عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- 1
- ئینجا سلێمان گوتی: «یەزدان فەرموویەتی، کە لەناو هەوری تاردا نیشتەجێ دەبێت.
- 2
- من پەرستگایەکی شکۆدارم بۆ بنیاد نایت، شوێنێک هەتاهەتایە بۆ نیشتەجێبوونت.»
- 3
- کاتێک هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل ڕاوەستا بوون، پاشا ڕووی خۆی وەرگێڕا و داوای بەرەکەتی بۆ هەموویان کرد.
- 4
- ئینجا گوتی:
«ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەوەی بە دەمی خۆی بەڵێنی بە داودی باوکم دا و بە دەستی خۆی بەجێی هێنا، هەروەک فەرمووی: - 5
- ”لەو ڕۆژەوەی ئیسرائیلی گەلی خۆمم لە میسرەوە هێناوەتە دەرەوە، هیچ شارێکم لەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل هەڵنەبژاردووە بۆ ئەوەی پەرستگایەک بنیاد بنێن هەتا ناوەکەم لەوێ بێت و هیچ کەسێکیشم هەڵنەبژاردووە ببێتە فەرمانڕەوای ئیسرائیلی گەلی من،
- 6
- بەڵکو ئۆرشەلیمم هەڵبژاردووە هەتا ناوەکەم لەوێ بێت و داودم هەڵبژاردووە تاکو فەرمانڕەوایەتی ئیسرائیلی گەلی من بکات.“
- 7
- «لە دڵی داودی باوکیشمدا بوو پەرستگایەک بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بنیاد بنێت.
- 8
- بەڵام یەزدان بە داودی باوکمی فەرموو: ”بێگومان باشت کرد کە لە دڵی خۆتدا نیازت هەبووە پەرستگایەک بۆ ناوەکەم بنیاد بنێیت.
- 9
- لەگەڵ ئەوەشدا تۆ پەرستگاکە بنیاد نانێیت، بەڵکو کوڕەکەت ئەوەی لە خوێنی خۆتە، ئەو پەرستگاکە بۆ ناوی من بنیاد دەنێت.“
- 10
- «یەزدان بەڵێنی خۆی بردەسەر، ئەوەی کە فەرمووی. منیش شوێنی داودی باوکمم گرتەوە و لەسەر تەختی ئیسرائیل دانیشتم، هەروەک یەزدان فەرمووی. پەرستگاکەشم بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بنیاد نا.
- 11
- لەوێشدا سندوقەکەم دانا، ئەوەی ئەو پەیمانەی یەزدانی تێیدایە کە لەگەڵ ئیسرائیلدا بەستی.»
- نوێژی سلێمان بۆ تەرخانکردن
- 12
- ئینجا سلێمان لەبەردەم قوربانگای یەزدان بەرامبەر بە هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل ڕاوەستا و دەستی بەرز کردەوە.
- 13
- سلێمان سەکۆیەکی لە بڕۆنز دروستکردبوو و لە ناوەڕاستی حەوشەکەدا داینابوو، درێژییەکەی پێنج باڵ و پانییەکەشی پێنج باڵ[a] بوو، بەرزییەکەشی سێ باڵ[b] ، جا لەسەری ڕاوەستا بەرامبەر بە هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل چۆکی دادا و دەستی بۆ ئاسمان بەرز کردەوە و
- 14
- گوتی:
«ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، هیچ خودایەک لە ئاسمان و لەسەر زەوی لە وێنەی تۆ نییە، پەیمانی خۆشەویستییەکەت بۆ خزمەتکارەکانت دەبەیتەسەر، ئەوانەی لەبەردەمی تۆ بە دڵسۆزییەوە ڕەفتار دەکەن. - 15
- تۆ بەڵێنی خۆتت بۆ بەندەکەت، بۆ داودی باوکم هێنایە دی. ئەوەی بە دەمت بەڵێنت پێدا، ئەمڕۆ بە دەستی خۆتت هێنایە دی.
- 16
- «ئێستاش ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، ئەو بەڵێنەی کە تۆ بە بەندەکەی خۆت، بە داودی باوکی منت دا، بۆی بهێنە دی، کە فەرمووت: ”پیاو لە تۆ نابڕێت لەبەردەمم بۆ دانیشتن لەسەر تەختی ئیسرائیل، تەنها ئەگەر کوڕانت ئاگاداری ئەوە بن کە بەگوێرەی فێرکردنەکەم لەبەردەمم ڕەفتار بکەن، هەروەک چۆن تۆ ڕەفتارت کرد.“
- 17
- ئێستاش ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، با ئەو بەڵێنەت بێتە دی کە بەڵێنت بە داودی بەندەت دا.
