عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- شاول و جادووگەرەکەی کانی دۆر
- 1
- ئەوە بوو لەو ڕۆژانەدا فەلەستییەکان سوپاکانیان بۆ جەنگ لە دژی ئیسرائیل کۆکردەوە، جا ئاخیش بە داودی گوت: «دڵنیابە، خۆت و پیاوەکانت لە سوپاکەدا لەگەڵ من دەبن.»
- 2
- داودیش بە ئاخیشی گوت: «ئینجا دەزانیت خزمەتکارەکەت چی دەکات.»
ئاخیش بە داودی گوت: «لەبەر ئەوە بە درێژایی ژیانت دەتکەمە پاسەوانی ژیانم.» - 3
- کاتێک ساموئێل مردبوو و هەموو ئیسرائیل شیوەنیان بۆ گێڕا، لە ڕامە لە شارۆچکەکەی خۆی ناشتیان. لەو ماوەیەدا شاول نێوانگر[a] و ڕۆح ئامادەکارەکانی[b] لە خاکەکە دوورخستبووەوە.
- 4
- لەو کاتەدا فەلەستییەکان کۆبوونەوە و هاتن و لە شونێم خێوەتگایان هەڵدا، شاولیش هەموو ئیسرائیلی کۆکردەوە و لە گلبۆع خێوەتگایان هەڵدا.
- 5
- جا شاول کە سوپای فەلەستییەکانی بینی ترسا و دڵی زۆر شڵەژا.
- 6
- کاتێک شاول پرسیاری لە یەزدان کرد، یەزدان نە بە خەون و نە بە ئوریم[c] و نە بە پێغەمبەرەکان وەڵامی نەدایەوە.
- 7
- لەبەر ئەوە شاول بە خزمەتکارەکانی گوت: «بەدوای ژنێکی نێوانگردا[d] بۆم بگەڕێن، هەتا بچمە لای و پرسیاری لێ بکەم.»
خزمەتکارەکانیشی پێیان گوت: «ژنێکی نێوانگر لە کانی دۆر هەیە.» - 8
- ئینجا شاول دەموچاوی خۆی گۆڕی و جلێکی دیکەی لەبەرکرد، دوو پیاوی لەگەڵ خۆی برد و بە شەو چوو بۆ لای ژنەکە، پێی گوت: «تکایە بەهۆی جنۆکەوە ڕۆح ئامادەکاریم بۆ بکە، ئەو کەسەم بۆ دەربخە کە پێتی دەڵێم.»
- 9
- بەڵام ژنەکە پێی گوت: «خۆت دەزانیت شاول چی کردووە و چۆن نێوانگر و ڕۆح ئامادەکارەکانی لە خاکەکە بڕیوەتەوە،[e] ئیتر بۆچی داو بۆ ژیانم دەنێیتەوە هەتا بکوژرێم؟»
- 10
- شاولیش بە یەزدان سوێندی بۆ خوارد و گوتی: «بە یەزدانی زیندوو، لەم کارەدا هیچ سزایەکت نادرێتە پاڵ.»
- 11
- جا ژنەکە گوتی: «کێت بۆ دەربخەم؟»
ئەویش گوتی: «ساموئێلم بۆ دەربخە.» - 12
- کە ژنەکە ساموئێلی بینی بە دەنگێکی بەرز قیژاندی و بە شاولی گوت: «بۆچی هەڵتخەڵەتاندم؟ تۆ شاولیت.»
- 13
- پاشاش پێی گوت: «مەترسە، چیت بینی؟»
ژنەکە بە شاولی گوت: «ڕۆحێکم بینی لە زەوییەوە سەردەکەوت.» - 14
- ئەویش پێی گوت: «شێوەی چۆنە؟»
ژنەکە گوتی: «پیرەمێردێکە سەردەکەوێت و کەوایەکی لەبەردایە.»
