عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
زه‌بوورێك، گۆرانییه‌ك بۆ ڕۆژی شه‌ممه‌. 
1
چاكه‌ ستایشی یه‌زدان بكرێت،
گۆرانی گوتن بۆ ناوت، ئه‌ی هه‌ره‌به‌رز،
2
به‌یانییان خۆشه‌ویستی نه‌گۆڕت ڕابگه‌یه‌نرێت و
دڵسۆزیت به‌ شه‌وان،
3
به‌ قیساره‌ی ده‌ ژێیی،
به‌ ئاوازی ساز.
4
چونكه‌ ئه‌ی یه‌زدان، به‌ كرداره‌كانت دڵخۆشت كردووم،
هه‌لهه‌له‌ لێده‌ده‌م بۆ كاره‌كانی ده‌ستت.
5
ئه‌ی یه‌زدان، كرداره‌كانت چه‌نده‌ مه‌زنه‌!
بیركردنه‌وه‌ی تۆ چه‌نده‌ قووڵه‌!
6
مرۆڤی گێل ئه‌مه‌ نازانێت،
نه‌زانیش ئه‌مه‌ تێناگات:
7
هه‌رچه‌نده‌ خراپه‌كاران وه‌ك گیا بگه‌شێنه‌وه‌ و
هه‌موو به‌دكاران چرۆ بكه‌ن،
بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ له‌ناوده‌چن.
8
به‌ڵام ئه‌ی یه‌زدان، تۆ هه‌میشه‌ به‌رزیت.
9
ئه‌ی یه‌زدان، چونكه‌ بێگومان دوژمنه‌كانت،
بێگومان دوژمنه‌كانت ده‌فه‌وتێن و
هه‌موو به‌دكاران په‌رته‌وازه‌ ده‌بن.
10
به‌ڵام وه‌ك گای كێوی به‌هێز بووم،
به‌ ڕۆنی گرانبه‌ها چه‌ور كرام.
11
به‌ چاوی خۆم به‌زینی دوژمنانم ده‌بینم،
گوێم له‌ به‌زینی ئه‌وانه‌ ده‌بێت كه‌ به‌ خراپه‌ دژم هه‌ستاون.
12
ڕاستودروستان وه‌ك دار خورما گه‌شه‌ ده‌كه‌ن،
وه‌ك ئورزی لوبنان گه‌شه‌ ده‌كه‌ن،
13
له‌ ماڵی یه‌زدان ڕواون،
له‌ حه‌وشه‌ی ماڵه‌كه‌ی خودامان گه‌شه‌ ده‌كه‌ن.
14
به‌ پیریش هه‌ر به‌ریان ده‌بێت،
هه‌میشه‌ ته‌ڕ و سه‌وزن،
15
بۆ ئه‌وه‌ی ڕابگه‌یه‌نن كه‌ یه‌زدان ڕاستودروسته‌،
تاشه‌به‌ردمه‌ و خراپه‌ له‌ ئه‌ودا نییه‌.