عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- بەزاندنی مۆئاب و عەمۆن
- 1
- پاش ئەوەی مۆئابی و عەمۆنییەکان کە هەندێک مەعونیشیان لەگەڵ بوو، هاتن بۆ ئەوەی لە دژی یەهۆشافات بجەنگن.
- 2
- کەسانێک هاتن و بە یەهۆشافاتیان ڕاگەیاند و گوتیان: «سوپایەکی زۆر گەورە لەوبەری دەریای مردووەوە[a] لە ئەدۆمەوە بەڕێکەوتوون بێنە سەرت، وا ئێستا لە حەچەچۆن تامارن» (کە کانی گەدی پێ دەگوترێت).
- 3
- یەهۆشافاتیش ترسا و بڕیاری دا پرسیار لە یەزدان بکات، ئیتر لە هەموو یەهودا ڕۆژووی ڕاگەیاند.
- 4
- خەڵکی یەهودا کۆبوونەوە بۆ نزا و داواکردنی یارمەتی لە یەزدان، هەروەها لە هەموو شارۆچکەکانی یەهوداوە هاتن هەتا ڕوو لە یەزدان بکەن.
- 5
- ئینجا یەهۆشافات لەنێو کۆمەڵی یەهودا و ئۆرشەلیم لە پەرستگای یەزدان بەرامبەر بە حەوشە نوێیەکە وەستا و
- 6
- گوتی:
«ئەی یەزدان، خودای باوباپیرانمان، ئایا تۆ ئەو خودایە نیت کە لە ئاسمانە؟ تۆ فەرمانڕەوای هەموو پاشایەتی نەتەوەکانیت. هێز و توانا لە دەستی تۆدایە و کەس نییە خۆی لەبەردەمت ڕابگرێت. - 7
- ئەی خودامان، ئایا تۆ نەبوویت کە دانیشتووانی ئەم خاکەت لەبەردەم ئیسرائیلی گەلت وەدەرنا و هەتاهەتایە بە وەچەی ئیبراهیمی دۆستی خۆتت دا؟
- 8
- تێیدا نیشتەجێ بوون و لەناویدا پیرۆزگایەکیان بۆ ناوت بنیاد نا و گوتیان:
- 9
- ”ئەگەر خراپە بێتە سەرمان، شمشێر و حوکم بەسەردادان و پەتا و قاتوقڕی، لەبەردەم ئەم پەرستگایە و لەبەردەمت ڕادەوەستین، چونکە ئەم پەرستگایە کە هەڵگری ناوی تۆیە و لە تەنگانەماندا هاوارت بۆ دەکەین و گوێت لێ دەبێت و ڕزگارمان دەکەیت.“
- 10
- «ئێستاش تەماشا بکە، سوپاکانی عەمۆن و مۆئاب و کێوی سێعیر، ئەوانەی ڕێگات بە ئیسرائیل نەدا پەلاماریان بدەن کاتێک لە خاکی میسرەوە هاتن. ئیتر ئیسرائیلیش خۆی لێیان لادا و لەناویان نەبردن.
- 11
- ببینە، چۆن ئێستا ئەوان بە خراپە پاداشتمان دەدەنەوە، لەو موڵکە دەرماندەکەن کە تۆ بە میرات پێتداین.
- 12
- ئەی خودای ئێمە، ئایا حوکمیان بەسەردا نادەیت؟ چونکە ئێمە توانامان نییە بەرامبەر ئەو سوپا زۆر گەورەیەی پەلامارمان دەدەن و ئێمە نازانین چی بکەین بەڵام چاومان لە تۆیە.»
- 13
- هەموو پیاوانی یەهوداش لەبەردەم یەزدان ڕاوەستابوون، هەروەها ژن و منداڵ و کوڕەکانیشیان.
- 14
- ئینجا لەنێو کۆمەڵەکە ڕۆحی یەزدان هاتە سەر یەحەزیێلی کوڕی زەکەریای کوڕی بەنایای کوڕی یەعیێلی کوڕی مەتەنیای لێڤی لە نەوەی ئاساف.
- 15
- گوتی: «ئەی هەموو یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم و یەهۆشافاتی پاشا، گوێ بگرن! یەزدان بەم جۆرە بە ئێوە دەفەرموێت: ”مەترسن و ورە بەرمەدەن لەبەردەم ئەو سوپا زۆرە، چونکە جەنگەکە هی ئێوە نییە بەڵکو هی خودایە.
- 16
- سبەینێ دابەزنە سەریان، ئەوان وا لە هەورازەکەی زیز سەردەکەون، لەوپەڕی دەربەندەکە لە بەرامبەر چۆڵەوانی یەروئێل دەیاندۆزنەوە.
- 17
- پێویست ناکات لەم شەڕە بجەنگن. ئەی یەهودا و ئۆرشەلیم، ڕاوەستن و مەجوڵێن و تەماشا بکەن چۆن یەزدان ڕزگارتان دەکات. مەترسن و ورە بەرمەدەن، سبەینێ بۆ بەرەنگاربوونەوەیان بچن و یەزدان لەگەڵتان دەبێت.“»
- 18
- یەهۆشافات کڕنۆشی برد و سەری خستە سەر زەوی، هەموو یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیمیش لەبەردەم یەزدان لەسەر ڕوو کەوتن و کڕنۆشیان برد.
