عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- نزای دانیال
- 1
- لە ساڵی یەکەمی داریوشی کوڕی ئەحەشوێرۆش[a] لە نەوەی مادەکان کە بووە بە فەرمانڕەوای شانشینی بابلییەکان،
- 2
- لە ساڵی یەکەمی پاشایەتییەکەی ئەو، من کە دانیالم لە نووسراوە پیرۆزەکانەوە[b] بەپێی فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیای پێغەمبەر تێگەیشتم کە ماوەی کاولبوونی ئۆرشەلیم حەفتا ساڵ دەبێت.
- 3
- منیش ڕووم لە خودای پەروەردگار کرد، بە نوێژ و پاڕانەوەوە داوام دەکرد، بە ڕۆژوو و بە پۆشینی جلوبەرگی گوش[c] و بە خۆڵەمێش بەسەرخۆدا کردن.
- 4
- نزام بۆ یەزدانی پەروەردگارم کرد و دانم پێدا نا:
«ئەی پەروەردگار، خودای مەزن و سامناک، ئەی ئەوەی پەیمانی خۆشەویستییەکەت دەبەیتەسەر بۆ ئەوانەی کە تۆیان خۆشدەوێت و فەرمانەکانت بەجێدەگەیەنن، - 5
- گوناهمان کرد و تاوانمان کرد، خراپەمان کرد و یاخی بووین، لە فەرمانەکان و یاساکانی تۆ لاماندا.
- 6
- گوێمان لە بەندە پێغەمبەرەکانت نەگرت، ئەوانەی بە ناوی تۆوە قسەیان بۆ پاشا و میر و باوباپیرانمان و هەموو گەلی خاکەکە کرد.
- 7
- «ئەی پەروەردگار، تۆ ڕاستودروستیت، بەڵام ئەمڕۆ شەرمەزاری لەسەر ڕوخساری ئێمەیە، بۆ پیاوانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم، بۆ هەموو ئیسرائیلە، نزیک و دوورەکان لە هەموو ئەو خاکانەی بۆ ئەوێ دەرتکردووین، لەبەر ئەو ناپاکییەی لەگەڵ تۆدا کردمان.
- 8
- ئەی یەزدان، شەرمەزاری لەسەر ڕوخساری ئێمەیە، لە پاشا و میر و باوباپیرانمان، چونکە دەرهەق بە تۆ گوناهمان کرد.
- 9
- خودای پەروەردگارمان بە بەزەیی و بەخشندەیە، هەرچەندە ئێمە لێی یاخی بووین.
- 10
- گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارمان نەبووین بۆ ئەوەی بە ڕێگای فێرکردنەکانیدا بڕۆین، کە لە ڕێگەی بەندە پێغەمبەرەکانییەوە پێیداین.
- 11
- هەموو ئیسرائیل سەرپێچی فێرکردنەکانی تۆیان کرد، لایاندا و گوێڕایەڵبوونی تۆیان ڕەتکردەوە.
«لەبەر ئەوە ئەو نەفرەت و سوێندەت بەسەرماندا ڕژاند کە لە تەوراتی موسای بەندەی خودا نووسرابوو، چونکە دەرهەق بە تۆ گوناهمان کرد. - 12
- ئەو ئاگادارکردنەوانەت هێنایە دی کە لەسەر ئێمە و ئەو دادوەرانەمان فەرمووبووت کە دادوەرییان بۆمان دەکرد، بۆ ئەوەی بەڵایەکی گەورەمان بەسەردا بهێنیت. لەژێر ئاسماندا شتی وا ڕووینەدابێت، وەک ئەوەی بەسەر ئۆرشەلیم هات.
- 13
- هەروەک ئەوەی لە تەوراتی موسادا نووسرابوو هەموو ئەم بەڵایانە بەسەرماندا هات، بەڵام لە تاوانەکانمان نەگەڕاینەوە و سەرنجمان نەدایە ڕاستییەکەی تۆ، بۆ ئەوەی ڕەزامەندی یەزدانی پەروەردگارمان بەدەستبهێنین.
- 14
- جا یەزدان مکوڕ بوو کە بەڵاکەمان بەسەربهێنێت، چونکە یەزدانی پەروەردگارمان لە هەموو کارەکانی کە کردی ڕاستودروستە، ئێمەش گوێڕایەڵی نەبووین.
- 15
- «ئێستاش ئەی خودای پەروەردگارمان، کە بە دەستێکی بەهێزەوە گەلی خۆتت لە خاکی میسرەوە هێنایە دەرەوە، ناوێکت بۆ خۆت دروستکرد وەک ئەوەی ئەمڕۆ هەیە، ئێمە گوناهمان کرد و خراپەمان کرد.
- 16
- ئەی پەروەردگار، بەپێی هەموو ڕاستودروستییەکەت، تکایە تووڕەیی و هەڵچوونەکەت لەسەر شارەکەت، ئۆرشەلیم، دابمرکێنەوە کە کێوی پیرۆزی خۆتە. بەهۆی گوناهەکانمان و تاوانەکانی باوباپیرانمان ئۆرشەلیم و گەلەکەت لەلای هەموو ئەوانەی لە دەوروبەرمانن ڕیسوا بوون.