جا شاول زانی ئەوە ساموئێلە، سەری دانەواند و کڕنۆشی برد. - 15
- ساموئێل بە شاولی گوت: «بۆچی ڕاتچڵەکاندم و سەرت خستم؟»
شاولیش گوتی: «زۆر لە تەنگانەدام. فەلەستییەکان لە دژم دەجەنگن و خوداش لێم جیا بووەتەوە و چیدی وەڵامم ناداتەوە، نە بەهۆی پێغەمبەرەکانەوە و نە بە خەون، منیش بانگم کردیت هەتا پێم بڵێی چی بکەم.» - 16
- ساموئێلیش گوتی: «بۆچی پرسیارم لێ دەکەیت لە کاتێکدا یەزدان لێت جیا بووەتەوە و بووە بە دوژمنت؟
- 17
- یەزدان ئەوەی بۆ داود کرد، کە لە ڕێگەی منەوە فەرمووی. یەزدان پاشایەتییەکەی لەژێر دەستت دەرهێنا و دای بە نزیکەکەت، کە داودە.
- 18
- وەک چۆن گوێڕایەڵی فەرمایشتی یەزدان نەبوویت و گڕی تووڕەیی ئەوت بەسەر عەمالێقییەکاندا نەباراند، لەبەر ئەوە یەزدان ئەمڕۆ ئەمەی بەسەرت هێناوە.
- 19
- هەروەها یەزدان، ئیسرائیلیش لەگەڵ تۆدا بە دەست فەلەستییەکانەوە دەدات، سبەینێ خۆت و کوڕەکانت لەگەڵ مندا دەبن، هەروەها یەزدان سوپای ئیسرائیلیش بەدەست فەلەستییەکانەوە دەدات.»
- 20
- شاول دەستبەجێ بە درێژایی خۆی کەوتە سەر زەوی و زۆر لە قسەکانی ساموئێل ترسا. هیچ هێزی تێدا نەما، چونکە بە درێژایی ئەو شەو و ڕۆژە هیچ خواردنێکی نەخواردبوو.
- 21
- کاتێک ژنەکە هاتە لای شاول و بینی زۆر پەشۆکاوە، پێی گوت: «ئەوەتا کەنیزەکەت گوێڕایەڵی فەرمانت بوو و ژیانی خۆمم خستە ناو لەپی دەستمەوە و گوێم لەو قسەیەت گرت کە پێت گوتم.
- 22
- ئێستا تۆش گوێ لە کەنیزەکەت بگرە، پارچەیەک نان لەبەردەمتدا دادەنێم و بیخۆ، بۆ ئەوەی هێزت تێدابێت کاتێک بە ڕێگادا دەڕۆیت.»
- 23
- ئەویش ڕازی نەبوو و گوتی: «ناخۆم.»
بەڵام دوو خزمەتکارەکەی و ژنەکەش زۆریان لێکرد، ئەویش گوێی لێیان گرت و لەسەر زەوییەکە هەستا و لەسەر جێگاکە دانیشت. - 24
- ژنەکە جوانەگایەکی قەڵەوی لە ماڵەوە هەبوو، بە پەلە سەری بڕی و ئاردی برد و کردی بە هەویر و نانی فەتیرەی کرد.
- 25
- پاشان لەبەردەم شاول و دوو خزمەتکارەکەیدا داینا و خواردیان. ئینجا هەستان و لەو شەوەدا ڕۆیشتن.
- a. 28:3 نێوانگر: لێرەدا بەو واتایە دێت، کەسێکە کە گوایە هۆی پەیوەندی ڕێکخەرە لەنێوان خەڵکی مردوو و زیندوودا.
- b. 28:3 بەو کەسانە دەگوترێت کە ڕۆح ئامادە دەکەن. بڕوانە لێڤییەکان 19:31.
- c. 28:6 دوو بەردی گرانبەها بوون، لە کاتی بڕیاردان بۆ زانینی خواستی خودا بەکارهێنراون، بڕوانە 23:9-12 و دەرچوون 28:30.
- d. 28:7 بەدوای ژنێکی نێوانگر بگەڕێن: بڕوانە لێڤییەکان 20:6.
- e. 28:9 لە خاکەکە بڕیوەتەوە: بڕوانە لێڤییەکان 20:27.