەمی حەزرەتی سلێمان، پەرستگایەک بۆ یەزدان دروستنەکرابوو. بڕوانە یەکەم پوختەی مێژوو 17:5.
- b. 12:6 نەزر: داوا لە خودا دەکرێت بۆ ئەنجامدانی کارێک و پابەند دەکرێت بە مەرجێکەوە. ئەگەر خودا ئەو کارە بکات، ئەوا دەرئەنجام ئەمیش ئەو کارە ئەنجام دەدات کە پێیەوە پابەندی کردووە. بڕوانە سەرژمێری 21:2.
- c. 12:6 بەخشینی ئازاد: بڕوانە دەرچوون 35:29 و 36:3.