عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- نەخۆشکەوتنی حەزقیا
- 1
- لەو ڕۆژانەی[a] حەزقیا نەخۆش کەوت، لە سەرە مەرگ بوو، ئیشایا پێغەمبەر کوڕی ئامۆچ هات بۆ لای و پێی گوت: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: وەسیەت بۆ ماڵەکەت بکە، چونکە دەمریت و ناژیت.»
- 2
- حەزقیا ڕووی لە دیوارەکە کرد و نوێژی بۆ یەزدان کرد و گوتی:
- 3
- «ئای یەزدان، ئەوەت لەیاد بێت کە چۆن بە دڵسۆزی و پڕ بە دڵ دۆستایەتیم کردیت، ئەوەی پێت باش بوو کردم.» ئینجا حەزقیا بەکوڵ گریا.
- 4
- بەر لەوەی ئیشایا هەیوانی کۆشکەکە بەجێبهێڵێت، فەرمایشتی یەزدانی بۆ هات، فەرمووی:
- 5
- «بگەڕێوە و بە حەزقیای فەرمانڕەوای گەلەکەم بڵێ: ”یەزدان، پەروەردگاری داودی باپیرە گەورەت ئەمە دەفەرموێت: گوێم لە پاڕانەوەکەت بوو و فرمێسکەکانتم بینی، ئێستا چاکت دەکەمەوە و لە ڕۆژی سێیەم دەچیتە پەرستگای یەزدان.
- 6
- پازدە ساڵ لە تەمەنت زیاد دەکەم و لە دەستی پاشای ئاشور فریای خۆت و ئەم شارەش دەکەوم، لە پێناوی خۆم و لە پێناوی داودی بەندەم بەرگری لەم شارە دەکەم.“»
- 7
- ئینجا ئیشایا گوتی: «نیوەلمەکێک[b] لە هەنجیر دروستبکەن.» ئەوانیش هێنایان و خستیانە سەر دومەڵەکە و چاک بووەوە.
- 8
- حەزقیا لە ئیشایای پرسی بوو: «ئەو نیشانەیە چییە کە یەزدان چاکم دەکاتەوە و لە ڕۆژی سێیەم دەچمە پەرستگای یەزدان؟»
- 9
- ئیشایا وەڵامی دایەوە: «یەزدان ئەو شتە دەکات کە پێشتر بەڵێنی پێدابووی. ئەمە لەلایەن یەزدانەوە نیشانەیە بۆت: ئایا دەتەوێ سێبەر دە پلە بچێتە پێش یان دە پلە بگەڕێتەوە دواوە؟»[c]
- 10
- حەزقیاش گوتی: «بۆ سێبەر ئاسانە دە پلە بچێتە پێش. کەواتە وا بکە دە پلە بگەڕێتەوە دواوە.»
- 11
- ئینجا ئیشایای پێغەمبەر نزای بۆ یەزدان کرد و ئەویش دە پلە سێبەری گەڕاندەوە دواوە، بەپێی پلەبەندییەکەی ئاحاز پێی هاتە خوارەوە.
- نێردراوانی بابل
- 12
- لەو کاتەدا مەرۆدەخ بەلەدانی کوڕی بەلەدانی پاشای بابل نامە و دیاری بۆ حەزقیا نارد، چونکە بیستی کە حەزقیا نەخۆش کەوتووە.
- 13
- حەزقیا پێشوازی لێکردن و هەموو ماڵ و سامانەکەی پیشان دان، لە زێڕ و زیو و بۆن و زەیتی چاک و جبەخانەکەی و هەموو ئەو شتانەی کە لە گەنجینەکانی بوون. هیچ شتێک لە کۆشکەکەی و لە شانشینەکەی نەمایەوە کە حەزقیا پیشانیان نەدات.
- 14
- ئینجا ئیشایا پێغەمبەر هاتە لای حەزقیای پاشا و لێی پرسی: «ئەو پیاوانە چییان گوت و لەکوێوە هاتوونەتە لات؟»
حەزقیاش وەڵامی دایەوە: «لە خاکێکی دوورەوە، لە بابلەوە هاتوون.» - 15
- ئیشایا لێی پرسی: «چییان لە کۆشکەکەت بینی؟»
حەزقیاش وەڵامی دایەوە: «هەموو شتەکانی ناو کۆشکەکەمیان بینی، لە گەنجینەکانم هیچ نەمایەوە کە پیشانیان نەدەم.» - 16
- ئینجا ئیشایا بە حەزقیای گوت: «گوێ لە پەیامی یەزدان بگرە،
- 17
- یەزدان دەفەرموێت: بێگومان سەردەمێک دێت هەموو ئەوەی لە کۆشکەکەتدایە و هەموو ئەوەی باوباپیرانت هەتا ئەمڕۆ پاشەکەوتیان کردووە بۆ بابل بار دەکرێن، هیچ شتێک بەجێناهێڵدرێت.
- 18
- لە نەوەکانیشت، ئەوانەی لە تۆ دەبن، ئەوانەی بۆت لەدایک دەبن، لێیان دەبردرێت و لە کۆشکی پاشای بابل دەبنە کاربەدەستی خەسێنراو.»
- 19
- حەزقیا وەڵامی ئیشایای دایەوە و گوتی: «ئەو پەیامەی یەزدان کە بە منت دا، پەیامێکی باشە،» چونکە لەبیری خۆیدا گوتی: «ئایا ئاشتی و ئاسوودەیی لە ماوەی پاشایەتی خۆمدا نابێت؟»
- 20
- ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی حەزقیا، هەموو دەستکەوتەکانی و چۆن گۆمەکە و جۆگەکەی[d] دروستکرد و ئاوی هێنایە ناو شارەکەوە لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون.
- 21
- حەزقیا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە، ئیتر مەنەشەی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
- a. 20:1 ڕووداوەکانی بەشی بیست لەپێش ڕووداوەکانی بەشەکانی 19–20 ڕوویانداوە.
- b. 20:7 نیوەنمەک.
- c. 20:9 پلەبەندییەک ڕێکخراوە بۆ زانینی کات بەگوێرەی خۆر.
- d. 20:20 کەناڵێکی ئاوگواستنەوەی بە درێژایی 520 مەتر لە بەرد لەژێر زەوی دروستکردووە. سەرچاوەی ئاوەکەی لە کانی گیحۆن بووە لە دەرەوەی شوورای شاری ئۆرشەلیم، ئاوەکەی بۆ گۆمی سیلوام ڕاکێشاوە.