عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
هۆنراوه‌یه‌كی ئاساف. 
1
ئه‌ی گه‌لی من، گوێ بده‌نه‌ فێركردنم،
گوێ شل بكه‌ن بۆ قسه‌كانی ده‌مم.
2
به‌ نموونه‌ ده‌مم ده‌كه‌مه‌وه‌،
مه‌ته‌ڵی ڕۆژگاری كۆن ده‌رده‌بڕم.
3
ئه‌و شتانه‌ی بیستوومانه‌ و زانیومانه‌،
ئه‌وه‌ی باوباپیرانمان پێیان گوتووین.
4
ئه‌و شتانه‌ له‌ منداڵه‌كانیان ناشارینه‌وه‌،
به‌ڵكو به‌ نه‌وه‌ی داهاتوو،
ستایشی یه‌زدان ڕاده‌گه‌یه‌نین،
هێزی و كاره‌ سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كانی كه‌ كردوویه‌تی.
5
له‌ناو بنه‌ماڵه‌ی یاقوب شه‌ریعه‌تی[a] دامه‌زراند،
له‌ناو ئیسرائیل ته‌ورات،
كه‌ باوباپیرانی ئێمه‌ی ڕاسپارد
كه‌ فێری منداڵانی خۆیانی بكه‌ن،
6
بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ی داهاتوو بیانزانێت،
ئه‌و منداڵانه‌ی له‌دایك ده‌بن،
ئه‌وانیش هه‌ستن و بۆ منداڵانی خۆیانی باس بكه‌ن.
7
ئینجا هیوایان به‌ خودا ده‌بێت،
كرداره‌كانی خودایان له‌ یاد ناچێ،
به‌ڵكو ڕاسپارده‌كانی به‌جێده‌گه‌یه‌نن.
8
بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك باوباپیرانیان نه‌بن،
نه‌وه‌یه‌كی یاخی و كه‌لله‌ڕه‌ق،
نه‌وه‌یه‌ك جگه‌رسۆز نه‌بوو بۆ خودا،
ڕۆحیشیان دڵسۆزی ئه‌و نه‌بوو.
9
ئه‌فرایمییه‌كان كه‌ چه‌كیان تیروكه‌وان بوو،
له‌ ڕۆژی جه‌نگدا گه‌ڕانه‌وه‌.
10
په‌یمانی خودایان شكاند،
به‌پێی فێركردنی نه‌جوڵانه‌وه‌.
11
كرداره‌كانی خودایان له‌بیر كرد،
ئه‌و كاره‌ سه‌رسوڕهێنه‌رانه‌ی كه‌ پیشانی دابوون.
12
له‌به‌رچاوی باوباپیرانیان په‌رجووی كرد،
له‌ خاكی میسر، له‌ وڵاتی چۆعه‌ن[b] .
13
ده‌ریای شه‌قكرد و په‌ڕاندنیه‌وه‌،
وه‌ك به‌ربه‌ست ئاوی ڕاگرت.
14
به‌ ڕۆژ به‌هۆی هه‌وره‌وه‌ ڕێبه‌ری كردن،
به‌ درێژایی شه‌ویش به‌ ڕووناكی ئاگر.
15
له‌ بیابان تاشه‌به‌ردی شه‌قكرد و ئاوی پێدان،
ئه‌وه‌نده‌ زۆر وه‌ك له‌ ده‌ریاوه‌ بێت.
16
جۆگه‌ی له‌ناو تاشه‌به‌رد هه‌ڵقوڵاند،
وه‌ك ڕووبار ئاوی به‌ردایه‌وه‌.
17
به‌ڵام به‌رده‌وام بوون له‌ گوناهكردن له‌ دژی،
له‌ یاخیبوون له‌ دژی هه‌ره‌به‌رز له‌ بیابان.
18
له‌ دڵی خۆیاندا خودایان تاقی كرده‌وه‌
به‌ داواكردنی ئه‌و خواردنه‌ی دڵیان پێوه‌ی بوو.
19
له‌ دژی خودا دوان، گوتیان:
«ئایا خودا ده‌توانێت له‌ چۆڵه‌وانی مێزێك بڕازێنێته‌وه‌؟
20
ئه‌وه‌تا له‌ تاشه‌به‌رده‌كه‌ی دا و ئاوی لێ هێنا،
جۆگه‌كان ئاویان لێ ڕژا!
ئایا ده‌توانێت نانیش بدات و
گۆشت بۆ گه‌له‌كه‌ی دابین بكات؟»
21
كه‌ یه‌زدان ئه‌مه‌ی بیست زۆر تووڕه‌ بوو،
ئاگری داگیرسا له‌ دژی یاقوب،
هه‌روه‌ها تووڕه‌یی هه‌ستا له‌ ئیسرائیل،
22
چونكه‌ بڕوایان به‌ خودا نه‌هێنا و
پشتیان به‌ ڕزگاریی ئه‌و نه‌به‌ست.
23
جا فه‌رمانی دا به‌ هه‌وره‌كان له‌ به‌رزایی،
ده‌رگای ئاسمانی كرده‌وه‌،
24
مه‌نی به‌سه‌ریاندا باراند بۆ خواردن و
دانه‌وێڵه‌ی ئاسمانی پێدان.
