عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- پاشایەتی یەهۆشافات
- 1
- یەهۆشافاتی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا و خۆی لە بەرامبەر ئیسرائیل بەهێز کرد.
- 2
- لە هەموو شارە قەڵابەندەکانی یەهودا لەشکری دانا، لەناو خاکی یەهودا و لەو شارۆچکانەی خاکی ئەفرایمیش کە ئاسای باوکی گرتبووی سەربازگەی تێدا دامەزراندن.
- 3
- یەزدانیش لەگەڵ یەهۆشافات بوو، چونکە ڕێچکەی داودی باپیرە گەورەی گرتەبەر و ڕووی لە بتی بەعل نەکرد،
- 4
- بەڵکو ڕووی لە خودای باوکی کرد و فەرمانەکانی ئەوی پەیڕەو کرد، نەک نەریتەکانی ئیسرائیل.
- 5
- لەبەر ئەوە یەزدان جڵەوی پاشایەتییەکەی لە دەستیدا سەقامگیر کرد و هەموو یەهودا دیارییان پێشکەش بە یەهۆشافات کرد و دەوڵەمەندی و ڕێزی زۆری هەبوو.
- 6
- بە هەموو دڵەوە ڕێگای یەزدانی پەیڕەو کرد و هەروەها نزرگەکانی سەر بەرزاییەکان و ستوونە ئەشێراکانی لە یەهودا تێکدا.
- 7
- یەهۆشافات لە سێیەم ساڵی پاشایەتییەکەی بەنحەیل، عۆبەدیا، زەکەریا، نەتەنێل و میخایوی کاربەدەستەکانی خۆی ناردە شارۆچکەکانی یەهودا بۆ ئەوەی دانیشتووانەکانیان فێربکەن.
- 8
- ژمارەیەک لێڤییان لەگەڵ بوون، شەمەعیا، نەتەنیاهۆ، زەڤەدیا، عەساهێل، شەمیرامۆت، یەهۆناتان، ئەدۆنیا، تۆڤییاهو و تۆڤ ئەدۆنیا، هەروەها ئەلیشاماع و یەهۆرام کە هەردووکیان کاهین بوون.
- 9
- بەناو هەموو شارەکانی یەهودا دەگەڕان، پەڕتووکی تەوراتی یەزدانیان پێبوو و خەڵکیان فێردەکرد.
- 10
- ترسی یەزدان باڵی بەسەر هەموو پاشایەتییەکانی خاکەکانی دەوروبەری یەهودا کێشا، ئیتر لە دژی یەهۆشافات نەجەنگان.
- 11
- هەندێک لە فەلەستییەکانیش دیاری و زیویان وەک سەرانە بۆ یەهۆشافات هێنا، هەروەها عەرەبەکانیش مەڕوماڵاتیان بۆ هێنا، حەوت هەزار و حەوت سەد بەران و حەوت هەزار و حەوت سەد تەگە.
- 12
- یەهۆشافات هەتا دەهات مەزن و مەزنتر دەبوو. لە یەهودا قەڵا و کۆگاکانی بنیاد نا،
- 13
- لە شارۆچکەکانی یەهوداش ئازووقەی زۆری هەبوو، لە ئۆرشەلیم جەنگاوەری پاڵەوان و بەهێز هەبوو.
- 14
- ئەمەش سەرژمێرییانە بەپێی بنەماڵەکان:
لە یەهودا، فەرماندەکانی یەکەی هەزاران:
عەدنا فەرماندە بوو و سێ سەد یەکەی پاڵەوانی بەهێزی لەگەڵ بوو؛ - 15
- لەپاش ئەو یەهۆحانان فەرماندە بوو کە دوو سەد و هەشتا یەکەی لەگەڵ بوو؛
- 16
- لەپاش ئەویش عەمەسیای کوڕی زکری بوو، کە خۆی بەخشیبوو بە یەزدان، دوو سەد یەکەی پاڵەوانی بەهێزی لەگەڵ بوو.
- 17
- لە بنیامین:
پاڵەوانی بەهێز، ئەلیاداع، دوو سەد یەکەی چەکداری بە کەوان و قەڵغانەوە لەگەڵدا بوو؛ - 18
- لەپاش ئەویش، یەهۆزاڤاد سەد و هەشتا یەکەی پیاوی پڕچەککراوی بۆ جەنگ لەگەڵ بوو.
- 19
- ئەمانە خزمەتکارەکانی پاشا بوون، جگە لەوانەی پاشا لەناو شارە قەڵابەندەکان لە هەموو یەهودا داینان.