عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
زه‌بوورێكی ئاساف. 
1
ئه‌ی خودایه‌، نه‌ته‌وه‌كان هاتوونه‌ته‌ ناو میراتی تۆ،
په‌رستگای پیرۆزی تۆیان گڵاو كردووه‌،
ئۆرشه‌لیمیان كردووه‌ به‌ كه‌لاوه‌.
2
ته‌رمی خزمه‌تكاره‌كانی تۆیان
كردووه‌ به‌ خۆراكی باڵنده‌ی ئاسمان و
گۆشتی خۆشه‌ویستانت بۆ دڕنده‌ی زه‌وی.
3
له‌ ده‌وروبه‌ری ئۆرشه‌لیم وه‌ك ئاو خوێنیان ڕشتن،
كه‌س نه‌بوو بیاننێژێت.
4
بووین به‌ په‌ندی دراوسێكانمان،
بووین به‌ سووكایه‌تی و گاڵته‌جاڕی ده‌وروبه‌رمان.
5
ئه‌ی یه‌زدان هه‌تا كه‌ی؟ ئایا هه‌تاسه‌ر هه‌ر تووڕه‌ ده‌بیت؟
هه‌تا كه‌ی ئیره‌ییت وه‌ك ئاگر ده‌سووتێت؟
6
تووڕه‌یی خۆت به‌سه‌ر ئه‌و نه‌ته‌وانه‌دا ببارێنه‌ كه‌ پشت گوێت ده‌خه‌ن،
به‌سه‌ر ئه‌و شانشینانه‌دا بیڕێژه‌ كه‌ به‌ ناوی تۆ ناپاڕێنه‌وه‌.
7
چونكه‌ ئه‌وانه‌ یاقوبیان هه‌ڵلووشیوه‌،
نیشتیمانیان خاپوور كردووه‌.
8
گوناهی باپیرانی پێش خۆمان له‌سه‌ر مه‌ژمێره‌،
با به‌زه‌ییت زوو پێشمان بكه‌وێت،
چونكه‌ ئێمه‌ زۆر زه‌لیل بووین.
9
ئه‌ی خودای ڕزگاركه‌رمان، یارمه‌تیمان بده‌،
له‌به‌ر شكۆی ناوی خۆت.
ده‌ربازمان بكه‌ و له‌ گوناهمان خۆشبه‌،
له‌ پێناوی ناوی خۆت.
10
بۆچی نه‌ته‌وه‌كان بڵێن:
«كوا خوداكه‌یان؟»
با هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان بزانن كه‌ تۆ له‌به‌رچاوی هه‌موومان
تۆڵه‌ی خوێنی ڕژاوی خزمه‌تكاره‌كانی خۆت ده‌كه‌یته‌وه‌.
11
با ناڵه‌ و هاواری دیله‌كانت پێ بگات،
به‌ گه‌وره‌یی بازووی خۆت بیانهێڵه‌وه‌
ئه‌وانه‌ی سزای مردنیان به‌سه‌ردا دراوه‌.
12
ئه‌ی په‌روه‌ردگار، حه‌وت ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و سووكایه‌تییه‌ی
دراوسێكانمان پێیان كردی،
له‌ باوه‌شیان سووكایه‌تییان پێ بكه‌.
13
ئینجا ئێمه‌ی گه‌لی تۆ، مه‌ڕی له‌وه‌ڕگای تۆ،
هه‌تاهه‌تایه‌ ستایشت ده‌كه‌ین،
نه‌وه‌ به‌ نه‌وه‌ باسی ستایشی تۆ ده‌كه‌ین.