عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- سەردانی شاژنی شەبا بۆ لای سلێمان
- 1
- کاتێک شاژنی شەبا ناوبانگی سلێمان و پەیوەندییەکەیی بە یەزدانەوە بیست، هات بۆ ئەوەی بە چەند مەتەڵێک تاقی بکاتەوە.
- 2
- بە کەژاوەیەکی زۆر گەورەوە، وشتری بارکراو لە بۆنوبەرام و زێڕی زۆر و بەردی گرانبەها، گەیشتە ئۆرشەلیم. هاتە لای سلێمان و لەبارەی هەموو ئەو شتانەی لە دڵی بوو قسەی لەگەڵ کرد.
- 3
- سلێمانیش وەڵامی هەموو پرسیارەکانی دایەوە، هیچ شتێک بۆ پاشا قورس نەبوو وەڵامی بداتەوە.
- 4
- کاتێک شاژنی شەبا ئەو هەموو داناییەی سلێمان و ئەو کۆشکەی بینی کە بنیادی نابوو،
- 5
- هەروەها خواردنی سەر خوانەکەی، دانیشتنی دەستوپێوەندەکانی، ڕێکوپێکی خزمەتکارەکانی و جلوبەرگاکانیان، ساقییەکانی و ئەو قوربانی سووتاندنانەی کە سلێمان لە پەرستگای یەزدان دەیکرد، لە بینینی ئەمانە شەیدا بوو.
- 6
- بە پاشای گوت: «ئەو هەواڵەی کە لە خاکەکەمدا لەبارەی کاروبار و داناییەکەت بیستم، ڕاستە.
- 7
- بڕوام بەو هەواڵانە نەکرد هەتا نەهاتم و بە چاوی خۆم نەمبینی، ئەوەتا نیوەشم پێ ڕانەگەیەنراوە، لە دانایی و چاکی زۆر مەزنتر بوویت لەوەی لەبارەی تۆوە بیستبووم.
- 8
- خۆزگە بە پیاوەکانت دەخوازرێ، خۆزگە بە خزمەتکارەکانت دەخوازرێ، ئەمانە کە هەمیشە لەبەردەمت ڕاوەستاون و داناییەکەت دەبیستن.
- 9
- ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگارت، ئەوەی پێت دڵشادە و لەسەر تەختی ئیسرائیل دایناویت. لەبەر ئەوەی یەزدان هەتاهەتایە ئیسرائیلی خۆشدەوێت، تۆی کردووەتە پاشا تاکو ڕاستودروستی و دادپەروەری پیادە بکەیت.»
- 10
- ئینجا سەد و بیست تالنت[a] زێڕ و بۆنوبەرامێکی زۆر و بەردی گرانبەهای دایە پاشا، جارێکی دیکە بۆنوبەرامی بەو جۆرە زۆر نەهاتەوە، هێندەی ئەوەی شاژنی شەبا پێشکەشی سلێمان پاشای کرد.
- 11
- هەروەها کەشتییەکانی حیرامیش ئەوانەی لە ئۆفیرەوە زێڕیان هەڵگرتبوو، لە ئۆفیرەوە دار ئەلگومی[b] زۆر زۆریان لەگەڵ بەردی گرانبەها هێنا.
- 12
- پاشا لەو دار ئەلگومانە چەند تەختێکی بۆ پتەوکردنی پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشا دروستکرد، هەروەها قیسارە و سازیش بۆ گۆرانیبێژەکان. هەتا ئەمڕۆش ئەوەندە داری ئەلگوم نەهاتووە و نەبینراوە.
- 13
- سلێمانی پاشا هەموو ئەو شتانەی دایە شاژنی شەبا کە ئارەزووی کرد، جگە لەو شتانەی کە سلێمان پاشا لە بەخشندەیی خۆی پێی بەخشی. پاشان لەگەڵ خزمەتکارەکانی بەڕێکەوت و گەڕایەوە خاکەکەی خۆی.
- دانایی و دەوڵەمەندی سلێمان
- 14
- کێشی ئەو زێڕەش کە لە ساڵێکدا بۆ سلێمان دەهات، شەش سەد و شەست و شەش تالنت[c] زێڕ بوو،
- 15
- جگە لە باجی سەر بازرگان و فرۆشیارەکان و پاشایانی عەرەب و فەرمانڕەوایانی خاکەکە.
- 16
- سلێمانی پاشا دوو سەد قەڵغانی گەورەی لە زێڕی کوتراو دروستکرد، شەش سەد شاقل[d] زێڕ بۆ هەر قەڵغانێک.