- 18
- «بەڵام ئایا بەڕاستی خودا لەگەڵ مرۆڤ لەسەر زەوی نیشتەجێ دەبێت؟ ئەوەتا ئاسمان و ئاسمانی ئاسمانەکان جێی تۆیان تێدا نابێتەوە، ئیتر چۆن ئەم پەرستگایە کە من بنیادم ناوە!
- 19
- بەڵام ئەی یەزدان، خودای من، ئاوڕ لە نوێژ و لە داواکارییەکانی بەندەکەت بدەوە و گوێ لە هاوار و ئەو نوێژە بگرە کە بەندەکەت لەبەردەمت دەیکات.
- 20
- با شەو و ڕۆژ چاوەکانت کراوە بن لەسەر ئەم پەرستگایە، لەسەر ئەو شوێنەی کە فەرمووت: ”ناوی من لەوێ دەبێت،“ هەتا گوێت لەو نوێژە بێت کە بەندەکەت بەرەو ئەم شوێنە دەیکات.
- 21
- هەروەها گوێ لە پاڕانەوەی بەندەکەت و ئیسرائیلی گەلت بگرە ئەوانەی بەرەو ئەم شوێنە نوێژ دەکەن، تۆش لە ئاسمانەوە لە شوێنی نیشتەجێبوونتەوە بیبیستە، جا کە لە ئاسمانەوە بیستت لێمان خۆشبە.
- 22
- «ئەگەر یەکێک گوناهی دەرهەق بە هاوڕێکەی کرد و سوێندخواردنی بەسەردا سەپێنرا و هات بۆ ئەوەی لەبەردەم قوربانگاکەت لەم پەرستگایە سوێندەکەی بخوات،
- 23
- تۆ لە ئاسمانەوە گوێ بگرە و دەستبەکار بە. دادوەری لەنێوان خزمەتکارەکانت بکە، حوکم بدە بەسەر تاوانباردا بەوەی ڕێگای خۆی بەسەر خۆیدا بهێنەرەوە، ئەستۆپاکی کەسی بێتاوان دەربخە و بەگوێرەی بێتاوانییەکەی پێی ببەخشە.
- 24
- «کاتێک ئیسرائیلی گەلەکەی خۆت بەهۆی ئەو گوناهەی بەرامبەرت دەیکەن، لەبەردەم دوژمنەکانیان تێکدەشکێن، ئەگەر گەڕانەوە بۆ لات و دانیان نایەوە بە ناوی تۆ، لەبەردەمت لەم پەرستگایەدا نزا و نوێژیان کرد و پاڕانەوە،
- 25
- تۆش لە ئاسمانەوە گوێ بگرە و لە گوناهی ئیسرائیلی گەلت خۆشبە و بیانگەڕێنەوە ئەو خاکەی کە بە خۆیان و باوباپیرانیانت داوە.
- 26
- «ئەگەر ئاسمان داخرا و باران نەباری بەهۆی ئەوەی گەلەکەت گوناهیان دەرهەق بە تۆ کرد، پاشان نوێژیان ڕووەو ئەم شوێنە کرد و دانیان بە ناوەکەتدا نا و لە گوناهەکەیان پاشگەز بوونەوە، چونکە گرفتارت کردن،
- 27
- تۆش لە ئاسمانەوە گوێ بگرە و لە گوناهی خزمەتکارەکانت و ئیسرائیلی گەلی خۆت خۆشبە، فێری ئەو ڕێگا باشەیان بکە کە دەبێت پێیدا بڕۆن و باران بەسەر خاکەکەتدا ببارێنە، ئەوەی بە میرات داوتە بە گەلەکەت.
