عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- دەربازکردنی پەترۆس
- 1
- لەو کاتەدا هێرۆدسی پاشا[a] دەستی کرد بە چەوساندنەوەی چەند کەسێکی کڵێسا.
- 2
- هەروەها یاقوبی برای یۆحەنای بە شمشێر کوشت.
- 3
- کە بینی ئەمە جێی ڕەزامەندی جولەکەیە، پەترۆسیشی گرت، ئەمەش لە ڕۆژانی جەژنی فەتیرەدا بوو.
- 4
- کاتێک هێرۆدس پەترۆسی گرت، خستییە زیندانەوە، بۆ ئەوەی پاسەوانی لێ بکرێت دایە دەست چوار کۆمەڵی چوار سەربازی، دەیویست دوای جەژنی پەسخە بیهێنێتە بەردەم گەل.
- 5
- بۆیە کاتێک پەترۆس زیندانی کرابوو، کڵێسا بە گوڕ لە پێناوی ئەو نوێژیان بۆ خودا دەکرد.
- 6
- شەوی پێش ئەو ڕۆژەی کە هێرۆدس بەتەمابوو پەترۆس بهێنێتە دەرەوە و دادگایی بکات، پەترۆس لەنێوان دوو سەربازدا نوستبوو، بە دوو زنجیر بەسترابووەوە، لە بەردەرگاش پاسەوان هەبوو، کە پاسەوانی زیندانەکەیان دەکرد.
- 7
- لەپڕ فریشتەیەکی یەزدان دەرکەوت و ڕووناکییەک لەناو ژوورەکە درەوشایەوە، جا کەلەکەی پەترۆسی جوڵاند و خەبەری کردەوە و گوتی: «خێرا هەستە!» ئیتر زنجیرەکان لە دەستەکانی کەوتن.
- 8
- فریشتەکە پێی گوت: «پشتێنەکەت ببەستە و پێڵاوەکانت لە پێ بکە!» ئەویش کردی. ئینجا پێی گوت: «سەرکراسەکەت لەبەر بکە و دوام بکەوە.»
- 9
- پەترۆسیش دوای کەوت و لە بەندیخانە چووە دەرەوە، نەیدەزانی ئەوەی لە ڕێگەی فریشتەکەوە ڕوودەدات ڕاستە، بەڵکو وایدەزانی بینینێکی بۆ ئاشکرا کراوە.
- 10
- پاسەوانی یەکەم و دووەمیان بڕی و گەیشتنە دەروازە ئاسنینەکەی بەرەو شار، لە خۆیەوە بۆیان کرایەوە، تێپەڕین و شەقامێکیان بڕی، لەناکاو فریشتەکە بەجێی هێشت.
- 11
- ئینجا پەترۆس بەخۆیدا هاتەوە و گوتی: «ئێستا بەڕاستی زانیم کە یەزدان فریشتەکەی نارد و لە دەستی هێرۆدس و هەموو ئەوەی گەلی جولەکە چاوەڕێی بوو دەربازی کردم.»
- 12
- هەرکە بە تەواوی زانی چی ڕوویداوە، ڕۆیشت بۆ ماڵی مریەمی دایکی یۆحەنا کە پێی دەگوترا مەرقۆس، لەوێ خەڵکێکی زۆر کۆببوونەوە و نوێژیان دەکرد.
- 13
- کە پەترۆس لە دەرگای داڵانەکەی دا، کارەکەرێک کە ناوی ڕودا بوو، هات بۆ ئەوەی بزانێت کێیە.
- 14
- کاتێک دەنگی پەترۆسی ناسییەوە، بێ کردنەوەی دەرگاکە لە خۆشییاندا ڕایکردە ژوورەوە و خەبەری دا کە پەترۆس لە بەردەرگا ڕاوەستاوە.
- 15
- پێیان گوت: «وڕێنە دەکەیت.» بەڵام ئەو لەسەر قسەکەی سووربوو، گوتیان: «ئەوە فریشتەکەیەتی!»
- 16
- بەڵام پەترۆس لە لێدانەکە بەردەوام بوو، کاتێک لێیان کردەوە و بینییان، سەرسام بوون.
- 17
- بە دەست ئیشارەتی بۆ کردن بێدەنگ بن، ئینجا بۆی گێڕانەوە چۆن یەزدان لە زیندان دەریهێنا، پێی گوتن: «ئەمە بە یاقوب[b] و خوشک و برایان بڵێن.» ئینجا چووە دەرەوە و بۆ شوێنێکی دیکە ڕۆیشت.
- 18
- کە ڕۆژبووەوە ئاژاوەیەکی گەورە لەنێو سەربازەکاندا دروستبوو لەسەر ئەوەی ئاخۆ پەترۆس چی لێهات.
- 19
- کاتێک هێرۆدس داوای کرد و نەیدۆزییەوە، لێکۆڵینەوەی لەگەڵ سەربازان کرد و فەرمانی دا بکوژرێن.
ئینجا هێرۆدس لە یەهودیاوە چوو بۆ قەیسەرییە و لەوێ مایەوە. - مردنی هێرۆدسی ئەگریپاس
- 20
- هێرۆدس لە خەڵکی سور و سەیدا زۆر تووڕە بوو، ئەوانیش بە یەک دڵ بۆ لای هاتن و بلاستۆسی سەرپەرشتیاری ماڵی پاشایان ڕازی کرد و داوای ئاشتبوونەوەیان کرد، چونکە ناوچەکەیان لە ناوچەی پاشاوە ئازووقەی بۆ دەهات.
- 21
- لە ڕۆژی دیاریکراودا هێرۆدس جلی پاشایەتیی لەبەرکرد، لەسەر کورسی حوکمدان دانیشت و وتاری بۆیان دا.
- 22
- خەڵکەکەش هاواریان کرد: «ئەمە دەنگی خوداوەندێکە هی مرۆڤ نییە!»
- 23
- دەستبەجێ فریشتەیەکی یەزدان لێیدا، چونکە شکۆی نەدایە خودا، کرمیش لێیدا و مرد.
- 24
- بەڵام پەیامی خودا بەردەوام لە پەرەسەندن و گەشەکردندا بوو.
- 25
- بەرناباس و شاولیش دوای تەواوکردنی خزمەتەکە لە ئۆرشەلیم گەڕانەوە، یۆحەناشیان لەگەڵ خۆیان برد، کە بە مەرقۆس ناسراوبوو.
- a. 12:1 مەبەستی لە هێرۆدس ئەگریپاسە کە لە 41 بۆ 44 ز. فەرمانڕەوای فەلەستین بوو.
- b. 12:17 برای مەسیح. بڕوانە گەلاتیا 1:19.