عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- دڵسۆزی لە خزمەتکردن
- 1
- لەبەر ئەوەی بەهۆی بەزەیی خوداوە ئەم خزمەتەمان هەیە، بێ هیوا نابین،
- 2
- بەڵکو ئەو ڕێگایانەمان ڕەتکردەوە کە شاراوەن و شەرمەزاریی دەهێنن، فێڵ ناکەین و دەستکاری وشەی خودا ناکەین، بەڵکو بە دەرخستنی ڕاستی، لەبەردەم خودا بۆ ویژدانی هەرکەسێک خۆمان دەسەلمێنین.
- 3
- بەڵام ئەگەر مژدەکەمان[a] شاراوە بێت، ئەوا بۆ ئەوانە شاراوەیە کە لەناودەچن،
- 4
- لێرەدا خوداوەندی ئەم دنیایە[b] بیری بێباوەڕانی کوێر کردووە، تاکو ڕووناکی مزگێنیی شکۆی مەسیحیان بۆ نەدرەوشێتەوە، ئەوەی وێنەی خودایە.
- 5
- ئێمە خۆمان ڕاناگەیەنین، بەڵکو عیسا کە مەسیحی باڵادەستە، خۆشمان لە پێناوی عیسا بەندەی ئێوەین،
- 6
- چونکە خودا، ئەوەی فەرمووی: ﴿با لە تاریکیدا ڕووناکی بدرەوشێتەوە،﴾[c] ئەو لە دڵماندا درەوشایەوە، بۆ ڕووناککردنەوەی ناسینی شکۆی خودا لە ڕووی عیسای مەسیحدا.
- 7
- بەڵام ئەم گەنجینەی هەمانە لەناو گۆزەی گڵیندایە، تاکو دەربکەوێت کە وزەی لە ڕادەبەدەر لە خوداوەیە نەک لە ئێمەوە.
- 8
- لە هەموو لایەکەوە پەستین، بەڵام تەنگەتاو نین؛ دەشێوێین، بەڵام بێ ئومێد نین؛
- 9
- چەوسێنراوەین، بەڵام بەجێنەهێڵدراوین؛ بە زەویدا دەدرێین، بەڵام لەناو ناچین.
- 10
- هەمیشە مردنی عیسا لە جەستەماندا هەڵدەگرین[d] ، تاکو ژیانی عیسا لە جەستەماندا دەربکەوێت،
- 11
- چونکە ئێمەی زیندوو هەردەم لە پێناوی عیسا دەدرێینە دەست مردن، تاکو ژیانی عیسا لە جەستەی مردوومان دەربکەوێت.
- 12
- کەواتە مردن لە ئێمەدا کار دەکات، بەڵام ژیان لە ئێوەدا.
- چاونەترسی لە خزمەتکردن
- 13
- کە هەمان ڕۆحی باوەڕمان هەیە، بەگوێرەی نووسراو: ﴿باوەڕم هەبوو، بۆیە قسەم کرد.﴾[e] ئێمەش باوەڕمان هەیە بۆیە قسە دەکەین.
- 14
- دەزانین ئەوەی عیسای خاوەن شکۆی هەستاندەوە ئێمەش لەگەڵ عیسادا هەڵدەستێنێتەوە، لەگەڵ ئێوەش دەمانباتە بەردەمی خۆی.
- 15
- هەموو ئەم ئازار چێژتنە لە پێناوی ئێوەیە، تاکو ئەو نیعمەتەی کە ئێستا دەگاتە خەڵکێکی زیاتر ببێتە مایەی زیادکردنی سوپاسگوزاری بۆ شکۆمەندی خودا.
- 16
- بۆیە ورە بەرنادەین. ئەگەر بە ڕواڵەتیش لەناوبچین، ئەوا ناخمان ڕۆژ بە ڕۆژ نوێتر دەبێتەوە،
- 17
- چونکە تەنگانەی سووک و کاتیمان شکۆمەندییەکی گرانی هەتاهەتایی بۆ ئێمە لێ دێتە کایەوە.
- 18
- ئێمە تەماشای شتە بینراوەکان ناکەین، بەڵکو شتە نەبینراوەکان، چونکە بینراوەکان کاتین، بەڵام نەبینراوەکان هەمیشەیین.
- a. 4:3 یۆنانی: ئینجیل.
- b. 4:4 شەیتان.
- c. 4:6 پەیدابوون 1:3.
- d. 4:10 لەبەر خاتری عیسا ڕووبەڕووی مردن دەبینەوە.
- e. 4:13 زەبوورەکان 116:10.