عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
نوێژێكی موسای پیاوی خودا. 
1
ئه‌ی په‌روه‌ردگار، نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌
تۆ په‌ناگامان بوویت.
2
به‌ر له‌وه‌ی چیاكان په‌یدا ببن،
یان زه‌وی و جیهان دروستببن،
له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌ و بۆ هه‌تاهه‌تایه‌، تۆ خودایت.
3
تۆ مرۆڤ ده‌كه‌یته‌وه‌ به‌ تۆز،
ده‌فه‌رموویت: «ئاده‌میزادینه‌، بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ تۆز.»
4
چونكه‌ له‌لای تۆ، هه‌زار ساڵ
وه‌ك دوێنێ وایه‌ كه‌ تێپه‌ڕیوه‌،
وه‌ك به‌شێكی شه‌و وایه‌.
5
مرۆڤ وه‌ك خه‌ون ڕاده‌ماڵیت،
وه‌ك ئه‌و گیایه‌ی سه‌ر له‌ به‌یانی نوێ ده‌بێته‌وه‌،
6
سه‌ر له‌ به‌یانی ده‌بووژێته‌وه‌ و نوێ ده‌بێته‌وه‌،
بۆ ئێواره‌ سیس ده‌بێت و ده‌فه‌وتێت.
7
چونكه‌ به‌ هه‌ڵچوونی تۆ له‌ناوچووین،
به‌ تووڕه‌یی تۆ تۆقین.
8
گوناهه‌كانی ئێمه‌ت له‌به‌رده‌می خۆت داناوه‌،
شته‌ شاراوه‌كانمان له‌به‌ر ڕووناكی ڕوخسارت.
9
چونكه‌ هه‌موو ڕۆژگارمان به‌ تووڕه‌یی تۆ به‌سه‌رچوو،
ساڵانی ته‌مه‌نمان وه‌ك هه‌ناسه‌یه‌ك به‌سه‌ربرد.
10
ساڵانی ته‌مه‌نمان حه‌فتا ساڵه‌،
یان هه‌شتا ساڵ ئه‌گه‌ر به‌ هێزه‌وه‌ بێت،
ئه‌وه‌ی مایه‌ی شانازیش بێت ڕه‌نج و ناخۆشییه‌،
چونكه‌ به‌ په‌له‌ ده‌ڕه‌وێته‌وه‌ و ئێمه‌ باڵده‌گرین.
11
كێ هێزی تووڕه‌یی تۆ ده‌زانێت؟
چونكه‌ تووڕه‌یی تۆ ترسێكی زۆر ده‌هێنێ.
12
ئیتر فێرمان بكه‌ ڕۆژانمان بژمێرین،
بۆ ئه‌وه‌ی دڵێكی پڕ داناییمان هه‌بێت.
13
ئه‌ی یه‌زدان، تووڕه‌ییه‌كه‌ی دابمركێنه‌وه‌! هه‌تا كه‌ی؟
له‌گه‌ڵ خزمه‌تكاره‌كانت میهره‌بان به‌.
14
سه‌ر له‌ به‌یانی له‌ خۆشه‌ویستییه‌ نه‌گۆڕه‌كه‌ت تێرمان بكه‌،
هه‌تا هه‌موو ڕۆژانی ژیانمان هه‌لهه‌له‌ لێبده‌ین و دڵشاد ببین.
15
دڵشادمان بكه‌ ئه‌وه‌نده‌ی بۆ ئه‌و ڕۆژانه‌ی تووشی ناخۆشیت كردین،
ئه‌و ساڵانه‌ی كه‌ خراپه‌مان بینی.
16
كرده‌وه‌ مه‌زنه‌كانت بۆ خزمه‌تكاره‌كانت ده‌ربخه‌،
شكۆمه‌ندیت به‌سه‌ر منداڵه‌كانیان.
17
با نیعمه‌تی خودای په‌روه‌ردگارمان به‌سه‌رمانه‌وه‌ بێت،
كرده‌وه‌كانی ده‌ستمان بۆ بچه‌سپێنه‌،
به‌ڵێ، كرده‌وه‌كانی ده‌ستمان بچه‌سپێنه‌.