عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- بەهرەکانی ڕۆحی پیرۆز
- 1
- خوشکان، برایان، نامەوێت بێ ئاگا بن لەبارەی بەهرەکانی ڕۆحی پیرۆزەوە.
- 2
- دەزانن کاتێک بتپەرست بوون، بەرەو بتە لاڵەکان ڕابەرایەتی و گومڕا کران.
- 3
- بۆیە بزانن کە کەس نییە بە ڕۆحی خودا بدوێت و بڵێت: «نەفرەت لە عیسا،» کەسیش ناتوانێت بڵێت: «عیسا پەروەردگارە،» بە ڕۆحی پیرۆز نەبێت.
- 4
- جۆرەها بەهرە هەیە، بەڵام هەمان ڕۆحە،
- 5
- جۆرەها خزمەت هەیە، بەڵام هەمان پەروەردگارە،
- 6
- جۆرەها کار هەیە، بەڵام هەمان خودایە، ئەوەی هەموو کارێک لە هەموواندا دەکات.
- 7
- بەڵام دەرکەوتنی بەهرەی ڕۆحی پیرۆز بۆ هەرکەسێک لە پێناو سوودمەندی گشتیی دەدرێت.
- 8
- جا یەکێک لە ڕێگەی ڕۆحەکەوە قسەی دانایی پێدەدرێت، بۆ یەکێکی دیکەش قسەی زانین بەگوێرەی هەمان ڕۆح.
- 9
- بۆ یەکێکی دیکەش باوەڕ بە هەمان ڕۆح، بۆ یەکێکی دیکە بەهرەی چاککردنەوە بە هەمان ڕۆح،
- 10
- یەکێکی دیکەش کاری پەرجوو، بۆ ئەوی دیکە ڕاگەیاندنی پەیامی خودا، بۆ ئەوی دیکە جیاکردنەوەی ڕۆحەکان، بۆ ئەوی دیکە جۆرەها زمانی ڕۆحی[a] ، بۆ یەکێکی دیکەش لێکدانەوەی زمانەکان.
- 11
- ئەمانە هەمووی کاری یەک ڕۆح و هەمان ڕۆحە، بۆ هەر یەکێک بە تایبەت دابەشی دەکات، چۆن بیەوێت.
- یەک لەش و ئەندامی زۆر
- 12
- هەروەک چۆن لەش یەکە و ئەندامی زۆری هەیە، هەموو ئەندامانی لەش لەگەڵ زۆرییان یەک لەشن، مەسیحیش بەم شێوەیەیە،
- 13
- چونکە هەموومان بە یەک ڕۆح بۆ یەک جەستە لە ئاو هەڵکێشراین، جولەکە یان ناجولەکە، کۆیلە یان ئازاد، هەموومان یەک ڕۆحمان پێدرا تاکو بیخۆینەوە.
- 14
- لەگەڵ ئەمەشدا لەشەکە یەک ئەندام نییە بەڵکو زۆرە.
- 15
- ئەگەر قاچ بڵێت: «لەبەر ئەوەی دەست نیم، هی لەش نیم،» ئایا ئیتر هی لەش نامێنێت؟
- 16
- ئەگەر گوێ بڵێت: «لەبەر ئەوەی چاو نیم، هی لەش نیم،» ئایا ئیتر هی لەش نامێنێت؟
- 17
- ئەگەر هەموو لەش چاو بووایە، ئەی کوا بیستن؟ ئەگەر هەمووی گوێ بووایە، ئەی کوا بۆنکردن؟
- 18
- بەڵام ئێستا خودا ئەندامانی دانا، هەر یەکێک لە لەشدا، وەک ویستی.
- 19
- ئەگەر هەموو یەک ئەندام بووایە، کوا لەش؟
- 20
- جا ئێستا ئەندام زۆرن، بەڵام لەش یەکە.
- 21
- چاو ناتوانێت بە دەست بڵێت: «پێویستیم پێت نییە.» یان سەر بە پێیەکان بڵێت: «پێویستیم پێتان نییە.»
- 22
- بەڵام بە پێچەوانەوە، ئەو ئەندامەی لەش کە لاوازتر دیارە ئەوا پێویستە،
- 23
- ئەو ئەندامەی لەش کە وا دەزانین ڕێزی کەمترە، زیاتر ڕێزی بۆ دادەنێین. ئەو ئەندامەی مایەی شەرمەزاریمانە ڕێزی تایبەتی لێ دەگرین،
- 24
- بەڵام ئەو ئەندامانەی ڕێزدارن پێویستییان بەمە نییە. خوداش لەشی ڕێکخستووە، ڕێزی زیاتری داوەتە ئەندامی بێ ڕێز،
- 25
- تاکو ناکۆکی لە لەشدا نەبێت، بەڵکو ئەندامەکان وەکو یەک بایەخ بە یەکتری بدەن.
- 26
- ئەگەر ئەندامێک ئازاری هەبوو، هەموو ئەندامان لەگەڵیدا ئازار دەچێژن، ئەگەر ئەندامێک ڕێزی لێنرا، هەموو ئەندامان لەگەڵیدا خۆشحاڵ دەبن.
- 27
- ئێوە لەشی مەسیحن، هەریەکەتان ئەندامی ئەون.
- 28
- خودا لە کڵێسادا خەڵکێکی دانا: یەکەم جار نێردراوان، دووەم پێغەمبەران، سێیەم فێرکاران، ئینجا پەرجووکاری، دوای ئەوە بەهرەکانی چاککردنەوە و توانای یارمەتیدان و بەڕێوەبردن و جۆرەها زمانی ڕۆحی.
- 29
- ئایا هەموو نێردراون؟ هەموو پێغەمبەرن؟ هەموو فێرکارن؟ هەموو پەرجووکارن؟
- 30
- هەموو بەهرەی چاککردنەوەیان هەیە؟ هەموو بە زمانەکان دەدوێن؟ هەموو لێک دەدەنەوە[b] ؟
- 31
- بەڵام تامەزرۆی بەهرەی باشتر بن.
ئێستاش باشترین ڕێگاتان پیشان دەدەم.
- a. 12:10 قسەکردنێکی ڕۆحی بۆ خودا کە مرۆڤ ناتوانێت لێی تێبگات، پێویستە لەلایەن یەکێکەوە لێک بدرێتەوە کە بەهرەی لێکدانەوەی هەیە.
- b. 12:30 لێکدانەوە و ڕاڤەکردنی زمانە ڕۆحییەکان.