عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- چالاکی دیکەی سلێمان
- 1
- لە کۆتایی ئەو بیست ساڵەی کە سلێمان تێیدا پەرستگای یەزدان و کۆشکەکەی خۆی بنیاد دەنا،
- 2
- سلێمان ئەو گوندانەی بنیاد نایەوە کە حیرامی پاشا پێیدا و نەوەی ئیسرائیلی تێیاندا نیشتەجێ کرد.
- 3
- ئینجا سلێمان چوو بۆ حەمات چۆڤا و گرتی.
- 4
- هەروەها تەدمۆری لە چۆڵەوانیدا ئاوەدان کردەوە، لەگەڵ هەموو ئەو کۆگایانەی[a] کە لە حەماتدا بنیادی نابوون.
- 5
- ئینجا بێتحۆرۆنی سەروو و بێتحۆرۆنی خوارووی بنیاد نایەوە و کردنی بە شاری قەڵابەند بە شوورا و دەروازە و شمشیرە[b] .
- 6
- شارۆچکەی بەعەلاتیشی ئاوەدان کردەوە، لەگەڵ هەموو کۆگاکانی سلێمان، هەروەها ئەو شارۆچکانەی سەربازگەی گالیسکە و ئەو شارۆچکانەی سەربازگەی ئەسپ سوارەکان و هەموو ئەوەی سلێمان ئارەزووی کرد لە ئۆرشەلیم و لە لوبنان و لە هەموو خاکی ژێر دەسەڵاتی خۆی بنیادی بنێت.
- 7
- هەروەها هەموو ئەو خەڵکەی پاشماوەی حیتی و ئەمۆری و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکان بوون، کە لە نەوەی ئیسرائیل نەبوون،
- 8
- پاشماوەی ئەم هەموو نەتەوانەی کە نەوەی ئیسرائیل لەناویان نەبردبوون سلێمان وەک کۆیلە بێگاری بەسەردا سەپاندن، هەتا ئەمڕۆش بەسەریان سەپێنراوە.
- 9
- بەڵام سلێمان بۆ کارەکەی کەسی لە نەوەی ئیسرائیل نەکردە کۆیلە، چونکە ئەوان پیاوی جەنگ و ئەفسەری باڵا، ئەفسەری گالیسکە و گالیسکەسوارەکانی بوون.
- 10
- ئەمانەش ئەو کاربەدەستە باڵایانەی سلێمان پاشا بوون، دوو سەد و پەنجا چاودێر لەسەر ئەو خەڵکەی کارەکەیان دەکرد.
- 11
- سلێمان کچەکەی فیرعەونی لە شاری داودەوە بردە ئەو کۆشکەی کە بۆی بنیاد نا، چونکە گوتی: «ژنی من لە کۆشکی داودی پاشای ئیسرائیل دانانیشێت، لەبەر ئەوەی ئەو شوێنانەی سندوقی یەزدانی چووەتە ناو شوێنی پیرۆزن.»
- 12
- ئینجا سلێمان قوربانی سووتاندنی بۆ یەزدان سەرخستە سەر ئەو قوربانگایەی یەزدان کە لەبەردەم هەیوانەکە بنیادی نا.
- 13
- قوربانی سووتاندنەکان هەریەکە و لە ڕۆژی خۆی، بەپێی فەرمانەکەی موسا، لە شەممەکان و سەرەمانگەکان و جەژنە دیاریکراوەکان، ساڵانە سێ جار، لە جەژنی فەتیرە و لە جەژنی هەفتەکان[c] و لە جەژنی کەپرەشینە.
- 14
- ئینجا بەپێی بڕیاری داودی باوکی، سلێمان بەشی کاهینەکانی بەگوێرەی خزمەتەکانیان دیاری کرد، هەروەها لێڤییەکانی لەسەر ئەرکی خۆیان دانا بۆ ستایشکردن و یارمەتیدانی کاهینەکان، هەریەکە بەگوێرەی پێداویستییەکانی ڕۆژەکەی خۆی. دەرگاوانەکانیشی لە بەشەکانی خۆیان دانا لەسەر هەموو دەرگاکان، چونکە ئەمە فەرمانەکەی داودی پیاوی خودا بوو.
- 15
- لە فەرمانەکانی پاشا لایان نەدا کە سەبارەت بە کاری کاهین و لێڤییەکان درابوو، هەروەها بە کاری گەنجینەکانیش.
- 16
- بەم شێوەیە هەموو کارەکانی سلێمان ئامادە کرا، لە ڕۆژی بناغەدانانییەوە هەتا تەواوبوونی، ئیتر پەرستگای یەزدان تەواو بوو.
- 17
- ئینجا سلێمان چوو بۆ عەچیۆن گەڤەر و ئێلەت لەسەر کەناری دەریا لە خاکی ئەدۆم.
- 18
- حیرام بەدەستی ئەفسەرە کەشتیوانە شارەزاکانی لە دەریا چەند کەشتییەکی نارد، ئەوانیش لەگەڵ خزمەتکارەکانی سلێماندا چوونە ئۆفیر و لەوێوە چوار سەد و پەنجا تالنت[d] زێڕیان هەڵگرت و بۆ سلێمانی پاشایان هێنا.
- a. 8:4 چەند شارێکی دروستکردووە وەک مەڵبەندێکی ئەمبارکردن و دابینکردنی ئازووقە.
- b. 8:5 شمشیر، پارچە دارێک بووە لە جیاتی قوفڵ لە دواوەی دەرگا بە شێوەی ئاسۆیی دانراوە بۆ داخستنی دەرگا.
- c. 8:13 جەژنی هەفتەکان، هەروەها وەک جەژنی دروێنەش ناسراوە (بڕوانە دەرچوون 23:16) 50 ڕۆژ دوای جەژنی فەتیرە بووە، کە دەکاتە حەوت هەفتە.
- d. 8:18 چوار سەد و پەنجا تالنت: نزیکەی 16 تەن.