عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- بەرگری پۆڵس لە خزمەتەکەی
- 1
- من وەک پۆڵس، کە بە من دەڵێن لەو کاتەی لەگەڵتانم شەرمنم، بەڵام کە لێتان دوورم بەرامبەر بە ئێوە بوێرم، بە بێفیزی و نەرمونیانی مەسیح لێتان دەپاڕێمەوە و
- 2
- داواتان لێ دەکەم ناچارم مەکەن کاتێک لەلاتانم ئەو بوێرییەم بەکاربهێنم، چونکە پێم وایە هەر دەبێت بەکاریبهێنم بەرامبەر بەو کەسانەی کە پێیان وایە ئێمە بەگوێرەی بنەمای جیهان دەژین.
- 3
- هەرچەندە لە جیهاندا دەژین، بەڵام بەگوێرەی بنەمای جیهان ناجەنگین،
- 4
- چونکە ئەو چەکەی شەڕی پێدەکەین جیهانی نییە، بەڵکو چەکی خوداییە کە توانای وێرانکردنی قەڵای هەیە.
- 5
- هەموو بەڵگەیەک و هەر شتێک کە بۆ بەرهەڵستی زانیاری خودا دەربکەوێت لەناوی دەبەین، هەموو بیرێکیش بۆ گوێڕایەڵی مەسیح بە دیل دەگرین.
- 6
- هەر کاتێک ئێوە تەواو ملکەچ بوون، ئەو کاتە ئامادەین سزای هەموو یاخیبوونێک بدەین.
- 7
- ئێوە سەیری ڕواڵەت دەکەن. ئەگەر یەکێک دڵنیابێت کە هی مەسیحە، با ئەوە بزانێت کە وەک چۆن ئەو هی مەسیحە، ئێمەش بە هەمان ئەندازە هی مەسیحین.
- 8
- ئەگەر تۆزێک زیاتر شانازیم بە دەسەڵاتمانەوە کردبێت، ئەوەی مەسیحی باڵادەست داویەتی بۆ بنیادنانتان نەک بۆ وێرانکردنتان، ئەوا شەرمم پێی نییە.
- 9
- نامەوێ وا دەرکەوم کە بە نامەکان دەتانترسێنم.
- 10
- لەوانەیە هەندێک بڵێن: «نامەکان قورس و بەهێزن، بەڵام ئامادەبوونی خۆی لاوازە و قسە بەتاڵە.»
- 11
- با ئەو جۆرە کەسانە بزانن، ئەوەی لە دوورەوە و بە ڕێگای نامە بۆتان دەنووسین، هەمان ئەو شتە دەکەین کاتێک لەلاتان بین.
- 12
- ئێمە ناوێرین خۆمان لەگەڵ ئەوانە بەراورد بکەین یاخود خۆمان بخەینە ڕیزی ئەوانەی کە بەخۆیاندا هەڵدەدەن. کاتێک خۆیان بە خۆیان بەراورد دەکەن و دەپێون، ئیتر دەردەکەوێت کە نەزانن.
- 13
- بەڵام ئێمە زیاد لە پێویست شانازی بە خۆمانەوە ناکەین، بەڵکو بەگوێرەی ئەو ئاستەی خودا بۆی داناوین شانازی دەکەین، کە ئاستێکە دەگاتە ئێوەش.
- 14
- ئێمە سنووری خۆمان نابەزێنین کە شانازیتان پێوە دەکەین، بەوەی گەیشتینە ئێوە، چونکە بە خزمەتی ڕاگەیاندنی مزگێنیی مەسیح گەیشتینە ئێوەش.
- 15
- زیاد لە ڕادەی خۆی شانازی بە ڕەنجی خەڵکییەوە ناکەین، بەڵام هیوادارین کاتێک باوەڕتان گەشە دەکات، لەنێوتاندا سنووری خزمەتەکەمان زۆر زیاتر بێت،
- 16
- تاکو مزگێنی بدەینە ئەو ناوچانەش کە لە ئێوە دوورترن، نامانەوێت شانازی بکەین بەو کارەی کە پێشوەخت لە سنووری یەکێکی دیکە ئەنجام دراوە.
- 17
- ﴿ئەوەی شانازی دەکات، با شانازی بە یەزدانەوە بکات.﴾[a]
- 18
- ئەوەی بە خۆیدا هەڵدەدات پەسەند ناکرێت، بەڵکو ئەوەی مەسیحی خاوەن شکۆ پێیدا هەڵدەدات.
- a. 10:17 یەرمیا 9:24.