عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
چوار گالیسكه‌ 
1
جارێكی دیكه‌ چاوم هه‌ڵبڕی بینیم له‌به‌رده‌مم چوار گالیسكه‌ی جه‌نگی له‌نێوان دوو كێوه‌وه‌ دێنه‌ ده‌ره‌وه‌، كێوه‌كانیش بڕۆنز بوون.
2
گالیسكه‌ی یه‌كه‌م ئه‌سپی سووری پێوه‌ بوو، دووه‌م ئه‌سپی ڕه‌ش،
3
سێیه‌م ئه‌سپی سپی، چواره‌م ئه‌سپی به‌ڵه‌ك، هه‌موویان ئه‌سپی به‌هێز بوون.
4
له‌و فریشته‌یه‌م پرسی كه‌ قسه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كردم: «گه‌وره‌م، ئه‌مانه‌ چین؟»
5
فریشته‌كه‌ش وه‌ڵامی دامه‌وه‌ و پێی گوتم: «ئه‌مانه‌ چوار ڕۆحه‌كه‌ی ئاسمانن خزمه‌تی په‌روه‌ردگاری هه‌موو زه‌وی ده‌كه‌ن و هاتوونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌.
6
ئه‌و گالیسكه‌یه‌ی ئه‌سپه‌ ڕه‌شه‌كانی پێوه‌یه‌ بۆ خاكی باكوور ده‌چێت، ئه‌وه‌ی ئه‌سپه‌ سپییه‌كانیشی پێوه‌یه‌ به‌ره‌و ڕۆژئاوا، ئه‌وه‌ی ئه‌سپه‌ به‌ڵه‌كه‌كانیشی پێوه‌یه‌ بۆ خاكی باشوور ده‌چێت.»
7
كاتێك ئه‌سپه‌ به‌هێزه‌كان چوونه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ په‌رۆشه‌وه‌ بوون كه‌ به‌سه‌ر زه‌ویدا بگه‌ڕێن، ئه‌ویش فه‌رمووی: «بڕۆن و به‌ناو زه‌ویدا بگه‌ڕێن.» ئه‌وانیش به‌ناو زه‌ویدا گه‌ڕان.
8
ئینجا هاواری لێكردم و پێی گوتم: «ببینه‌ ئه‌وانه‌ی بۆ خاكی باكوور ده‌چن، ڕۆحی منیان له‌ خاكی باكووردا ئارام كرده‌وه‌.»
تاجێك بۆ یه‌شوع 
9
پاشان فه‌رمایشتی یه‌زدانم بۆ هات و فه‌رمووی:
10
«زێڕ و زیو له‌ حه‌لده‌ی و تۆڤییاهو و یه‌دایا وه‌ربگره‌، ئه‌و ڕاپێچكراوانه‌ی له‌ بابله‌وه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌. هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ بڕۆ ماڵی یۆشیای كوڕی سه‌فه‌نیا.
11
زێڕ و زیو وه‌ربگره‌ و تاجێك دروستبكه‌، له‌سه‌ری یه‌شوعی كوڕی یه‌هۆچاداقی سه‌رۆك كاهینی بنێ.
12
پێی بڵێ، یه‌زدانی سوپاسالار ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ”ئه‌وه‌تا ئه‌و پیاوه‌ی ناوی لقه‌، له‌ جێی خۆیه‌وه‌ لق ده‌رده‌كات و په‌رستگای یه‌زدان بنیاد ده‌نێت.
13
ئه‌و ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ په‌رستگای یه‌زدان بنیاد ده‌نێت، شكۆمه‌ندی هه‌ڵده‌گرێت، له‌سه‌ر ته‌خته‌كه‌ی داده‌نیشێت فه‌رمانڕه‌وایه‌تی ده‌كات. هه‌روه‌ها ده‌بێته‌ كاهین له‌سه‌ر ته‌خته‌كه‌ی، ئیتر فه‌رمانڕه‌وایه‌تی خۆی له‌گه‌ڵ كاهینیێتییه‌كه‌ی ده‌گونجێنێت[a] .“
14
تاجه‌كه‌ش ده‌درێته‌ حه‌لده‌ی و تۆڤییاهو و یه‌دایا و حینی كوڕی سه‌فه‌نیا، وه‌ك یادگاری له‌ په‌رستگای یه‌زدان.
15
هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی دوورن دێن بۆ بنیادنانی په‌رستگای یه‌زدان، ئێوه‌ش ده‌زانن كه‌ یه‌زدانی سوپاسالار منی بۆ لای ئێوه‌ ناردووه‌. ئه‌مه‌ ده‌بێت ئه‌گه‌ر به‌ ته‌واوه‌تی گوێڕایه‌ڵی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان بن.»
  1. a. 6‏:13 كاتێك پاشا دوو ڕۆڵ له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێت، فه‌رمانڕه‌وایه‌تی و كاهینیێتی. پێشبینییه‌كه‌ كه‌ له‌ په‌یمانی نوێ له‌ كه‌سایه‌تی مه‌سیحدا دێته‌ دی.