عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- عەتەلیا و یۆئاش
- 1
- کاتێک عەتەلیای دایکی ئەحەزیاش کە بینی کوڕەکەی مردووە، هەستا و هەموو ڕەچەڵەکی شاهانەی لەناوبرد.
- 2
- بەڵام یەهۆشەڤەعی کچی یەهۆرام پاشا و خوشکی ئەحەزیا، یۆئاشی کوڕی ئەحەزیای برد و ڕفاندی پێش کوشتنی شازادەکان. ئەو و دایەنەکەی لە ژووری نوستن دانا بۆ ئەوەی لە عەتەلیا بیشارێتەوە، جا یۆئاش نەکوژرا.
- 3
- ماوەی شەش ساڵ لەگەڵ دایەنەکە بە نهێنی لە پەرستگای یەزدان بوو، لە کاتێکدا عەتەلیا فەرمانڕەوای خاکەکە بوو.
- 4
- لە ساڵی حەوتەم یەهۆیاداع ناردی بەدوای فەرماندەی یەکەی سەدان، پاسەوانەکان و پاسەوانە تایبەتەکان، هێنانی بۆ لای خۆی لە پەرستگای یەزدان، پەیمانێکی لەگەڵدا بەستن، لە پەرستگای یەزدان سوێندی دان و کوڕەکەی پاشای پیشان دان.
- 5
- ئینجا فەرمانی پێ کردن و گوتی: «ئەمە ئەو کارەیە کە ئێوە دەیکەن، ئێوە کە بە سێ تیپ لە ڕۆژی شەممە دەست بە پاسەوانی دەکەن، سێیەکتان لە کۆشکی شاهانە،
- 6
- سێیەکیش لە دەروازەی سوڕ و سێیەکیش لە دەروازەکەی پشت پاسەوانە تایبەتەکان، کە بە نۆرە پاسەوانی پەرستگاکە دەکەن.
- 7
- ئێوەش کە لەناو ئەو دوو تیپەی دیکە کە بە ئاسایی لە ڕۆژی شەممە ئەرکی پاسەوانیێتییان لە ئەستۆ نییە، پێویستە هەر هەمووتان لە پێناوی پاشا پاسەوانیێتی پەرستگای یەزدان بکەن.
- 8
- چواردەوری پاشا بگرن، هەرکەسە و چەکەکەی لە دەست بێت، ئەوەی بێتە ناو ڕیزەکانتانەوە دەکوژرێت. لەگەڵ پاشا بن بۆ هەرکوێیەک بچێت.»
- 9
- فەرماندەکانی یەکەی سەدانیش ئەوەیان کرد کە یەهۆیاداعی کاهین فەرمانی پێ کردن. هەر یەکێک پیاوەکانی خۆی برد و هاتنە لای یەهۆیاداعی کاهین، ئەوانەی لە ڕۆژی شەممە لەسەر ئەرکەکانیانن و ئەوانەش کە لەسەر ئەرک نین.
- 10
- کاهینەکەش ڕم و قەڵغانەکانی داودی پاشا کە لە پەرستگای یەزدان بوون دایە فەرماندەی یەکەی سەدان.
- 11
- پاسەوانە تایبەتەکان هەریەکە چەک بە دەست لە دەوری پاشا ڕاوەستان، لە نزیک قوربانگا و پەرستگا، لەلای باشووری پەرستگاکەوە هەتا لای باکوور.
- 12
- ئینجا یەهۆیاداع کوڕەکەی پاشای هێنایە دەرەوە و تاجەکەی لەسەر سەری دانا، وێنەیەکی پەیمانەکەی دایێ و کردیانە پاشا. دەستنیشانیان کرد و چەپڵەیان بۆ لێدا و گوتیان: «بژی پاشا!»
- 13
- کاتێک عەتەلیا گوێی لە دەنگی پاسەوانە تایبەتەکان و خەڵکەکە بوو، هاتە لای ئەو خەڵکەی لە پەرستگای یەزدان بوون.
- 14
- تەماشای کرد وا پاشا هەروەک چۆن نەریتە، لەلای کۆڵەکەکە ڕاوەستاوە، سەرکردەکان و کەڕەنا لێدەرەکان لەلای پاشان، هەموو گەلی خاکەکە دڵخۆشن و کەڕەنا لێ دەدەن. ئینجا عەتەلیا جلەکانی لەبەرخۆی دادڕی و هاواری کرد: «ناپاکییە! ناپاکییە!»
- 15
- یەهۆیاداعی کاهینیش فەرمانی بە فەرماندەی یەکەی سەدان و ئەفسەرانی لەشکر کرد و پێی گوتن: «بیبەنە دەرەوەی ڕیزەکان و ئەوەش کە بەدوای کەوت بە شمشێر بیکوژن.» چونکە پێشتر کاهینەکە گوتبووی، «نابێت لەناو پەرستگای یەزدان بکوژرێت.»
- 16
- ئیتر گرتیان و لەسەر ڕێگای هاتنە ژوورەوەی ئەسپەکان بۆ کۆشکی پاشا کوژرا.
- 17
- یەهۆیاداعیش پەیمانی لەنێوان یەزدان لە لایەک و پاشا و گەل لە لایەکی دیکەوە بەست تاکو ببنە گەلی یەزدان. هەروەها پەیمانیشی لەنێوان پاشا و گەل بەست.
- 18
- ئینجا هەموو گەلی خاکەکە هاتنە ناو پەرستگای بەعل و تێکیاندا و قوربانگا و بتەکانیان بە تەواوەتی شکاند، مەتانی کاهینی بەعلیان لەبەردەم قوربانگاکان کوشت.
یەهۆیاداعی کاهینیش چەند ئەفسەرێکی لەسەر پەرستگای یەزدان دانا. - 19
- پاشان فەرماندەی سەدان و پاسەوان و پاسەوانە تایبەتەکان و هەموو گەلی خاکەکەی برد و پاشایان لە پەرستگای یەزدانەوە هێنایە خوارەوە، بە ڕێگای دەروازەی پاسەوانە تایبەتەکاندا چوونە ژوورەوە بۆ کۆشکی پاشا، پاشاش چووە شوێنی خۆی و لەسەر تەختی پاشایەتی دانیشت.
- 20
- هەموو گەلی خاکەکەش دڵخۆش بوون و شارەکە حەوایەوە، لەبەر ئەوەی عەتەلیایان لە نزیک کۆشکی پاشا بە شمشێر کوشت.
- 21
- یۆئاش کە بوو بە پاشا، کوڕێکی حەوت ساڵان بوو.