عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
پاراستنی به‌نده‌كانی خودا 
1
پاش ئه‌مه‌ چوار فریشته‌م بینی له‌سه‌ر هه‌ر چوار گۆشه‌ی زه‌وی ڕاوه‌ستابوون، چوار بایه‌كه‌ی زه‌وییان گرتبوو تاكو بۆ سه‌ر زه‌وی و سه‌ر ده‌ریا و سه‌ر هیچ دره‌ختێك هه‌ڵنه‌كه‌ن.
2
فریشته‌یه‌كی دیكه‌شم بینی له‌ ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وت مۆری خودای زیندووی پێبوو، به‌ ده‌نگێكی به‌رز بانگی چوار فریشته‌كه‌ی كرد كه‌ توانایان پێدرابوو زیان به‌ زه‌وی و ده‌ریا بگه‌یه‌نن، گوتی:
3
«زیان به‌ زه‌وی و ده‌ریا و دره‌خت مه‌گه‌یه‌نن هه‌تا نێوچه‌وانی به‌نده‌كانی خودامان مۆر ده‌كه‌ین.»
4
گوێم لێبوو كه‌ ژماره‌ی مۆركراوان له‌ هه‌موو هۆزه‌كانی نه‌وه‌ی ئیسرائیل سه‌د و چل و چوار هه‌زاره‌.
5
له‌ هۆزی یه‌هودا دوازده‌ هه‌زار مۆركراو،
له‌ هۆزی ڕه‌ئوبێن دوازده‌ هه‌زار،
له‌ هۆزی گاد دوازده‌ هه‌زار،
6
له‌ هۆزی ئاشێر دوازده‌ هه‌زار،
له‌ هۆزی نه‌فتالی دوازده‌ هه‌زار،
له‌ هۆزی مه‌نه‌شه‌ دوازده‌ هه‌زار،
7
له‌ هۆزی شیمۆن دوازده‌ هه‌زار،
له‌ هۆزی لێڤی دوازده‌ هه‌زار،
له‌ هۆزی یه‌ساخار دوازده‌ هه‌زار،
8
له‌ هۆزی زه‌بولون دوازده‌ هه‌زار،
له‌ هۆزی یوسف دوازده‌ هه‌زار،
له‌ هۆزی بنیامین دوازده‌ هه‌زار مۆركراو.
خه‌ڵكانێكی سپیپۆش 
9
پاش ئه‌مه‌ سه‌یرم كرد ئاپۆره‌یه‌ك له‌ خه‌ڵكم بینی له‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌ و هۆز و گه‌ل و زمانێك كه‌ له‌ ژماره‌ نه‌ده‌هات، له‌به‌رده‌م ته‌خته‌كه‌ و به‌رخه‌كه‌ ڕاوه‌ستابوون، جلی سپییان له‌به‌ردا بوو و لقه‌ دار خورمایان به‌ده‌سته‌وه‌ گرتبوو،
10
به‌ ده‌نگێكی به‌رز هاواریان ده‌كرد و ده‌یانگوت:
«ڕزگاری هی خودامانه‌،
كه‌ له‌سه‌ر ته‌خته‌كه‌ دانیشتووه‌ و
هی به‌رخه‌كه‌یه‌.»
11
هه‌موو فریشته‌كان له‌ ده‌وری ته‌خته‌كه‌ ڕاوه‌ستابوون، پیره‌كان و چوار بوونه‌وه‌ره‌كه‌، له‌به‌رده‌م ته‌خته‌كه‌ به‌ ڕوودا كه‌وتن و كڕنۆشیان بۆ خودا برد،
12
ده‌یانگوت:
«ئامین!
ستایش و شكۆ و دانایی و
سوپاس و ڕێز و هێز و توانا
بۆ خودامانه‌، هه‌تاهه‌تایه‌!
ئامین!»
13
دوایی یه‌كێك له‌ پیره‌كان لێی پرسیم: «ئه‌م سپی پۆشانه‌ كێن و له‌كوێوه‌ هاتوون؟»
14
منیش پێم گوت: «گه‌وره‌م، تۆ ده‌زانیت.»
پێی گوتم: «ئه‌مانه‌ ئه‌وانه‌ن كه‌ له‌ ته‌نگانه‌ گه‌وره‌كه‌وه‌ هاتوون و جله‌كانیان به‌ خوێنی به‌رخه‌كه‌ شوشتووه‌ و سپی كردووه‌.
15
بۆیه‌
«له‌به‌رده‌م ته‌ختی خودان و
شه‌و و ڕۆژ له‌ په‌رستگاكه‌ی خزمه‌تی ده‌كه‌ن و
دانیشتووی سه‌ر ته‌خته‌كه‌ش به‌ چادر دایانده‌پۆشێت.
16
ئیتر نه‌ برسی ده‌بن و نه‌ تینوو،
نه‌ هه‌تاو لێیان ده‌دات و نه‌ گه‌رمی سووتێنه‌ر.
17
چونكه‌ به‌رخه‌كه‌ی ناوه‌ڕاستی ته‌خته‌كه‌ شوانه‌تییان ده‌كات و
به‌ره‌و كانییه‌كانی ئاوی ژیانیان ده‌بات،
خوداش هه‌موو فرمێسكه‌كانی چاویان ده‌سڕێته‌وه‌.»