عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - بەرخەکە و سروودی جەماوەر
 - 1
 - پاشان بینیم بەرخەکە لەسەر کێوی سییۆن ڕاوەستابوو، سەد و چل و چوار هەزار کەسی لەگەڵ بوو، ناوی ئەو و ناوی باوکی لەسەر ناوچەوانیان[a] نووسرابوو.
 - 2
 - لە ئاسمانەوە دەنگێکم بیست وەک خوڕەی ئاوێکی زۆر و دەنگی هەورەگرمەیەکی گەورە. ئەو دەنگەی کە گوێم لێبوو وەک دەنگی قیسارەش وابوو کە ژەنیاران دەیژەنن.
 - 3
 - لەبەردەم تەختەکە و لەبەردەم چوار بوونەوەرەکە و پیرەکان سروودێکی نوێیان دەگوت. کەس نەیدەتوانی سروودەکە فێرببێت جگە لەو سەد و چل و چوار هەزارەی لە زەوییەوە کڕابوونەوە.
 - 4
 - ئەوانە ئەو کەسانەن کە خۆیان لەگەڵ ئافرەت گڵاو نەکردووە، چونکە پاکیزەن و بەدوای بەرخەکە دەکەون بۆ هەرکوێ بڕوات. ئەوانە لەنێو خەڵک کڕدراونەتەوە وەک نۆبەرە بۆ خودا و بەرخەکە.
 - 5
 - درۆ لە دەمیاندا نادۆزرێتەوە، ئەوان بێ کەموکوڕین.
 - سێ فریشتەکە
 - 6
 - ئینجا فریشتەیەکی دیکەم بینی لە ناوەڕاستی ئاسماندا دەفڕی، مزگێنیی هەتاهەتایی پێبوو، تاکو بۆ دانیشتووانی سەر زەوی ڕابگەیەنێت، بۆ هەموو نەتەوە و هۆز و زمان و گەلێک.
 - 7
 - بە دەنگێکی بەرز دەیگوت: «لە خودا بترسن و ستایشی بکەن، چونکە کاتی حوکمدان هاتووە. کڕنۆش بۆ دروستکەری ئاسمان و زەوی و دەریا و کانیاوەکان ببەن.»
 - 8
 - فریشتەی دووەم، لەدوایەوە دەیگوت: «کەوت! بابلی گەورە کەوت، ئەوەی بەم جۆرەی کرد هەموو نەتەوەکان شەرابی تووڕەیی داوێنپیسییەکەی بخۆنەوە.»
 - 9
 - فریشتەی سێیەم، لە دوایانەوە بە دەنگێکی بەرز دەیگوت: «هەرکەسێک کڕنۆش بۆ دڕندەکە و پەیکەرەکەی ببات و نیشانەی سەر نێوچەوانی یان دەستی وەربگرێت،
 - 10
 - هەروەها ئەویش شەرابی تووڕەیی خودا دەخواتەوە، کە بە سادەیی لە جامی تووڕەییەکەی ڕژاوە. لەبەردەم فریشتە پیرۆزەکان و بەرخەکەدا بە ئاگر و گۆگرد ئازار دەدرێت.
 - 11
 - دووکەڵی ئازاریان بۆ هەتاهەتایە بەرز دەبێتەوە. ئەوانەی کڕنۆش بۆ دڕندەکە و پەیکەرەکەی دەبەن، ئەوەی نیشانەی ناوەکەی وەربگرێت شەو و ڕۆژ پشوویان نابێت.»
 - 12
 - ئەمە بانگەوازە بۆ دانبەخۆداگرتنی گەلی پیرۆزی خودا کە ڕاسپاردەکانی خودا بەجێدەگەیەنن و باوەڕی عیسا دەپارێزن.
 - 13
 - گوێم لە دەنگێک بوو لە ئاسمانەوە دەیگوت: «بنووسە: خۆزگە دەخوازرێت بەو مردووانەی لە ئێستاوە بە یەکبوون لەگەڵ عیسای خاوەن شکۆ دەمرن!»
ڕۆحی پیرۆز دەفەرموێ: «بەڵێ، بۆ ئەوەی لە ماندووبوونیان بحەسێنەوە، چونکە کردەوەکانیان شوێنیان دەکەون.» - دروێنەی زەوی
 - 14
 - پاشان تەماشام کرد، هەورێکی سپیم بینی و لەسەر هەورەکە کەسێکی وەک کوڕی مرۆڤ[b] دانیشتووە، تاجێکی زێڕینی لەسەر و داسێکی تیژی بەدەستەوە بوو.
 - 15
 - فریشتەیەکی دیکە لە پەرستگا هاتە دەرەوە و بە دەنگێکی بەرز بانگی دانیشتووی سەر هەورەکەی کرد: «داسەکەت هەڵگرە و بدروەوە، چونکە کاتی دروێنە هاتووە و بەرهەمی زەوی پێگەیشتووە.»
 - 16
 - جا دانیشتووی سەر هەورەکە داسەکەی بۆ سەر زەوی وەشاند و زەوی دروێنە کرا.
 - 17
 - فریشتەیەکی دیکە لە پەرستگاکەی ئاسمان دەرچوو و ئەویش داسێکی تیژی پێبوو.
 - 18
 - ئینجا فریشتەیەکی دیکە لە قوربانگاوە هاتە دەرەوە کە دەسەڵاتی بەسەر ئاگردا هەبوو. بە دەنگێکی بەرز بە ئەوەی گوت کە داسە تیژەکەی پێبوو: «داسە تیژەکەت هەڵگرە و هێشووەکانی ڕەزی زەوی کۆبکەرەوە، چونکە ترێیەکەی پێگەیشتووە.»
 - 19
 - فریشتەکە داسەکەی وەشاندە زەوی و ڕەزەکانی زەوی ڕنی و فڕێیدایە ناو گوشەرە گەورەکەی تووڕەیی خودا.
 - 20
 - گوشەرەکە[c]  لە دەرەوەی شار گوشرا، بە بەرزی لغاوی ئەسپێک، هەزار و شەش سەد ستادیا[d]  خوێن لە گوشەرەکە دەرچوو.
 
- a. 14:1 بڕوانە حزقیێل 9:4.
 - b. 14:14 بڕوانە دانیال 7:13.
 - c. 14:20 بڕوانە ئیشایا 63:3.
 - d. 14:20 دەکاتە نزیکەی سێ سەد کیلۆمەتر.
 

