عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
مۆری حه‌وته‌م 
1
كاتێك به‌رخه‌كه‌ مۆری حه‌وته‌می كرده‌وه‌، نیو كاتژمێر بێده‌نگییه‌ك ئاسمانی گرته‌وه‌.
2
ئه‌و حه‌وت فریشته‌یه‌م بینی كه‌ له‌به‌رده‌م خودا ڕاده‌وه‌ستن و حه‌وت كه‌ڕه‌نایان پێدرابوو.
3
فریشته‌یه‌كی دیكه‌ش هات و له‌لای قوربانگاكه‌ وه‌ستا، بخووردانێكی زێڕینی پێبوو. بخوورێكی زۆریشی پێدرابوو تاكو له‌گه‌ڵ نوێژی گه‌لی پیرۆزی خودا له‌سه‌ر ئه‌و قوربانگا زێڕینه‌ی كه‌ له‌به‌رده‌م ته‌خته‌كه‌یه‌ پێشكه‌شی بكات.
4
له‌گه‌ڵ نوێژه‌كانی گه‌لی پیرۆزی خودا، دووكه‌ڵی بخوور له‌ ده‌ستی فریشته‌كه‌ له‌به‌رده‌م خودا به‌رزبووه‌وه‌.
5
فریشته‌كه‌ش بخووردانه‌كه‌ی برد و له‌ قوربانگاكه‌ پڕی كرد له‌ ئاگر و فڕێیدایه‌ سه‌ر زه‌وی. ئیتر بوو به‌ هه‌وره‌گرمه‌ و ده‌نگه‌ده‌نگ و هه‌وره‌ بروسكه‌، پاشان بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك ڕوویدا.
حه‌وت كه‌ڕه‌ناكان 
6
ئیتر حه‌وت فریشته‌كه‌ی كه‌ حه‌وت كه‌ڕه‌ناكه‌یان پێبوو خۆیان بۆ لێدانی كه‌ڕه‌نا ئاماده‌ كرد.
7
فریشته‌ی یه‌كه‌م كه‌ڕه‌ناكه‌ی لێدا و ته‌رزه‌ و ئاگری تێكه‌ڵ به‌ خوێنی په‌یدابوو، فڕێدرانه‌ سه‌ر زه‌وی. سێیه‌كی زه‌وی سووتا و سێیه‌كی دره‌خته‌كانیش سووتان و هه‌موو گیایه‌كی سه‌وز سووتان.
8
فریشته‌ی دووه‌م كه‌ڕه‌ناكه‌ی لێدا و شتێك له‌ شێوه‌ی چیایه‌كی گه‌وره‌ی گڕگرتوو فڕێدرایه‌ ده‌ریاوه‌. سێیه‌كی ده‌ریاكه‌ش بووه‌ خوێن،
9
سێیه‌كی بوونه‌وه‌رانی زیندووی ده‌ریاش مردن، سێیه‌كی كه‌شتییه‌كانیش تێكشكان.
10
فریشته‌ی سێیه‌م كه‌ڕه‌ناكه‌ی لێدا و ئه‌ستێره‌یه‌كی گه‌وره‌ی پرشنگداری وه‌ك چرا له‌ ئاسمانه‌وه‌ كه‌وته‌ سه‌ر سێیه‌كی ڕووبار و سه‌رچاوه‌كانی ئاو،
11
ئه‌ستێره‌كه‌ش ناوی زه‌قنه‌بووت بوو. سێیه‌كی ئاو تاڵ بوو، خه‌ڵكانێكی زۆریش له‌به‌ر تاڵی ئاوه‌كه‌ مردن.
12
فریشته‌ی چواره‌میش كه‌ڕه‌ناكه‌ی لێدا و سێیه‌كی خۆر و سێیه‌كی مانگ و سێیه‌كی ئه‌ستێره‌كان لێدران، تاكو سێیه‌كیان تاریك بن. ڕۆژ سێیه‌كی تاریك بوو، سێیه‌كی شه‌ویش به‌ هه‌مان شێوه‌ بێ ڕووناكی بوو.
13
پاشان ته‌ماشام كرد، بیستم هه‌ڵۆیه‌كی هه‌ڵفڕیو له‌ناوه‌ڕاستی ئاسماندا، به‌ ده‌نگێكی به‌رز ده‌یگوت: «قوڕبه‌سه‌رتان! قوڕبه‌سه‌رتان! ئه‌ی دانیشتووانی سه‌ر زه‌وی، قوڕبه‌سه‌رتان! كاتێك ئه‌و سێ فریشته‌یه‌ی كه‌ خه‌ریكن كه‌ڕه‌ناكانیان لێده‌ده‌ن، چی به‌سه‌ر زه‌وی ده‌هێنن!»