عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- ڕوونکردنەوەی پەترۆس
- 1
- نێردراوان و باوەڕداران کە لە یەهودیا بوون بیستیان کە ناجولەکەکانیش پەیامی خودایان وەرگرتووە.
- 2
- کاتێک پەترۆس گەڕایەوە ئۆرشەلیم باوەڕدارانی خەتەنەکراو ڕەخنەیان لێ گرت و
- 3
- دەیانگوت: «تۆ چوویتە ماڵی خەڵکێکی خەتەنەنەکراو و نانت لەگەڵیان خواردووە!»
- 4
- جا پەترۆس یەک لەدوای یەک دەستی کرد بە ڕوونکردنەوەی ئەوانەی کە ڕوویدابوو و گوتی:
- 5
- «لە شاری یافا بووم نوێژم دەکرد، لەهۆش خۆم چووم و بینینێکم بۆ ئاشکرا کرا، شتێک لە ئاسمانەوە وەک چەرچەفێکی گەورە بە هەر چوار لایەوە بۆ لای من شۆڕکرایەوە.
- 6
- سەیرم کرد و لێی وردبوومەوە، چوارپێی زەوی و ئاژەڵی کێوی، خشۆک و باڵندەی ئاسمانم بینی.
- 7
- ئینجا گوێم لە دەنگێک بوو پێی فەرمووم: ”پەترۆس هەستە، سەربڕە و بخۆ!“
- 8
- «بەڵام گوتم: ”نەخێر، ئەی پەروەردگار، چونکە هەرگیز گڵاو یان حەرام نەچووەتە دەمم.“
- 9
- «دەنگەکە دووبارە لە ئاسمانەوە فەرمووی: ”ئەوەی خودا پاکی کردووەتەوە تۆ بە گڵاوی دامەنێ.“
- 10
- ئەمە سێبارە بووەوە و هەموو شتەکان بۆ ئاسمان ڕاکێشرانەوە.
- 11
- «ئەوە بوو یەکسەر سێ پیاو لەپێش ئەو ماڵە ڕاوەستان کە ئێمەی لێبوو، لە قەیسەرییەوە بۆ لام نێردرابوون،
- 12
- ڕۆحی پیرۆز پێی فەرمووم کە بێ دوودڵی لەگەڵیان بڕۆم، ئەم شەش برایەش لەگەڵم هاتن و چووینە ماڵی پیاوەکە.
- 13
- ئەویش بۆی گێڕاینەوە چۆن فریشتەی لە ماڵەکەیدا بینیوە ڕاوەستاوە و گوتوویەتی: ”بنێرە بۆ یافا بەدوای شیمۆندا کە نازناوی پەترۆسە،
- 14
- ئەو پەیامێکتان دەداتێ بەهۆیەوە خۆت و هەموو ماڵەکەت ڕزگارتان دەبێت.“
- 15
- «کاتێک دەستم بە قسە کرد، ڕۆحی پیرۆزیان بەسەردا ڕژا، وەک لە سەرەتادا هاتە سەر ئێمەش.
- 16
- قسەکەی عیسای خاوەن شکۆم بەبیر هاتەوە کە فەرمووی: ”یەحیا خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا، بەڵام ئێوە لە ڕۆحی پیرۆز هەڵدەکێشرێن.“
- 17
- جا ئەگەر خودا هەمان دیاریی بەوان دابێت هەروەک بە ئێمەی داوە کە باوەڕمان بە عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ هێنا، ئیتر من کێم بتوانم ڕێگا لە خودا بگرم؟»
- 18
- کاتێک گوێیان لەمە بوو، بێدەنگ بوون و ستایشی خودایان کرد و گوتیان: «کەواتە خودا تۆبەکردنی تەنانەت بە ناجولەکەکانیش بەخشیوە بۆ ئەوەی ژیانی هەتاهەتاییان هەبێت.»
- کڵێسای ئەنتاکیا
- 19
- ئینجا ئەو کەسانەی بەهۆی ئەو چەوسانەوەیەی بەسەر ستیفانۆسدا هات پەرشوبڵاو ببوونەوە، پەڕینەوە بۆ فینیکیا و قوبرس و ئەنتاکیا، باسی پەیامی خودایان بۆ کەس نەدەکرد، بۆ جولەکە نەبێت.
- 20
- بەڵام هەندێکیان خەڵکی قوبرس و کورێن[a] بوون، کاتێک هاتنە ئەنتاکیا، قسەیان بۆ یۆنانییەکان دەکرد و مزگێنیی عیسای خاوەن شکۆیان دەدا.
- 21
- یەزدان پشتگیری کردن، ژمارەیەکی زۆر باوەڕیان هێنا و بۆ عیسای خاوەن شکۆ گەڕانەوە.
- 22
- ئەم هەواڵە گەیشتە کڵێسای ئۆرشەلیم، ئەوانیش بەرناباسیان بۆ ئەنتاکیا نارد.
- 23
- کاتێک گەیشت و نیعمەتی خودای بینی، دڵشاد بوو، هەمووانی هاندا بە هەموو دڵیانەوە لەگەڵ مەسیحی خاوەن شکۆ بمێننەوە،
- 24
- چونکە پیاوچاک بوو، پڕبوو لە ڕۆحی پیرۆز و باوەڕ. خەڵکێکی زۆریش هاتنە پاڵ مەسیحی خاوەن شکۆ.
- 25
- ئەوسا چوو بۆ تەرسۆس تاکو بەدوای شاولدا بگەڕێت،
- 26
- کاتێک دۆزییەوە بۆ ئەنتاکیای هێنا. ئیتر ساڵێکی تەواو لە کڵێسا کۆبوونەوە و خەڵکێکی زۆریان فێرکرد. یەکەم جاریش لە ئەنتاکیا قوتابییەکان ناویان لێنرا مەسیحی[b] .
- 27
- لەو ڕۆژانەدا هەندێک پێغەمبەر لە ئۆرشەلیمەوە هاتنە ئەنتاکیا،
- 28
- یەکێک لەوان ناوی ئاگابۆس بوو، هەستا و لە ڕێگەی ڕۆحی پیرۆزەوە پێشبینیی کرد کە قاتوقڕییەکی گەورە هەموو جیهان دەگرێتەوە، ئەوەی لە سەردەمی کلودیۆسیش ڕوویدا.
- 29
- بۆیە قوتابییەکان بڕیاریان دا هەریەکە بەگوێرەی توانای خۆی یارمەتی بنێرێت بۆ ئەو خوشک و برایانەی لە یەهودیا دەژین.
- 30
- ئینجا ئەمەیان کرد و لە ڕێگەی بەرناباس و شاولەوە یارمەتییەکەیان بۆ پیرانی یەهودیا نارد.