عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
دەرکەوتنی دڕندەیەک لە دەریا 
1
ئەژدیهاکەش لەسەر لمی دەریا ڕاوەستا. ئینجا دڕندەیەکم بینی لە دەریاکە دەهاتە دەرەوە، دە شاخ و حەوت سەری هەبوو، دە تاجیش لەسەر شاخەکانی بوون، لەسەر سەرەکانیشی ناوی کفرکردن هەبوو.
2
ئەو دڕندەیەی بینیم لە پڵنگ دەچوو، پێی وەک ورچ و دەمی وەک دەمی شێر بوو. ئەژدیهاکەش توانا و تەختی خۆی و دەسەڵاتێکی گەورەی دایە دڕندەکە.
3
سەرێک لە سەرەکانی دڕندەکە وەک بۆ مردن سەربڕابێت، بەڵام برینە کوشندەکەی ساڕێژ ببوو. هەموو زەویش بە سەرسامییەوە بەدوای دڕندەکە کەوتن،
4
کڕنۆشیان بۆ ئەژدیهاکە برد، چونکە دەسەڵاتی بە دڕندەکە دابوو، کڕنۆشیان بۆ دڕندەکەش برد و گوتیان: «کێ وەک دڕندەکە وایە؟ کێ دەتوانێت لە دژی بجەنگێت؟»
5
دڕندەکە دەمێکی پێدرابوو، قسەی گەورە و کفری دەکرد، هەروەها چل و دوو مانگی پێدرابوو تاکو دەسەڵات بەکاربهێنێت.
6
ئیتر دەمی کردەوە و کفری بە خودا کرد و جنێوی بە ناوی خودا و نشینگەکەی و دانیشتووانی ئاسمان دەدا.
7
ڕێگەی پێدرابوو لە دژی گەلی پیرۆزی خودا بجەنگێت و بیانبەزێنێت، دەسەڵاتیشی پێدرابوو بەسەر هەموو هۆز و گەل و زمان و نەتەوەیەکدا.
8
هەموو دانیشتووانی سەر زەویش کڕنۆشی بۆ دەبەن، ئەوانەی ناویان لە پەڕتووکی ژیانی بەرخەکەدا نەنووسراوە، ئەو بەرخەی کە لە دامەزراندنی جیهانەوە سەربڕدراوە.
9
ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت.
10
ئەگەر یەکێک بۆ ڕاپێچکردن بچێت،
ڕاپێچ دەکرێت.
ئەگەر یەکێک بە شمشێر بکوژرێت،
بە شمشێر دەکوژرێت[a] .
ئەم بانگەوازە بۆ دانبەخۆداگرتن و دڵسۆزی گەلی پیرۆزی خودایە.
دەرکەوتنی دڕندەیەک لە زەوی 
11
دڕندەیەکی دیکەم بینی لە زەوییەوە دەهاتە دەرەوە، دوو شاخی وەک بەرخی هەبوو، بەڵام وەک ئەژدیها دەدوا.
12
بە تەواوی دەسەڵاتی دڕندەی یەکەمی بۆ ئەو پەیڕەو دەکرد، وای لە زەوی و دانیشتووانی سەری دەکرد کڕنۆش بۆ دڕندەی یەکەم ببەن، کە برینە کوشندەکەی ساڕێژ ببوو.
13
نیشانەی گەورەی دەکرد، تەنانەت وای دەکرد لەبەرچاوی خەڵک ئاگر لە ئاسمانەوە بێتە خوارەوە بۆ زەوی.
14
هەروەها بەو نیشانانەی کە پێی درابوو لە پێناوی دڕندەی یەکەمدا بیکات، دانیشتووانی سەر زەویی گومڕا دەکرد. فەرمانی بە خەڵکی سەر زەوی دا پەیکەرێک بۆ ئەو دڕندەیە دابمەزرێنن کە بە شمشێر بریندار کرا و بە زیندوویی مایەوە.
15
هەروەها ڕێگەی پێدرابوو هەناسە بداتە پەیکەری دڕندەی یەکەم تاکو پەیکەری دڕندەکە قسە بکات و وا بکات هەموو ئەوانەی کڕنۆش بۆ پەیکەری دڕندەکە نابەن بکوژرێن.
16
وای لە هەمووانیش دەکرد، گەورە و بچووک، دەوڵەمەند و هەژار، ئازاد و کۆیلە، نیشانەیەک لەسەر دەستی ڕاستیان یان لەسەر ناوچەوانیان دروستبکرێت،
17
تاکو کەس نەتوانێت کڕین و فرۆشتن بکات، تەنها ئەوە نەبێت نیشانەکەی پێوەیە. نیشانەکەش ناوی دڕندەکەیە یان ژمارەی ناوەکەی.
18
ئەمە بانگەوازە بۆ دانایی: ئەوەی تێدەگات، با ژمارەی دڕندەکە لێکبداتەوە، چونکە ئەوە ژمارەی مرۆڤە کە ژمارەکەی شەش سەد و شەست و شەشە[b] .
  1. a. 13‏:10 یەرمیا 15‏:2.‏‏
  2. b. 13‏:18 ژمارەی هێمایی بە واتای کەمکراوەی لە ژمارەی خودا 777 کە ژمارەیەکی تەواوە.‏