- 28
- «هەر کاتێک قاتوقڕی، پەتا، بای گەرمەسێر، کوللە یان سن لە خاکەکە دەدات؛ یان هەر کاتێک دوژمن لە شارەکانیان گەمارۆیان دەدەن؛ یان هەر بەڵا و دەردێک دێت؛
- 29
- ئیتر کاتێک هەرکەسێکی ئیسرائیلی گەلی خۆت نوێژ یان داواکارییەک لە تۆ بکات، لەلایەن ئەوەی کە دەرد و ئازاری خۆی دەزانێت و دەستی بەرامبەر بەم پەرستگایە بەرز دەکاتەوە،
- 30
- ئەوا تۆ لە ئاسمانەوە لە شوێنی نیشتەجێبوونتەوە گوێ بگرە. لێی خۆشبە، لەبەر ئەوەی تەنها تۆ دڵی ئادەمیزاد دەناسیت، بۆ هەرکەسێک بەگوێرەی هەڵسوکەوتەکانی کاردانەوەت هەبێت،
- 31
- بۆ ئەوەی بە درێژایی ڕۆژانی ژیانیان لەم خاکەی بە باوباپیرانی ئێمەت داوە لێت بترسن و ڕێگاکانت بگرنەبەر.
- 32
- «هەروەها ئەو بیانییەی کە لە ئیسرائیلی گەلەکەی خۆت نییە و لە پێناوی ناوی مەزنت و دەستی پۆڵایین و بازووی بەهێزت لە خاکێکی دوورەوە هاتووە، جا کە هات و بەرەو ئەم پەرستگایە نوێژی کرد،
- 33
- تۆ لە ئاسمانەوە لە شوێنی نیشتەجێبوونتەوە و بەپێی هەموو ئەوەی ئەم بیانییە لێت دەپاڕێتەوە بۆی بەجێبهێنە، تاکو هەموو گەلانی زەوی بە ناوی تۆ ئاشنا بن و وەک ئیسرائیلی گەلەکەی خۆت لێت بترسن، هەروەها بۆ ئەوەی بزانن ئەم ماڵەی کە بنیادم ناوە هەڵگری ناوی تۆیە.
- 34
- «کاتێک گەلەکەت لە دژی دوژمنەکەی بۆ جەنگ دەچێت، بۆ هەرکوێ کە دەیاننێریت، کە نوێژیان بۆت کرد ڕووەو ئەو شارەی کە هەڵتبژاردووە و ئەو پەرستگایەی بۆ ناوەکەت بنیادم ناوە،
- 35
- تۆ لە ئاسمانەوە گوێ لە نوێژ و داواکارییەکانیان بگرە و دادوەرییان بۆ بکە.
- 36
- «کەس نییە گوناه نەکات، بەڵام کاتێک گوناهت بەرامبەر دەکەن و تۆش لێیان تووڕە دەبیت و دەیاندەیتە دەست دوژمن کە بە دیلیان دەگرن و بۆ خاکێک ڕاپێچیان دەکەن، جا دوور بێت یان نزیک،
- 37
- لەدوای ئەمە ئەگەر لەو خاکەی بۆی ڕاپێچ دەکرێن هاتنەوە هۆش خۆیان، لە خاکی ڕاپێچکەرانیان تۆبەیان کرد و لێت پاڕانەوە و گوتیان: ”گوناه و تاوان و خراپەمان کرد“؛
- 38
- ئیتر بە هەموو دڵ و گیانیانەوە گەڕانەوە لات، لە خاکی دیلیێتییان کە بۆی ڕاپێچ کراون، هەروەها نوێژیان کرد ڕووەو ئەو خاکەی داوتە بە باوباپیرانیان و ئەو شارەی هەڵتبژاردووە و ئەو پەرستگایەی بۆ ناوی تۆ بنیادم ناوە؛
- 39
- ئەوا تۆ لە ئاسمانەوە لە شوێنی نیشتەجێبوونتەوە گوێ لە نوێژ و داواکارییان بگرە و دادوەرییان بۆ بکە. هەروەها لە گەلەکەت خۆشبە، لەو گوناهانەی بەرامبەرت کردوویانە.
- 40
- «ئێستاش ئەی خودایە، تکایە با چاوەکانت کراوە و گوێیەکانت شل بن بۆ نوێژەکانی ئەم شوێنە.
- 41
- ئێستا ئەی یەزدانی پەروەردگار، هەستە و وەرە بۆ شوێنی حەوانەوەت،
خۆت و سندوقی هێزت.
ئەی خودای پەروەردگار، با کاهینەکانت ڕاستودروستی لەبەر بکەن و
خۆشەویستانت بە چاکە شاد بن. - 42
- ئەی یەزدانی پەروەردگار، دەستنیشانکراوەکەت ڕەت مەکەرەوە،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بۆ داودی بەندەت لەیاد بێت.»