عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
بۆعه‌ز ڕائووس له‌ خۆی ماره‌ ده‌كات 
1
هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا بۆعه‌ز بۆ ده‌روازه‌ی شارۆچكه‌كه‌ سه‌ركه‌وت و له‌وێ دانیشت. ئه‌وه‌ بوو ئه‌و خوێنگره‌ی كه‌ بۆعه‌ز باسی كرد له‌وێوه‌ تێپه‌ڕی. بۆعه‌زیش گوتی: «خزمه‌، لابده‌ و لێره‌ دابنیشه‌.» ئه‌ویش لایدا و دانیشت.
2
ئینجا بۆعه‌ز ده‌ پیاوی له‌ پیرانی شارۆچكه‌كه‌ برد و پێی گوتن: «لێره‌ دابنیشن.» ئه‌وانیش دانیشتن.
3
ئینجا به‌ خوێنگره‌كه‌ی[a] گوت: «ناعۆمی كه‌ له‌ وڵاتی مۆئاب گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، پارچه‌ زه‌وییه‌كی هه‌یه‌ كه‌ هی ئه‌لیمه‌له‌خی برامانه‌ ده‌یفرۆشێت.
4
منیش پێم وایه‌ ئه‌ركی منه‌ كه‌ پێت بڵێم له‌به‌رده‌می دانیشتووان و له‌به‌رده‌می پیرانی گه‌له‌كه‌م بیكڕه‌. ئیتر ئه‌گه‌ر ده‌یكڕیته‌وه‌ بیكڕه‌وه‌ و ئه‌گه‌ر نایكڕیته‌وه‌ ئه‌وا پێم بڵێ با بزانم، چونكه‌ تۆ له‌پێشتریت بۆ كڕینه‌وه‌ی، دوای تۆ من.»
ئه‌ویش گوتی: «ده‌یكڕمه‌وه‌.»
5
بۆعه‌زیش گوتی: «ئه‌و ڕۆژه‌ی زه‌وییه‌كه‌ له‌ ده‌ستی ناعۆمی ده‌كڕیته‌وه‌ هه‌روه‌ها له‌ ده‌ستی ڕائووسی مۆئابی كه‌ ژنی مردووه‌كه‌یه‌، ڕائووسیش ماره‌ ده‌كه‌یت، بۆ ئه‌وه‌ی میراته‌كه‌ به‌ ناوی مردووه‌كه‌ بكه‌یت.»
6
خوێنگره‌كه‌ش گوتی: «ناتوانم بۆ خۆم بیكڕمه‌وه‌، نه‌وه‌ك میراته‌كه‌ی خۆم تێكبده‌م. جا تۆ خۆت بیكڕه‌وه‌، چونكه‌ من ناتوانم بیكڕمه‌وه‌.»
7
وا باو بوو له‌ ئیسرائیلدا بۆ سه‌لماندنی ئه‌نجامدانی هه‌موو كارێكی مافی كڕینه‌وه‌ و گواستنه‌وه‌ی خاوه‌نداریێتی موڵك، كابرا پێڵاوه‌كه‌ی دابكه‌نێت و بیداته‌ لایه‌نی به‌رامبه‌ر. ئیتر ئه‌مه‌ ئه‌و نه‌ریته‌ بوو كه‌ له‌ ئیسرائیل ده‌گیرایه‌به‌ر.
8
ئینجا خوێنگره‌كه‌ به‌ بۆعه‌زی گوت «بۆ خۆت بیكڕه‌» و پێڵاوه‌كه‌ی داكه‌ند.
9
بۆعه‌زیش به‌ پیره‌كان و هه‌موو خه‌ڵكه‌كه‌ی گوت: «ئێوه‌ ئه‌مڕۆ شایه‌تن كه‌ من هه‌رچییه‌ك هی ئه‌لیمه‌له‌خ و هه‌رچییه‌ك هی كیلیۆن و مه‌حلۆن بوو له‌ ده‌ستی ناعۆمی كڕیمه‌وه‌.
10
هه‌روه‌ها ڕائووسی مۆئابی ژنی مه‌حلۆنیشم له‌ خۆم ماره‌ كرد هه‌تا ببێت به‌ ژنم، بۆ ئه‌وه‌ی میراته‌كه‌ به‌ ناوی مردووه‌كه‌ بكه‌م، ناوی مردووه‌كه‌ له‌نێو گه‌له‌كه‌ی كوێر نه‌بێته‌وه‌ و له‌ تۆماری شارۆچكه‌كه‌یدا نه‌سڕێته‌وه‌. ئێوه‌ ئه‌مڕۆ شایه‌تن!»
11
هه‌موو خه‌ڵكه‌كه‌ و پیره‌كان كه‌ له‌ناو ده‌روازه‌كه‌ دانیشتبوون گوتیان: «ئێمه‌ شایه‌تین. ئه‌و ژنه‌ی كه‌ دێته‌ ماڵه‌كه‌ت یه‌زدان وه‌كو ڕاحێل و لێئه‌ی لێ بكات كه‌ بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیلیان دروستكرد. ئیتر با مه‌زن بیت له‌ ئه‌فراته‌ و ناودار بیت له‌ بێت‌له‌حم.
12
هه‌روه‌ها ماڵه‌كه‌ت و ئه‌و وه‌چه‌یه‌ی یه‌زدان له‌م ئافره‌ته‌ ده‌تداتێ وه‌كو بنه‌ماڵه‌ی پێرێز بێت ئه‌وه‌ی له‌ تامار له‌دایك بوو بۆ یه‌هودا.»
بنه‌چه‌ی داود 
13
ئیتر بۆعه‌ز ڕائووسی هێنا و گواستییه‌وه‌، یه‌زدانیش سكپڕبوونی پێ به‌خشی و كوڕێكی بوو.
14
ژنان به‌ ناعۆمییان گوت: «ستایش بۆ ئه‌و یه‌زدانه‌ی ئه‌مڕۆ بێ خوێنگری نه‌كردیت. با ناوی بۆعه‌ز له‌ ئیسرائیلدا ده‌نگ بداته‌وه‌.
15
ده‌بێته‌ نوێكه‌ره‌وه‌ی گیانت و له‌ پیریتدا به‌خێوت ده‌كات، چونكه‌ له‌ بووكه‌كه‌ت بووه‌ كه‌ تۆی خۆشویست و ئه‌و بۆ تۆ له‌ حه‌وت كوڕ باشتره‌.»
16
ناعۆمیش كوڕه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و له‌ باوه‌شی كرد و بوو به‌ دایه‌نی.
17
ژنه‌ دراوسێكان گوتیان «كوڕێك له‌دایك بوو بۆ ناعۆمی» و ناویان لێنا عوبێد، كه‌ باوكی یه‌سای باوكی داود بوو.
18
ئه‌مانه‌ش نه‌وه‌كانی پێرێزن:
پێرێز باوكی حه‌سرۆن بوو،
19
حه‌سرۆنیش باوكی ڕام بوو،
ڕامیش باوكی عه‌میناداب بوو،
20
عه‌مینادابیش باوكی نه‌حشۆن بوو،
نه‌حشۆنیش باوكی سه‌لمۆن بوو،
21
سه‌لمۆنیش باوكی بۆعه‌ز بوو،
بۆعه‌زیش باوكی عوبێد بوو،
22
عوبێدیش باوكی یه‌سا بوو و
یه‌ساش باوكی داود بوو.
  1. a. 4‏:3 یه‌كێك له‌ ئه‌ركه‌كانی خوێنگر پاراستنی ناو و سه‌روه‌تی مردووه‌كه‌یه‌.