عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- سەبەتەیەک میوەی گەییو
- 1
- یەزدانی باڵادەست ئاوای پیشان دام، سەبەتەیەک میوەی گەییو.
- 2
- جا فەرمووی: «ئەی ئامۆس، چی دەبینیت؟»
منیش گوتم: «سەبەتەیەک میوەی گەییو.»
ئینجا یەزدان پێی فەرمووم: «ئیسرائیلی گەلی من گەیشتە کۆتایی. پاش ئەمە چیتر دەستی لێ ناپارێزم! - 3
- «لەو ڕۆژەدا گۆرانییەکانی پەرستگا دەبن بە ناڵین، تەرمەکان زۆرن و لە هەموو شوێنێکدا فڕێدراون، سەراپا کپە!» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
- 4
- ئەی ئەوانەی هەناسەبڕکێتانە بەدوای نەدارانەوە،
هەتا کۆتایی بە هەژارانی زەوی بهێنن،
گوێتان لەمە بێت: - 5
- ئێوە دەڵێن،
«کەی جەژنی سەرەمانگ بەسەردەچێت
تاکو ئێمە دانەوێڵە بفرۆشین،
کەی ڕۆژی شەممە تەواو دەبێت،
تاکو گەنم بخەینە بازاڕەوە؟»
بۆ ئەوەی پێوانە کەم بکەنەوە و
نرخ زیاد بکەن و
فێڵ لە تەرازوو بکەن، - 6
- بۆ ئەوەی هەژاران بە زیو بکڕن و
نەداران بە جووتێک پێڵاو و
بن بێژنگی گەنم بفرۆشن. - 7
- یەزدان سوێندی بە شانازی یاقوب خوارد: «هەتاهەتایە کردەوەکانیان لەیاد ناکەم.
- 8
- «ئایا لەبەر ئەمە زەوی نالەرزێت و
هەموو دانیشتووانەکەی شیوەن ناگێڕن؟
هەموو خاکەکە وەک ڕووباری نیل هەڵدەکشێت،
وەک ڕووباری میسر هەڵدەکشێت و دادەکشێتەوە.» - 9
- یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت:
«جا لە نیوەڕۆی ئەو ڕۆژەدا خۆر ئاوا دەکەم و
لە ڕۆژی ڕووناکدا زەوی تاریک دەکەم. - 10
- جەژنەکانتان دەگۆڕم بە شیوەن و
هەموو گۆرانییەکانتان بە لاوانەوە.
جلوبەرگی گوش[a] دەکەمە بەر هەمووتان و
قژ بەسەرتانەوە ناهێڵم.
دەیکەم بە شیوەنی تاقانە و
کۆتاییەکەشی وەک ڕۆژێکی تاڵ.» - 11
- یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: «سەردەمێک دێت،
قاتوقڕی دەنێرمە سەر خاکەکە،
نەک قاتوقڕی بۆ نان و تینووێتی بۆ ئاو،
بەڵکو بۆ گوێگرتن لە وشەکانی یەزدان. - 12
- جا لە دەریایەکەوە بۆ دەریایەک و
لە باکوورەوە بۆ ڕۆژهەڵات وێڵ دەبن،
بەدوای پەیامی یەزداندا دەگەڕێن،
بەڵام نایدۆزنەوە. - 13
- لەو ڕۆژەدا پاکیزە جوانەکان و کوڕە لاوەکان
لە تینووێتیدا دەبوورێنەوە. - 14
- ئەوانەی سوێند بە تاوانی سامیرە دەخۆن و
دەڵێن: ”ئەی دان، سوێند بە خوداوەندەکەت کە زیندووە…“ و
”سوێند بە خوداوەندی بیری شابەع کە زیندووە…“
جا دەکەون و
ئیتر هەڵناستنەوە.»
- a. 8:10 لە کاتی ماتەمگێڕان و تۆبەکردندا جلوبەرگی لە گوش دروستکراویان لەبەرکردووە کە ئەزیەتی پێستیانی داوە.