عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
بۆ گه‌وره‌ی گۆرانیبێژان به‌ ئامێره‌ ژێداره‌كان، هۆنراوه‌یه‌كی داود. 
1
ئه‌ی خودایه‌، گوێ له‌ نوێژم بگره‌،
پاڕانه‌وه‌م پشت گوێ مه‌خه‌،
2
گوێم لێ بگره‌ و وه‌ڵامم بده‌وه‌.
سه‌رم لێ شێواوه‌ و له‌ نه‌گبه‌تی خۆم و بێزارم،
3
له‌ بیستنی ده‌نگی دوژمن،
له‌ چاو لێ سوور كردنه‌وه‌ی به‌دكاران،
چونكه‌ ئه‌مانه‌ تووشی گرفتم ده‌كه‌ن و
به‌ تووڕه‌ییه‌وه‌ ده‌مچه‌وسێننه‌وه‌.
4
دڵم له‌ ناخمدا پڕ له‌ ئازاره‌،
ترسی مه‌رگ هاتووه‌ته‌ سه‌رم.
5
ترس و له‌رز دایگرتووم،
تۆقین باڵی به‌سه‌رمدا كێشاوه‌.
6
گوتم: «خۆزگه‌ وه‌ك كۆتر باڵم ده‌بوو،
دوور ده‌فڕیم و ده‌حه‌سامه‌وه‌،
7
به‌ ڕاستی دوورده‌كه‌وتمه‌وه‌ و
له‌ چۆڵه‌وانی ده‌مامه‌وه‌.[a]
8
په‌له‌م ده‌كرد بۆ شوێنی په‌ناگای خۆم،
دوور له‌ ڕه‌شه‌با و له‌ گه‌رده‌لوول.»
9
ئه‌ی په‌روه‌ردگار، سه‌ریان لێ بشێوێنه‌، زمانیان تێك بئاڵێنه‌،
چونكه‌ زۆرداری و دووبه‌ره‌كی له‌ شاردا ده‌بینم.
10
شه‌و و ڕۆژ به‌سه‌ر شووراكانیدا ده‌سووڕێنه‌وه‌ و
خراپه‌ و ناڕه‌وایی له‌ ناوه‌ڕاستیدایه‌.
11
وێرانكاری له‌ ناوه‌ڕاستیدایه‌،
ده‌ستدرێژی و ساخته‌كاری هه‌رگیز شه‌قامه‌كانی به‌رناده‌ن.
12
ئه‌گه‌ر دوژمن سووكایه‌تی پێم بكردایه‌،
به‌رگه‌م ده‌گرت،
ئه‌گه‌ر ناحه‌ز به‌سه‌رمدا زاڵ بووایه‌،
ده‌متوانی خۆمی لێ بشارمه‌وه‌.
13
به‌ڵام ئه‌وه‌ تۆی! هاوشێوه‌ی من مرۆڤی،
هاوڕێمی، نزیكترین براده‌ری منی،
14
كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی شیرینمان هه‌بوو،
به‌یه‌كه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكدا به‌ره‌و ماڵی خودا ده‌چووین.
15
با مه‌رگ چه‌واشه‌یان بكات،
با به‌ زیندوویی دابه‌زنه‌ ناو جیهانی مردووان،
چونكه‌ خراپه‌ شوێنی خۆی كردووه‌ته‌وه‌ له‌نێویان.
16
به‌ڵام هاواری من بۆ خودایه‌،
یه‌زدانیش ڕزگارم ده‌كات.
17
ئێواران و به‌یانییان و نیوه‌ڕۆیان
گله‌یی ده‌كه‌م و ده‌ناڵێنم،
ئه‌ویش گوێم لێ ده‌گرێت.
18
گیانمی به‌ ته‌واوی كڕییه‌وه‌
له‌و جه‌نگه‌ی دژم هه‌ڵگیرساوه‌،
چونكه‌ زۆرن به‌رهه‌ڵستكارانم.
19
خودا، ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌ له‌سه‌ر ته‌خت دانیشتووه‌،
گوێی لێ ده‌بێت و ڕیسوایان ده‌كات؛
ئه‌وانه‌ی ناگۆڕێن و
ترسی خودایان له‌ دڵدا نییه‌.
20
هاوڕێكه‌م ده‌ستدرێژی ده‌كاته‌ سه‌ر دۆسته‌كانی،
په‌یمانی خۆی ده‌شكێنێت.
21
زمانی وه‌ك كه‌ره‌ لووسه‌،
به‌ڵام دڵی پڕ له‌ شه‌ڕه‌.
قسه‌ی له‌ ڕۆن نه‌رمتره‌،
به‌ڵام شمشێری هه‌ڵكێشراوه‌.
22
خه‌مه‌كانت به‌ یه‌زدان بسپێره‌،
ئه‌و پشتگیریت ده‌كات،
هه‌رگیز ناهێڵێت ڕاستودروستان بهه‌ژێن.
23
به‌ڵام تۆ ئه‌ی خودایه‌، فڕێیان بده‌ ناو قووڵترین بیر،
خوێنڕێژ و فێڵبازه‌كان،
ڕۆژگاریان ناگاته‌ نیوه‌.
به‌ڵام من پشت به‌ تۆ ده‌به‌ستم.
  1. a. 55‏:7 له‌ ده‌قی عیبری لێره‌ و له‌ ناوه‌ڕاستی ئایه‌تی 19، وشه‌ی \+tl سه‌لاه‌\+tl* هه‌یه‌ كه‌ له‌وانه‌یه‌ ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ وه‌ستانی مۆسیقا و خوێندنه‌وه‌.