عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- ئێمە ڕۆڵەی خوداین
- 1
- تەماشا بکەن باوک چ خۆشەویستییەکی پێداوین، تاکو پێمان بگوترێت ڕۆڵەی خودا! ئێمە ئەوەین! بۆیە جیهان نامانناسێت، چونکە ئەوی نەناسیوە.
- 2
- خۆشەویستان، ئێستا ڕۆڵەی خوداین و هێشتا دەرنەکەوتووە دەبینە چی. بەڵام دەزانین کاتێک ئەو دەردەکەوێت ئێمە وەک ئەو دەبین، چونکە وەک خۆی دەیبینین.
- 3
- هەرکەسێک ئەم هیوایەی بەو هەبێت، خۆی پاک دەکاتەوە، هەروەک چۆن ئەو پاکە.
- 4
- هەرکەسێک گوناه بکات سەرپێچی دەکات، چونکە گوناه سەرپێچییە.
- 5
- دەزانن ئەو دەرکەوت تاکو گوناهەکان لاببات. ئەو خۆی بێ گوناهە.
- 6
- هەرکەسێک بە یەکبوون لەگەڵ مەسیح بژیێت، لە گوناهکردن بەردەوام نابێت. هەرکەسێک بە بەردەوامی گوناه بکات، نە ئەوی بینیوە و نە ئەویشی ناسیوە.
- 7
- ڕۆڵە خۆشەویستەکان، با کەس چەواشەتان نەکات. ئەوەی ڕاستودروستی پەیڕەو بکات ڕاستودروستە، وەک چۆن ئەویش ڕاستودروستە.
- 8
- ئەوەی گوناه بکات لە ئیبلیسە، چونکە ئیبلیس هەر لە سەرەتاوە گوناهی کردووە. کوڕی خودا بۆ ئەمە دەرکەوت، تاکو کارەکانی ئیبلیس تێکبدات.
- 9
- هەرکەسێک لە خوداوە لەدایک بووبێت بەردەوام نابێت لە گوناهکردن، چونکە تۆوی خودای تێدا دەچەسپێت. ناتوانێت بەردەوام بێت لە گوناهکردن، لەبەر ئەوەی لە خوداوە لەدایک بووە.
- 10
- ڕۆڵەی خودا و ڕۆڵەی ئیبلیس بەمە دەردەکەون: هەرکەسێک ڕاستودروستی پەیڕەو نەکات لە خوداوە نییە، هەروەک ئەوەی خوشکی یان برای خۆی خۆشنەوێت،
- 11
- چونکە ئەمە ئەم پەیامەیە کە لە سەرەتادا بیستتان، کە یەکترمان خۆشبوێ.
- خۆشویستنی یەکتر
- 12
- وەک قایین مەبن، کە سەر بە شەیتان بوو و هابیلی برای خۆی کوشت. بۆچی کوشتی؟ چونکە کارەکانی ئەو خراپ بوون و هی براکەی ڕاستودروست.
- 13
- خوشکان، برایان، لاتان سەیر نەبێت ئەگەر جیهان ڕقی لێتان بێتەوە.
- 14
- دەزانین لە مردنەوە بۆ ژیان گواستراینەوە، چونکە برایانمان خۆشدەوێت. ئەوەی خۆشەویستی نەبێت لە مردندا دەمێنێتەوە.
- 15
- هەرکەسێک ڕقی لە خوشکی یان براکەی ببێتەوە، بکوژە و ئێوە دەزانن هیچ بکوژێک نابێتە خاوەنی ژیانی هەتاهەتایی.
- 16
- بەمە خۆشەویستیمان زانی: عیسای مەسیح ژیانی خۆی بۆ ئێمە دانا. ئێمەش دەبێت ژیانی خۆمان بۆ خوشک و براکانمان دابنێین.
- 17
- ئەوەی ماڵی دنیای هەبێت و خوشکی یان براکەی خۆی بە نەداری بینی و دڵی لێی ڕەقکرد، چۆن خۆشەویستی خودای تێدا دەمێنێتەوە؟
- 18
- ڕۆڵە خۆشەویستەکان، با تەنها بە وشە و زمان خۆشەویستی دەرنەبڕین، بەڵکو بە کردار و ڕاستی.
- 19
- بەمە دەزانین کە سەر بە ڕاستیین، هەروەها چۆن دڵمان ئاسوودە دەبێت لە ئامادەبوونی ئەو:
- 20
- کاتێک دڵمان سەرکۆنەمان دەکات، خودا لە دڵمان گەورەترە و هەموو شتێک دەزانێت.
- 21
- خۆشەویستان، ئەگەر دڵمان سەرکۆنەمان نەکات، ئەوا لەبەردەم خودا دڵنیا دەبین،
- 22
- هەرچییەکی لێ داوا بکەین لێی وەردەگرین، چونکە ڕاسپاردەکانی بەجێدەگەیەنین و ئەوە دەکەین کە بەدڵیەتی.
- 23
- ئەمەش ڕاسپاردەکەیەتی: باوەڕمان بە ناوی عیسای مەسیحی کوڕەکەی هەبێت و یەکتریمان خۆشبوێ، وەک ڕایسپاردووین.
- 24
- ئەگەر کەسێک ڕاسپاردەکانی خودا بەجێبگەیەنێت، ئەوا بە یەکبوون لەگەڵ خودا دەژیێت، هەروەها خوداش بە یەکبوون لەگەڵ ئەو کەسەدا دەژیێت. بەمەدا دەزانین خودا بە یەکبوون لەگەڵمان دەژیێت: بەو ڕۆحەی کە پێیداوین.