- 17
- سێ سەد قەڵغانی بچووکیشی لە زێڕی کوتراو دروستکرد، سێ مەنا[e] زێڕ بۆ هەر قەڵغانێک. ئینجا پاشا لە کۆشکی دارستانەکەی لوبنان داینان.
- 18
- هەروەها پاشا تەختێکی گەورەی لە عاج دروستکرد و بە زێڕی بێگەرد ڕووپۆشی کرد.
- 19
- تەختەکە شەش پێپلیکانەی هەبوو، بەشی سەرەوەی پاڵپشتەکەشی شێوەی نیمچە خڕ بوو، دوو دەسک لەم لاو لەو لایەوە لەسەر شوێنی دانیشتنەکە، دوو شێری ڕاوەستاویش لەتەنیشت دەسکەکان بوون.
- 20
- دوازدە شێری ڕاوەستاویش لەسەر ئەم لاو ئەو لای شەش پێپلیکانەکە هەبوو. لە هیچ پاشایەتییەک شتی وا دروستنەکرابوو.
- 21
- هەموو کاسە و جامەکانی خواردنەوەی سلێمان پاشا زێڕ بوون، هەروەها هەموو قاپوقاچاغەکانی کۆشکی دارستانەکەی لوبنان لە زێڕی بێگەرد بوون، هیچ شتێک لە زیو دروستنەکرابوو، چونکە لە سەردەمی سلێمان زیو بەهایەکی ئەوتۆی نەبوو.
- 22
- کەشتیگەلی[f] پاشا لەگەڵ کەشتییەکانی حیرام لە دەریا بوون، سێ ساڵ جارێک دەهاتن و زێڕ و زیو و عاج و مەیمون و تاوسیان دەهێنا.
- 23
- سلێمان گەورەترین پاشا بوو لەنێو پاشاکانی سەر زەوی چ لە دەوڵەمەندی و چ لە دانایی.
- 24
- هەموو خەڵکی سەر زەوی بە ئاواتەوە بوون ڕووی سلێمان ببینن، هەتا گوێ لە داناییەکەی بگرن کە خودا لە دڵیدا داینابوو.
- 25
- هەریەکە و ساڵ لەدوای ساڵ بە دیاری خۆیانەوە دەهاتن، لە قاپوقاچاغی زێڕ و زیو و جلوبەرگ و چەک و بۆنوبەرام و ئەسپ و هێستر.
- 26
- سلێمان گالیسکە و ئەسپ سواری کۆکردەوە، هەزار و چوار سەد گالیسکە و دوازدە هەزار ئەسپ سواری هەبوو. لە شارەکانی گالیسکەکان و لەگەڵ خۆیدا لە ئۆرشەلیم داینان.
- 27
- هەروەها پاشا کارێکی وای کرد کە لە ئۆرشەلیم زیو وەک بەردی لێ بێت، دار ئورزیش لە زۆری وەک دار هەنجیری زوورگەکان بێت.
- 28
- ئەسپەکانی سلێمان لە میسر و لە قەڤێیەوە[g] هاوردە دەکران. بازرگانەکانی پاشا لە قەڤێیەوە بە نرخی بازاڕ وەریاندەگرتن.
- 29
- گالیسکە لە میسرەوە بە شەش سەد شاقل[h] زیو و ئەسپیش بە سەد و پەنجا[i] هاوردەیان دەکرد، هەروەها بۆ هەموو پاشاکانی حیتی و ئارامی هەناردەیان دەکرد.
- a. 10:10 سەد و بیست تالنت: نزیکەی 4 تەن.
- b. 10:11 ئەلگوم جۆرە دارێکی بەهێزە لە لوبنان دەڕوێت، ڕەنگی سوور و بۆنخۆشە.
- c. 10:14 شەش سەد و شەست و شەش تالنت: نزیکەی بیست و سێ تەن.
- d. 10:16 نزیکەی 3,5 کیلۆگرام.
- e. 10:17 سێ مەنا: نزیکەی 1,7 کیلۆگرام.
- f. 10:22 عیبری: کەشتییەکانی تەرشیش واتا جۆرە کەشتییەکی تایبەت بوون کە بۆ بازرگانی بەکاردەهێنران.
- g. 10:28 قەڤێ: دەشێت کیلیکیا بێت. بڕوانە کردار 6:9 هتد.
- h. 10:29 شەش سەد شاقل: نزیکەی 7 کیلۆگرام.
- i. 10:29 سەد و پەنجا شاقل: نزیکەی 1,7 کیلۆگرام.