- 17
- «ئێستاش ئەی خودای ئێمە، گوێ لە نزاکانی خزمەتکارەکەت و لە پاڕانەوەکەی بگرە. ئەی پەروەردگار، لە پێناوی خۆت ڕووت بەسەر پیرۆزگا کاولەکەتدا بدرەوشێنەوە.
- 18
- ئەی خودای من، گوێت شل بکە و ببیستە، چاوەکانت بکەرەوە و کەلاوەکانمان و ئەو شارە ببینە کە ناوی تۆی هەڵگرتووە. لەبەر ڕاستودروستی خۆمان نییە کە پاڕانەوەکانمان دەخەینە بەردەمت، بەڵکو لەبەر بەزەییە زۆرەکەتە.
- 19
- ئەی پەروەردگار گوێ بگرە! ئەی پەروەردگار لێخۆشبە! ئەی پەروەردگار گوێ شل بکە و دەستبەکار بە! ئەی خودای من، لەبەر خۆت دوای مەخە، چونکە شارەکەت و گەلەکەت ناوی تۆیان هەڵگرتووە.»
- حەفتا هەفتە
- 20
- لەو کاتەدا من قسەم دەکرد و نزام دەکرد، دانم بە گوناهی خۆم و بە گوناهی ئیسرائیلی گەلەکەمدا دەنا و سەبارەت بە کێوە پیرۆزەکەی پاڕانەوەکەم دەخستە بەردەم یەزدانی پەروەردگارم،
- 21
- هێشتا لە نزاکەمدا بووم، جبرائیل، ئەو پیاوەی کە پێشتر لە بینینێکی دیکەدا بۆم ئاشکرا کرابوو، لە کاتی قوربانی ئێوارە بە خێرایی فڕی و هاتە لام.
- 22
- تێیگەیاندم و پێی گوتم: «ئەی دانیال، من ئێستا هاتم بۆ ئەوەی تێتبگەیەنم و بۆت ڕوون بکەمەوە.
- 23
- هەرکە دەستت بە پاڕانەوە کرد، وەڵامێک دەرچوو، منیش هاتووم پێت بڵێم، چونکە تۆ خۆشەویستی. لەبەر ئەوە لە پەیامەکە ڕابمێنە و لە بینینەکە تێبگە.
- 24
- «بڕیار دراوە حەفتا ”هەفتە“[d] بەسەر گەلەکەت و بەسەر شارە پیرۆزەکەتدا بچێت بۆ کۆتایی پێهێنانی یاخیبوون، نەهێشتنی گوناه، کەفارەتی تاوان، هێنانی ڕاستودروستی هەتاهەتایی، تەواوکردنی بینین و پەیامی پێغەمبەر و هەروەها دەستنیشانکردنی هەرەپیرۆز[e] .
- 25
- «جا بزانە و تێبگە کە لە دەرچوونی بڕیارەکە بۆ نوێکردنەوە و بنیادنانەوەی ئۆرشەلیم، هەتا هاتنی پاشای دەستنیشانکراو[f] ، حەوت ”هەفتە“ و شەست و دوو ”هەفتە“ی پێ دەچێت. ئۆرشەلیم بە شەقامەکان و شوورابەندیەوە بنیاد دەنێتەوە، سەرباری ئەوەی کاتەکە تەنگانەیە.
- 26
- پاش شەست و دوو ”هەفتە“ دەستنیشانکراوەکە[g] دەکوژرێت و هیچی نابێت. سوپای پاشایەکی دیکە دێت و شارەکە و پیرۆزگاکە وێران دەکات. کۆتاییەکەی وەک لافاوێک دێت و هەتا کۆتایی جەنگ بەردەوام دەبێت، بڕیاری کاولکردنی دراوە.
- 27
- ئەم فەرمانڕەوایە لە یەک ”هەفتە“دا لەگەڵ زۆردا پەیمانی بەهێز دەبەستێت. لە ناوەڕاستی ئەو ”هەفتەیە“دا کۆتایی بە قوربانی و پێشکەشکراوەکان دەهێنێت، لەسەر لووتکەی پەرستگا قێزەونی وێرانکەر دادەنێت، بۆ ئەوەی سزای حوکمی کۆتایی لەسەر ئەم وێرانکەرەدا بڕژێتەوە.»
- a. 9:1 لە زمانی یۆنانی: کسەرکسیس.
- b. 9:2 بڕوانە یەرمیا 25:11-12.
- c. 9:3 لە کاتی ماتەمگێڕان و تۆبەکردندا جلوبەرگی لە گوش دروستکراویان لەبەرکردووە کە ئەزیەتی پێستیانی داوە.
- d. 9:24 دەشێت مەبەستی لە هەر هەفتەیەک حەوت ساڵ بێت.
- e. 9:24 دەقی عیبری مەبەستی لە شوێن یان کەسە.
- f. 9:25 بە زمانی عیبری پێی دەگوترێ \+tl مەشیخ\+tl* یان \+tl مەشیح\+tl*.
- g. 9:26 بە زمانی عیبری پێی دەگوترێ \+tl مەشیخ\+tl* یان \+tl مەشیح\+tl*.