عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ڕائووس و بۆعه‌ز له‌ جۆخینه‌كه‌ 
1
ناعۆمی خه‌سووی پێی گوت: «كچم ئایا پێویست نییه‌ هه‌وڵ بده‌م بۆ حه‌وانه‌وه‌ت كه‌ خێری تۆی تێدابێت؟
2
بۆعه‌ز ئه‌وه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ كچه‌ خزمه‌تكاره‌كانی بوویت خزممانه‌ و ئه‌وه‌تا ئه‌مشه‌و له‌سه‌ر جۆخینه‌كه‌[a] شه‌نی جۆ ده‌كات.
3
خۆت بشۆ و بۆن له‌ خۆت بده‌ و خۆت بگۆڕه‌ و بڕۆ بۆ سه‌ر جۆخینه‌كه‌ به‌ڵام خۆت ئاشكرا مه‌كه‌ له‌لای پیاوه‌كه‌ هه‌تا له‌ خواردن و خواردنه‌وه‌ ده‌بێته‌وه‌.
4
هه‌ر كه‌ پاڵكه‌وت، بزانه‌ شوێنی پاڵكه‌وتنه‌كه‌ی كوێیه‌. بڕۆ لای پێی هه‌ڵبده‌وه‌ و پاڵبكه‌وه‌، ئیتر خۆی پێت ده‌ڵێت چی بكه‌یت.»
5
ئه‌ویش پێی گوت: «هه‌رچییه‌كت گوت ده‌یكه‌م.»
6
ئیتر چووه‌ سه‌ر جۆخینه‌كه‌ و هه‌موو ئه‌وه‌ی كه‌ خه‌سووی فه‌رمانی پێدا كردی.
7
بۆعه‌ز خواردی و خواردیه‌وه‌ و دڵی خۆش بوو و چووه‌ ژووره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ قه‌راغی دانه‌وێڵه‌ كۆكراوه‌كه‌دا پاڵ بكه‌وێت. ئه‌ویش به‌دزییه‌وه‌ چووه‌ ژووره‌وه‌ و لای پێیه‌كانی بۆعه‌زی هه‌ڵدایه‌وه‌ و پاڵكه‌وت.
8
له‌ نیوه‌شه‌ودا بۆعه‌ز په‌شۆكا، ئاوڕی دایه‌وه‌ ته‌ماشای كرد ژنێك له‌لای پێیه‌وه‌ پاڵكه‌وتووه‌.
9
گوتی: «تۆ كێیت؟»
ئه‌ویش گوتی: «من ڕائووسی كاره‌كه‌ری تۆم. دامێنی كراسه‌كه‌ت بده‌[b] به‌سه‌ر خزمه‌تكاره‌كه‌تدا چونكه‌ تۆ خوێنگری منیت.»
10
ئه‌ویش گوتی: «با تۆ له‌لایه‌ن یه‌زدانه‌وه‌ به‌ره‌كه‌تدار بیت كچه‌كه‌م، چونكه‌ ئه‌م چاكه‌یه‌ی دواییت زیاتره‌ له‌وه‌ی یه‌كه‌م جارت، چونكه‌ هه‌وڵت نه‌داوه‌ شوێن لاوان بكه‌ویت، هه‌ژار بن یان ده‌وڵه‌مه‌ند.
11
ئێستاش كچی خۆم مه‌ترسه‌. هه‌رچییه‌ك بڵێی بۆت ده‌كه‌م، چونكه‌ هه‌موو پیاوماقوڵانی شارۆچكه‌كه‌م ده‌زانن كه‌ تۆ ژنێكی ڕه‌وشت به‌رزیت.
12
ئێستاش ڕاسته‌ من خزمم، به‌ڵام خوێنگرێكی دیكه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌ من پێشتره‌.[c]
13
ئه‌مشه‌و بخه‌وه‌، به‌یانی ئه‌گه‌ر ئه‌و خزمه‌ به‌ مافی پێشینه‌یی خزمایه‌تی هه‌ستا ئه‌وا باشه‌، با به‌جێی بهێنێت. به‌ یه‌زدانی زیندوو! ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌یویست مافی پێشینه‌یی خزمایه‌تی به‌جێبهێنێت، ئه‌وا من به‌جێی ده‌هێنم. تۆ هه‌تا به‌یانی پاڵبكه‌وه‌.»
14
ئه‌ویش له‌لای پێیه‌وه‌ پاڵكه‌وت هه‌تا به‌ره‌به‌یان، ئینجا پێش ئه‌وه‌ی كه‌سێك بتوانێت بیناسێته‌وه‌، هه‌ستا. بۆعه‌ز گوتی: «كه‌س نازانێت كه‌ ئافره‌تێك هاتووه‌ بۆ سه‌ر جۆخینه‌كه‌.»
15
ئینجا بۆعه‌ز به‌ ڕائووسی گوت: «چارۆكه‌كه‌ی به‌رت بهێنه‌ و بیگره‌وه‌.» ئه‌ویش گرتییه‌وه‌ و بۆعه‌زیش شه‌ش پێوانه‌ی له‌ جۆ كێشا و خستییه‌ سه‌ری. ئینجا بۆعه‌ز چووه‌ ناو شارۆچكه‌كه‌وه‌.
16
ڕائووسیش كه‌ هات بۆ لای خه‌سووی، خه‌سووی لێی پرسی: «كچم چیت كرد؟»
ئه‌ویش بۆعه‌ز هه‌رچییه‌كی بۆ كرد بۆی گێڕایه‌وه‌.
17
گوتی: «ئه‌م شه‌ش پێوانه‌ جۆیه‌ ئه‌و پێیدام، چونكه‌ گوتی: ”به‌ ده‌ستبه‌تاڵی مه‌چووه‌وه‌ لای خه‌سووت.“»
18
ئینجا ناعۆمی گوتی: «كچم دابنیشه‌ هه‌تا ده‌زانیت كاره‌كه‌ چی لێدێت، چونكه‌ پیاوه‌كه‌ هێوور نابێته‌وه‌ هه‌تا ئه‌مڕۆ كاره‌كه‌ ته‌واو نه‌كات.»
  1. a. 3‏:2 جۆخین یان سه‌رخه‌رمان ئه‌و زه‌وییه‌ ته‌رخانكراوه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن وه‌رزێر و جوتیاره‌وه‌ به‌كارهێنراوه‌ بۆ كوتانی دانه‌وێڵه‌ له‌سه‌ری له‌دوای كۆكردنه‌وه‌ی له‌ كێڵگه‌.
  2. b. 3‏:9 ده‌ربڕینێك بۆ ماره‌بڕین.
  3. c. 3‏:12 له‌ من پێشتره‌: بڕوانه‌ \+xt لێڤییه‌كان 25‏:25‏\+xt*‏.