25
مرۆڤ نانی فریشته‌كانیان خوارد،
ئازووقه‌ی بۆ ناردن هه‌تا تێربوون.
26
له‌ ئاسمانه‌وه‌ بای ڕۆژهه‌ڵاتی هه‌ڵكرد،
به‌ هێزیشی بای باشووری به‌ره‌و پێش برد.
27
وه‌ك خۆڵ گۆشتی به‌سه‌ریاندا باراند،
وه‌ك لمی ده‌ریاكان په‌له‌وه‌ڕی باڵدار.
28
باراندییه‌ ناو ئۆردوگاكه‌یان،
له‌ ده‌وروبه‌ری چادره‌كانیان.
29
خواردیان و زۆر تیر بوون،
ئه‌وه‌ی دڵیان پێوه‌ی بوو بۆی هێنان.
30
به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ی ئه‌وه‌ی حه‌زیان لێی بوو به‌جێی بهێڵن،
هێشتا خواردنه‌كه‌یان له‌ناو ده‌م بوو،
31
تووڕه‌یی خودا لێیان هه‌ستا،
هه‌ره‌ به‌هێزه‌كانی كوشتن و
باشترین گه‌نجه‌كانی ئیسرائیلی خست.
32
له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا گوناهیان كرده‌وه‌،
بڕوایان به‌ كاره‌ سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كانی نه‌كرد.
33
به‌ فووێك ڕۆژگاری له‌ناوبردن،
به‌ تۆقاندن ساڵانیان.
34
ئه‌گه‌ر بیانكوژێت به‌دوای ده‌كه‌ون،
به‌ په‌رۆشه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ لای.
35
به‌بیریان دێته‌وه‌ كه‌ خودا تاشه‌به‌ردیانه‌،
خودای هه‌ره‌به‌رزیشه‌ كه‌ ده‌یانكڕێته‌وه‌[c] .
36
به‌ڵام به‌ ده‌م فێڵ ده‌كه‌ن،
به‌ زمان درۆی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن.
37
دڵیان له‌لای ناچه‌سپێت،
دڵسۆز نین له‌گه‌ڵ په‌یمانه‌كه‌ی.
38
ئه‌ویش به‌زه‌ییداره و
له‌ گوناه خۆشده‌بێت و نافه‌وتێنێت.
زۆر جار تووڕه‌یی خۆی ده‌گێڕێته‌وه‌،
هه‌موو هه‌ڵچوونی خۆی ده‌رنابڕێت.
39
به‌بیری دێته‌وه‌ ئه‌مانه‌ مرۆڤن،
بایه‌كن هه‌ڵده‌كه‌ن و ناگه‌ڕێنه‌وه‌.
40
چه‌ند جار له‌ چۆڵه‌وانی لێی یاخیبوون،
له‌ بیابان دڵته‌نگیان كرد.
41
جار له‌دوای جار خودایان تاقی كرده‌وه‌،
خودا پیرۆزه‌كه‌ی ئیسرائیلیان ئه‌زیه‌ت دا.
42
ده‌ستی ئه‌ویان له‌بیرچوو،
ئه‌و ڕۆژه‌ی ئه‌وانی له‌ دوژمن كڕییه‌وه‌.
43
ئه‌و ڕۆژه‌ی له‌ میسر نیشانه‌ی پیشاندا،
له‌ وڵاتی چۆعه‌ن په‌رجووی كرد.
44
ڕووبار و جۆگه‌كانیانی گۆڕی بۆ خوێن،
بۆ ئه‌وه‌ی نه‌خۆنه‌وه‌.
45
مێشومه‌گه‌زی نارد پێوه‌یان دان،
بۆقی نارد بۆگه‌نیان كردن.
46
به‌روبوومی ئه‌وانی دا به‌ سن،
به‌ری ماندووبوونیان به‌ كولله‌.
47
به‌ ته‌رزه‌ ڕه‌زه‌مێوه‌كانی كوتان و
به‌ زوقم دار هه‌نجیره‌كانی وشككردن.
48
گاوگۆتاڵی ئه‌وانی خستنه‌ به‌ر ته‌رزه‌ و
ئاژه‌ڵی ماڵی دانه‌ به‌ر بروسكه‌.
49
گڕی هه‌ڵچوونی خۆی ڕژانده‌ سه‌ریان، تووڕه‌یی و تۆڵه‌ و به‌ڵا،
به‌ فریشته‌ی له‌ناوبه‌ر ناردی.
50
ڕێگای بۆ تووڕه‌یی خۆی خۆشكرد،
مردنی لێ نه‌گێڕانه‌وه‌،
ژیانیانی تووشی ده‌رد كرد.
51
له‌ هه‌موو نۆبه‌ره‌كانی میسری دا،
یه‌كه‌مین به‌رهه‌می پیاوه‌تی وڵاتی حام[d] .