- 19
- ئینجا لێڤییەکان لە نەوەی قەهاتی و قۆرەحییەکان هەستانەوە بۆ ستایشکردنی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بە دەنگێکی زۆر بەرز.
- 20
- بەیانی زوو لە خەو هەستان و چوون بۆ چۆڵەوانی تەقۆعە، لە کاتی بەڕێکەوتنیان یەهۆشافات ڕاوەستا و گوتی: «ئەی خەڵکی یەهودا و ئۆرشەلیم، گوێم لێ بگرن! بڕواتان بە یەزدانی پەروەردگارتان هەبێت، دڵنیابن و بڕواتان بە پێغەمبەرەکانی هەبێت سەرکەوتوو دەبن.»
- 21
- لەدوای ئەوەی یەهۆشافات ڕاوێژی بە گەل کرد، گۆرانیبێژی دانا بۆ ئەوەی ستایشی یەزدان بکەن بۆ شکۆی پیرۆزی، کاتێک لەپێش سوپاکە دەڕۆن بڵێن:
«سوپاسی یەزدان بکەن،
چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.» - 22
- کاتێک دەستیان بە گۆرانی و ستایش کرد، یەزدان چەند بۆسەیەکی بۆ عەمۆنی و مۆئابییەکان و خەڵکی کێوی سێعیر نایەوە کە هاتبوون بۆ پەلاماردانی یەهودا، ئیتر شکان.
- 23
- عەمۆنی و مۆئابییەکان هەڵیانکوتایە سەر دانیشتووانی کێوی سێعیر تاکو قڕیان بکەن و لەناویان ببەن. دوای ئەوەی لە کوشتوبڕی دانیشتووانی سێعیر بوونەوە، بەربوونە یەکتری و یەکترییان لەناوبرد.
- 24
- کاتێک پیاوانی یەهودا گەیشتنە شوێنی چاودێریکردن لە چۆڵەوانی، تەماشای ئاپۆرەی سوپاکەیان کرد هەموو لاشەن و لەسەر زەوییەکە کەوتوون و کەس دەرباز نەبووە.
- 25
- ئیتر یەهۆشافات و گەلەکەی هاتن بۆ تاڵانکردنی دەستکەوتەکان، جا شتومەک و جلوبەرگ و کەلوپەلی گرانبەهای زۆریان دۆزییەوە، بەڵام هێندە زۆر بوو کە نەیانتوانی باریان بکەن. سێ ڕۆژ خەریکی تاڵان بردن بوون.
- 26
- لە ڕۆژی چوارەم لە دۆڵی بەراخا کۆبوونەوە، لەوێش ستایشی یەزدانیان کرد، لەبەر ئەوە شوێنەکەیان ناو نا دۆڵی بەراخا[b] کە هەتا ئەمڕۆش بەو ناوەوە ناودەبردرێت.
- 27
- ئینجا هەموو پیاوانی یەهودا و ئۆرشەلیم بە ڕابەرایەتی یەهۆشافات بە خۆشییەوە گەڕانەوە بۆ ئۆرشەلیم، چونکە یەزدان بە دوژمنەکانیان خۆشی کردن.
- 28
- بە قیسارە و ساز و کەڕەناوە چوونە ناو ئۆرشەلیمەوە بۆ پەرستگای یەزدان.
- 29
- بەو شێوەیە ترسی یەزدان لە هەموو پاشایەتی خاکەکانی دیکە نیشت، کاتێک کە بیستیانەوە یەزدان شەڕی لەگەڵ دوژمنەکانی ئیسرائیلدا کردووە.
- 30
- ئیتر ئاشتی لەنێو پاشایەتییەکەی یەهۆشافات بەرقەرار بوو، خودا لە هەموو لایەکەوە حەساندییەوە.
- کۆتایی پاشایەتی یەهۆشافات
- 31
- یەهۆشافات بەم شێوەیە پاشایەتی یەهودای کرد. لە تەمەنی سی و پێنج ساڵی بوو بە پاشای یەهودا، بیست و پێنج ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکی عەزوڤای کچی شیلحی بوو.
- 32
- ڕێچکەی ئاسای باوکی گرتەبەر و لێی لانەدا، ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاستە کردی.
- 33
- بەڵام هێشتا نزرگەکانی سەر بەرزایی تێکنەدران و گەل هێشتا بە تەواوی دڵیان بە خودای باوباپیرانیان نەدابوو.
- 34
- ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یەهۆشافات لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی یێهوی کوڕی حەنانی تۆمار کراون، ئەوەی لە پەڕتووکی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
- 35
- پاش ئەمانە یەهۆشافاتی پاشای یەهودا لەگەڵ ئەحەزیای پاشای ئیسرائیلدا کە خراپەکار بوو هاوپەیمانییەتی بەست.
- 36
- یەکیانگرت لە دروستکردنی کەشتی بازرگانی و لە عەچیۆن گەڤەر چەند کەشتیگەلێکیان دروستکرد.
- 37
- بەڵام ئەلیعەزەری کوڕی دۆداڤاهو کە خەڵکی مارێشا بوو لەسەر یەهۆشافات پێشبینی کرد و گوتی: «لەبەر ئەوەی لەگەڵ ئەحەزیا هاوپەیمانییەتیت بەست، ئەوەی ئێوە دروستتان کرد یەزدان تێکیدەشکێنێت.» ئیتر کەشتییەکان شکان و نەیانتوانی گەشتی بازرگانی بکەن.