عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ژن و ئه‌ژدیها 
1
نیشانه‌یه‌كی گه‌وره‌ش له‌ ئاسماندا ده‌ركه‌وت: ئافره‌تێك خۆری پۆشی بوو، مانگ له‌ژێر پێیدا و تاجێكی دوازده‌ ئه‌ستێره‌یی له‌سه‌ر سه‌ری بوو،
2
سكی هه‌بوو، ئازاری هه‌بوو و له‌تاو ژانی منداڵبوون هاواری ده‌كرد.
3
نیشانه‌یه‌كی دیكه‌ش له‌ ئاسماندا ده‌ركه‌وت: ئه‌ژدیهایه‌كی گه‌وره‌ی سوور، حه‌وت سه‌ر و ده‌ شاخی هه‌بوو، حه‌وت تاج له‌سه‌ر سه‌ره‌كانی بوون.
4
كلكیشی سێیه‌كی ئه‌ستێره‌ی ئاسمانی ڕاكێشا و فڕێیدانه‌ سه‌ر زه‌وی، ئه‌ژدیهاكه‌ له‌به‌رده‌م ئه‌و ئافره‌ته‌ی كه‌ منداڵی ده‌بوو وه‌ستابوو، تاكو كه‌ منداڵه‌كه‌ بوو بیخوات.
5
ئیتر منداڵێكی نێرینه‌ی بوو، ئه‌وه‌ی له‌ داهاتوودا به‌ گۆچانێكی ئاسنین فه‌رمانڕه‌وایه‌تی نه‌ته‌وه‌كان ده‌كات. به‌ڵام منداڵه‌كه‌ی بۆ لای خودا و ته‌خته‌كه‌ی ڕفێنرا.
6
ئافره‌ته‌كه‌ش به‌ره‌و چۆڵه‌وانی ڕایكرد، له‌وێدا شوێنێكی هه‌یه‌ له‌لایه‌ن خوداوه‌ ئاماده‌ كراوه‌، تاكو له‌وێ هه‌زار و دوو سه‌د و شه‌ست[a] ڕۆژ به‌خێو بكرێت.
7
پاشان له‌ ئاسماندا بووه‌ شه‌ڕ، میكائیل و فریشته‌كانی له‌ دژی ئه‌ژدیهاكه‌ جه‌نگان، ئه‌ژدیهاكه‌ و فریشته‌كانیشی دژی ئه‌وان،
8
به‌ڵام ئه‌ژدیهاكه‌ به‌هێز نه‌بوو، شوێنیان له‌ ئاسماندا نه‌ما.
9
ئه‌ژدیهایه‌ گه‌وره‌كه‌ فڕێدرایه‌ خواره‌وه‌، ماره‌ دێرینه‌كه‌ كه‌ به‌ ئیبلیس و شه‌یتان ناوده‌بردرێت، ئه‌وه‌ی هه‌موو جیهان گومڕا ده‌كات، فریشته‌كانیشی له‌گه‌ڵیدا فڕێدرانه‌ سه‌ر زه‌وی.
10
جا گوێم له‌ ده‌نگێكی به‌رز بوو له‌ ئاسماندا ده‌یفه‌رموو:
«ئێستا ڕزگاری و هێز و شانشینی خودامان و
ده‌سه‌ڵاتی مه‌سیحه‌كه‌ی هاتووه‌،
چونكه‌ ئه‌و سكاڵاكاره‌ی له‌ خوشك و براكانمان،
كه‌ شه‌و و ڕۆژ له‌به‌رده‌م خوداماندا سكاڵای لێیان ده‌كرد،
فڕێدرایه‌ خواره‌وه‌.
11
ئه‌وان به‌ خوێنی به‌رخه‌كه‌ و
به‌و شایه‌تییه‌ی كه‌ دایان به‌سه‌ریدا سه‌ركه‌وتن،
ژیانی خۆیان خۆشنه‌ویست و پێشوازییان له‌ مه‌رگ كرد.
12
بۆیه‌ ئه‌ی ئاسمان و ئه‌وانه‌ی تێیدا نیشته‌جێن، دڵخۆش بن!
به‌ڵام قوڕبه‌سه‌ر زه‌وی و ده‌ریا،
چونكه‌ ئیبلیس بۆتان دابه‌زیوه‌!
تووڕه‌ییه‌كی گه‌وره‌ی پێیه‌،
چونكه‌ ده‌زانێت كاتێكی كورتی هه‌یه‌.»
13
كاتێك ئه‌ژدیهاكه‌ خۆی بینی فڕێدراوه‌ته‌ سه‌ر زه‌وی، ئافره‌ته‌كه‌ی ڕاونا كه‌ كوڕه‌كه‌ی لێبوو.
14
ئافره‌ته‌كه‌ هه‌ردوو باڵی هه‌ڵۆیه‌كی گه‌وره‌ی پێدرا تاكو بۆ چۆڵه‌وانی و شوێنی خۆی بفڕێت و له‌وێدا بۆ ماوه‌ی چل و دوو مانگ دوور له‌ ماره‌كه‌ به‌خێو بكرێت.
15
ماره‌كه‌ش له‌ ده‌میه‌وه‌ ئاوێكی وه‌ك ڕووبار به‌دوای ئافره‌ته‌كه‌دا فڕێدا بۆ ئه‌وه‌ی ئاو بیبات.
16
زه‌وی یارمه‌تی ئافره‌ته‌كه‌ی دا، زه‌وی ده‌می كرده‌وه‌ و ئه‌و ڕووباره‌ی قووت دا كه‌ ئه‌ژدیهاكه‌ له‌ ده‌میه‌وه‌ فڕێیدا.
17
ئه‌ژدیهاكه‌ له‌ ئافره‌ته‌كه‌ تووڕه‌ بوو، چوو له‌گه‌ڵ نه‌وه‌كانی دیكه‌ی بجه‌نگێت، ئه‌وانه‌ی ڕاسپارده‌كانی خودا به‌جێده‌گه‌یه‌نن و پابه‌ندن به‌ شایه‌تییان بۆ عیسا.
  1. a. 12‏:6 ده‌كاته‌ چل و دوو مانگ یان سێ ساڵ و نیو. \+xt بڕوانه‌ 11‏:2 و 12‏:14‏\+xt*.