عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- 1
- دەمەوێ بزانن چ خەباتێک دەکەم بۆ ئێوە و ئەوانەی لە شاری لاودیکییان و هەموو ئەوانەی ڕووبەڕوو منیان نەبینیوە،
- 2
- تاکو ورەیان بەرزبێتەوە و لە خۆشەویستیدا یەکبگرن بۆ ئەوپەڕی دەوڵەمەندی لە تێگەیشتنی تەواو، تاکو نهێنی خودا بناسین، واتا مەسیح،
- 3
- کە لە ئەودا هەموو گەنجینەی دانایی و زانیاری شاردراوەتەوە.
- 4
- ئەمە دەڵێم تاکو کەس بە قسەی لووس چەواشەتان نەکات.
- 5
- هەرچەندە بە جەستە لەلاتان نیم، بەڵام بە ڕۆح لەگەڵتانم، دڵشادم کاتێک ڕێکی و چەسپاوی باوەڕتان بە مەسیح دەبینم.
- تەواوەتی مەسیح
- 6
- ئیتر هەروەک چۆن عیسای مەسیحتان بە پەروەردگاری خۆتان وەرگرتووە، بە یەکبوون لەگەڵ ئەو بەردەوام بن لە ژیان،
- 7
- لە ئەودا ڕەگ دابکوتن و خۆتان بنیاد بنێن. وەک فێربوون چەسپاو بن لە باوەڕدا، هەروەها با دڵتان پڕ لە سوپاسگوزاری بێت.
- 8
- ئاگاداربن کەس بە فەلسەفەی پووچ و هەڵخەڵەتێنەر دیلتان نەکات، کە پشت بە نەریتی خەڵک و بنەما بنەڕەتییەکانی جیهان دەبەستێت، نەک بە مەسیح.
- 9
- خودا بە هەموو پڕیی خۆی لە جەستەی مەسیحدا نیشتەجێیە،
- 10
- ئێوەش بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا پڕ بوون لە خودا. مەسیح سەری هەموو سەرۆکایەتی و دەسەڵاتێکە.
- 11
- هەروەها بە یەکبوونتان لەگەڵ مەسیحدا ئێوە خەتەنەیەک کراون کە بە دەستی مرۆڤ ناکرێت. پێشتر تەواوی سروشتە گوناهبارەکەتان لەلایەن جەستەوە بەڕێوەدەبردرا، بەڵام کاتێک ئێوە لەلایەن مەسیحەوە خەتەنە کران[a] ، سروشتە گوناهبارەکە داماڵرا.
- 12
- لە کاتی لەئاوهەڵکێشانتان لەگەڵ ئەودا نێژران، لەگەڵ ئەویش هەستێنرانەوە بەهۆی باوەڕتان بە توانای خودا، کە لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە.
- 13
- ئێوەش کە بەهۆی گوناه و خەتەنە نەکردنی جەستەتان مردبوون، خودا لەگەڵ مەسیحدا زیندووی کردنەوە. لە هەموو گوناهەکانمان خۆشبوو.
- 14
- ئەو تۆمارە یاساییەی سڕییەوە[b] کە ئێمەی پێ گوناهبار ببووین و لە دژمان بوو، هەڵیگرت و بە خاچەوە بزمارکوتی کرد.
- 15
- سەرۆکەکان و دەسەڵاتدارانی چەککرد و بە ئاشکرا کردنییە پەند و لە خاچدا بەسەریاندا زاڵبوو.
- 16
- بۆیە با کەس لە خواردن و خواردنەوە یان لەبارەی جەژن یان ئاهەنگی دەستپێکی مانگ یان شەممە حوکمتان نەدات.
- 17
- ئەمانە سێبەری داهاتوون، بەڵام ڕاستییەکە لە مەسیحدایە.
- 18
- مەهێڵن ئەوانەی کە حەز دەکەن خۆیان بە درۆ نزم بکەنەوە و فریشتەکان بپەرستن لە خەڵاتەکە بێبەشتان بکەن. ئەو جۆرە کەسانە زۆر بە وردی باسی ئەو شتانە دەکەن کە بینیویانە، لەخۆبایی بوون بەو بیرۆکە پووچە دنیاییانەی کە لە مێشکیاندایە.
- 19
- ئەم جۆرە کەسانە دەست بە مەسیحەوە ناگرن، ئەوەی کە سەری تەواوی جەستەیە و بەهۆیەوە هەموو جەستەکە هێز وەردەگرێت، لە ڕێگەی جومگە و بەستەرەکانەوە بە یەکتر بەستراونەتەوە، بەو شێوەیەی کە خودا دەیەوێت گەشە دەکات.
- 20
- لە کاتێکدا ئێوە سەبارەت بە بنەماکانی جیهان لەگەڵ مەسیحدا مردن، ئیتر بۆچی وەک ئەوەی لە جیهاندا بژین، ملکەچی ئەم ئەرکانە دەبن:
- 21
- «مەیگرە! تامی مەکە! دەستی لێ مەدە!»؟
- 22
- ئەمانە هەموویان ئەرکی تایبەتن بەو شتانەی کە لەناودەچن، تەنها چەند یاسا و فێرکردنێکن کە خەڵک دایناون.
- 23
- بە ڕواڵەت شێوەی داناییان هەیە، لە پەرستنی هەڵبەستراو[c] و خۆدەرخستن بە بێفیزی و توندوتیژی جەستە، بەڵام ئەوانە لە دامرکاندنەوەی هەوەسەکانی جەستە کاریگەرییان نییە.
- a. 2:11 مەبەست خەتەنەکردنی دڵ بە ڕۆحی مەسیح. بڕوانە ڕۆما 2:29.
- b. 2:14 تۆماری قەرزەکانی ئێمە کە گوناهەکانمانە.
- c. 2:23 مەبەستی لەوەیە کە مرۆڤ خۆی ئایینی بۆ خۆی دروستکردووە و بەسەر خۆیدا دەیسەپێنێ.