52
ئینجا وه‌ك مه‌ڕ گه‌له‌كه‌ی به‌پێشدا،
وه‌ك ڕان له‌ چۆڵه‌وانی ڕابه‌رایه‌تی كردن.
53
به‌بێ ترس به‌ره‌و ئاسووده‌یی ڕێنمایی كردن،
به‌ڵام ده‌ریا دوژمنه‌كانی داپۆشین.
54
بردنی بۆ سنووری خاكی پیرۆز،
ئه‌و چیایه‌ی به‌ ده‌ستی ڕاسته‌ی به‌ده‌ستیهێنا.
55
نه‌ته‌وه‌كانی له‌به‌رده‌م ده‌ركردن،
میراتی به‌ گوریس بۆ دابه‌ش كردن،
هۆزه‌كانی ئیسرائیلی له‌ خێوه‌ته‌كانیان نیشته‌جێ كرد.
56
به‌ڵام خودای هه‌ره‌به‌رزیان تاقی كرده‌وه‌ و یاخی بوون،
یاساكه‌یان شكاند.
57
هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ و فێڵبازییان كرد،
وه‌ك باپیرانیان له‌ڕێ لایاندا، وه‌ك كه‌وانێكی ناڕێك.
58
به‌ نزرگه‌كانیان له‌سه‌ر به‌رزاییه‌كان په‌ستیان كرد،
به‌ بته‌كانیان ئیره‌یی[e] ئه‌ویان جۆشاند.
59
خودا ئه‌مه‌ی بیست، پڕ تووڕه‌یی بوو،
به‌ ته‌واوی ئیسرائیلی ڕه‌تكرده‌وه‌.
60
چادری په‌رستنی شیلۆی[f] به‌جێهێشت،
ئه‌و چادره‌ی له‌ناو مرۆڤ هه‌ڵیدابوو.
61
سندوقی په‌یمانی خۆی دایه‌ ده‌ست،
هێمای هێز و شكۆی خۆی دایه‌ ده‌ست ناحه‌زه‌كانی.
62
گه‌لی خۆی خسته‌ به‌رده‌می شمشێر،
له‌ میراته‌كه‌ی تووڕه‌ بوو.
63
گه‌نجه‌كانیان ئاگر هه‌ڵیلووشین،
كچه‌كانیان هه‌لهه‌له‌یان لێ نه‌دا.
64
كاهینه‌كانیان به‌ شمشێر كه‌وتن،
بێوه‌ژنه‌كانیان شیوه‌نیان نه‌گێڕا.
65
ئه‌وسا په‌روه‌ردگار وه‌ك خه‌وتووێك هه‌ستا،
وه‌ك پاڵه‌وانێك له‌ سه‌رخۆشی به‌هۆش بێته‌وه‌.
66
له‌ دوژمنه‌كانی دا بۆ دواوه‌،
كردنی به‌ ڕیسوایی هه‌میشه‌یی.
67
خێوه‌ته‌كانی یوسفی ڕه‌تكرده‌وه‌،
هۆزی ئه‌فرایمی هه‌ڵنه‌بژارد،
68
به‌ڵكو هۆزی یه‌هودای هه‌ڵبژارد،
كێوی سییۆن كه‌ خۆشی ده‌وێت.
69
وه‌ك به‌رزاییه‌كان پیرۆزگای خۆی بنیاد نا،
وه‌ك زه‌وی هه‌تاهه‌تایه‌ چه‌سپاندی.
70
داودی به‌ خزمه‌تكاری خۆی هه‌ڵبژارد و
له‌ناو پشتیری مه‌ڕ ده‌ریهێنا.
71
له‌دوای مه‌ڕه‌ شیرده‌ره‌كانه‌وه‌ هێنای،
بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ شوانی یاقوبی گه‌لی خۆی،
ئیسرائیلی میراتگری خۆی.
72
ئه‌ویش به‌ دڵپاكییه‌وه‌ شوانایه‌تی كردن،
به‌ ده‌ستێكی كارامه‌ ئاراسته‌ی كردن.
  1. a. 78‏:5 بڕوانه‌\+xt ده‌رچوون 16‏:31‏-34.‏\+xt*‏
  2. b. 78‏:12 شارێكی میسرییه‌ ده‌كه‌وته‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ده‌لتای نیله‌وه‌.
  3. c. 78‏:35 عیبری: به‌ واتای خوێنگر دێت، بۆ تێگه‌یشتن له‌م ده‌ربڕینه‌ بڕوانه‌ \+xt ڕائووس 4‏\+xt*‏.
  4. d. 78‏:51 مه‌به‌ست وڵاتی میسره‌.
  5. e. 78‏:58 ئیره‌یی: واتای هه‌ڵوێستی توندی خودا به‌رامبه‌ر به‌ بتپه‌رستی، چونكه‌ خودا ده‌یه‌وێت ته‌نها ئه‌و بپه‌رسترێت.
  6. f. 78‏:60 شارێك بوو له‌ باكووری بێت ئێل. یهۆشع ئه‌و شوێنه‌ی هه‌ڵبژارد بۆ ئه‌وه‌ی سندوقی په‌یمان و چادری چاوپێكه‌وتنی تێدا دابنێن.