عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- 1
- لە سەردەمی پاشایەتیی یەهۆیاقیم نەبوخودنەسری پاشای بابل هێرشی کردە سەری، یەهۆیاقیم سێ ساڵ ملکەچی بوو، بەڵام پاشان هەڵگەڕایەوە و لێی یاخی بوو.
- 2
- جا یەزدان چەتەکانی بابلی و ئارامی و مۆئابی و عەمۆنییەکانی ناردە سەری، ئەوانی ناردە سەر یەهودا تاکو بەپێی ئەو وشەیەی یەزدان کە لەسەر دەستی بەندە پێغەمبەرەکانی فەرمووبووی لەناوی ببەن.
- 3
- بێگومان ئەوەش بەپێی فەرمانی یەزدان بوو لەسەر یەهودا، بۆ ئەوەی بەهۆی گوناهەکانی مەنەشەوە لەبەردەمی خۆی لایانببات، بەهۆی هەموو ئەوەی کردی.
- 4
- هەروەها بەهۆی ئەو خوێنە بێتاوانەی کە ڕشتی و ئۆرشەلیمیشی پڕکرد لە خوێنی بێتاوان، ئینجا یەزدان نەیویست بیبەخشێت.
- 5
- ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یەهۆیاقیم و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون.
- 6
- یەهۆیاقیم لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە، ئیتر یەهۆیاکینی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
- 7
- پاشای میسریش جارێکی دیکە لە خاکەکەی خۆی دەرنەچوو، چونکە پاشای بابل لە دۆڵی میسرەوە هەتا ڕووباری فوراتی داگیر کردبوو، هەموو ئەو خاکەی کە هی پاشای میسر بوو.
- پاشایەتی یەهۆیاکین
- 8
- یەهۆیاکین گەنجێکی هەژدە ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، سێ مانگ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، دایکیشی ناوی نەحوشتای کچی ئەلناتان بوو، خەڵکی ئۆرشەلیم بوو.
- 9
- ئەمیش لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، هەروەک هەموو ئەوەی باوکی کردبووی.
- 10
- لەو کاتەدا ئەفسەرەکانی نەبوخودنەسری پاشای بابل چوونە سەر ئۆرشەلیم و شارەکەیان گەمارۆ دا.
- 11
- ئینجا نەبوخودنەسری پاشای بابل خۆی هاتە سەر شارەکە، لە کاتێکدا ئەفسەرەکانی گەمارۆیان دابوو.
- 12
- یەهۆیاکینی پاشای یەهودا لەگەڵ دایکی و خزمەتکارەکانی و میرەکانی و کاربەدەستانی خۆیان ڕادەستی پاشای بابل کرد.
لە ساڵی هەشتەمی پاشایەتی نەبوخودنەسر پاشای بابل، یەهۆیاکینی دەستگیر کرد. - 13
- پاشان نەبوخودنەسر هەموو گەنجینەکانی پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشای بەتاڵ کرد، هەموو ئەو قاپوقاچاغە زێڕینانەشی برد کە سلێمانی پاشای ئیسرائیل لە پەرستگای یەزدان دروستی کردبوون، هەروەک یەزدان فەرمووی.
- 14
- هەموو ئۆرشەلیم، بگرە هەموو ئەفسەر و جەنگاوەر و پیشەوەر و ئاسنگەرەکانی ڕاپێچ کرد، کە دە هەزار ڕاپێچکراو بوون. کەس نەمایەوە جگە لە ڕەشوڕووتەکانی گەلی خاکەکە.
- 15
- نەبوخودنەسر یەهۆیاکینیشی ڕاپێچی بابل کرد، لەگەڵ دایکی پاشا و ژنەکانی پاشا و کاربەدەستەکانی و ڕابەرانی خاکەکە، لە ئۆرشەلیم بە دیلی گرتن و بۆ بابل ڕاپێچی کردن.
- 16
- هەروەها پاشای بابل هەموو جەنگاوەرە توانادارەکانی دەستگیر کرد کە ژمارەیان حەوت هەزار بوو، هەروەها پیشەوەر و زێڕنگەرە شارەزاکانیش هەزار کەس بوون، هەموو پاڵەوانەکانی جەنگی ڕاپێچی بابل کرد.
- 17
- پاشای بابل مەتەنیای مامی یەهۆیاکینی لە جێیەکەی کردە پاشا و ناوەکەشی گۆڕی بۆ سدقیا.
- پاشایەتی سدقیا
- 18
- سدقیا گەنجێکی بیست و یەک ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، یازدە ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. دایکی ناوی حەموتەلی کچی یەرمیای خەڵکی لیڤنا بوو.
- 19
- ئەمیش لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، وەک هەموو ئەوەی یەهۆیاقیم کردی.
- 20
- لەبەر تووڕەیی یەزدان بوو کە ئەمانە لە ئۆرشەلیم و لە یەهودا ڕوویدا، هەتا ئەوەی لەبەردەم خۆیدا دەریکردن.
ئەوە بوو سدقیا لە پاشای بابل یاخی بوو.