عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - زەبوورێکی داود.
 - 1
 - ئەی یەزدان، ململانێی ئەوانە بکە کە ململانێم لەگەڵ دەکەن،
لە دژی ئەوانە بجەنگە کە لە دژی من دەجەنگن. - 2
 - سپەر بپۆشە و قەڵغان هەڵبگرە،
ڕاپەڕە و بگە فریام. - 3
 - ڕم ئاراستە بکە و تەور هەڵبگرە
لە دژی ئەوانەی ڕاوم دەنێن.
بە گیانم بڵێ: «من ڕزگاریی تۆم.» - 4
 - با ڕیسوا و شەرمەزار بن
ئەوانەی هەوڵی کوشتنم دەدەن،
با بەرەو پاش ببنەوە و ڕیسوا بن
ئەوانەی پیلان دادەنێن بۆ ڕاوکردنم. - 5
 - با وەک کای بەر بایان لێ بێت،
فریشتەی یەزدان ڕایانبماڵێت. - 6
 - با ڕێگایان تاریک و خلیسک بێت،
فریشتەی یەزدان ڕاویان بنێت. - 7
 - لەبەر ئەوەی بەبێ هۆ داویان بۆ نامەوە،
بەبێ هۆ چاڵیان بۆ هەڵکەندم، - 8
 - با ماڵوێرانی لەناکاو بەسەریاندا بدات،
با بەو داوەوە بن کە خۆیان ناویانەتەوە،
با بکەونە ئەو ماڵوێرانییە. - 9
 - ئەوسا گیانم بە یەزدان شاد دەبێت،
بە ڕزگارییەکەی دڵخۆش دەبێت. - 10
 - هەموو ئێسقانەکانم هاوار دەکەن:
«ئەی یەزدان، کێ وەک تۆیە؟
تۆ داماو دەرباز دەکەیت لە دەست ئەوانەی کە لەو بەهێزترن،
هەژار و نەبوون لە دەست ئەوانەی دەیانڕووتێننەوە.» - 11
 - شایەتە دڵڕەقەکان ڕاست دەبنەوە،
پرسیاری شتی وا دەکەن کە ئاگام لێی نییە. - 12
 - بەرامبەر بە چاکە خراپەم دەدەنەوە،
گیانم بە بێکەسی جێدەهێڵن. - 13
 - بەڵام کاتێک ئەوان نەخۆش دەکەوتن، جلوبەرگی گوشم دەپۆشی،
بە ڕۆژووگرتن خۆمم نزم دەکردەوە.
کاتێک نوێژەکانم بەبێ وەڵام دەگەڕانەوە، - 14
 - وەک ئەوەی دۆست و برام بێت،
پرسەدار بووم بۆی،
وەک ئەوەی بۆ دایکم بلاوێنمەوە،
لە خەفەتان سەرم دانەواند بوو. - 15
 - بەڵام کە کەوتم، ئەوان بە خۆشییەوە لە دژی من کۆبوونەوە،
کەسانێک بێ ئەوەی بیانناسم هێرشیان هێنایە سەرم و
بەبێ وەستان ئابڕوویان بردم. - 16
 - وەک خوانەناسان بە خراپی گاڵتەجاڕی دەکەن،
ددانیان لێ جیڕدەکردمەوە. - 17
 - ئەی پەروەردگار، هەتا کەی تەماشا دەکەیت؟
گیانم دەرباز بکە لە دەست تێکدەرییان،
ژیانم لەو بەچکە شێرانە. - 18
 - لەنێو کۆڕی گەورە سوپاست دەکەم،
لەنێو خەڵکێکی زۆر ستایشت دەکەم. - 19
 - مەهێڵە ئەوانە پێم شاد بن،
کە بەبێ هۆ بوونەتە دوژمنم.
مەهێڵە ئەوانەی بەبێ هۆ ڕقیان لێمە،
بە مەکرەوە چاو لە یەک دابگرن. - 20
 - ئەوانە قسە بۆ ئاشتی ناکەن،
بەڵکو درۆ دادەڕێژن
لە دژی ئەوانەی بە ئارامی دەژین لەسەر زەوی. - 21
 - دەمیان لێم دەکەنەوە و دەڵێن:
«ئەها! بە چاوی خۆمان بینیمان.» - 22
 - ئەی یەزدان، تۆ ئەمەت بینی، بێدەنگ مەبە.
ئەی پەروەردگار، لێم دوور مەبە. - 23
 - هەستە و ڕاپەڕە بۆ دادم،
ئەی خودا و گەورەی من، بۆ مافم. - 24
 - ئەی یەزدان، خودای من، بەپێی ڕاستودروستی خۆت ئەستۆپاکیم بسەلمێنە،
مەهێڵە ئەوانە پێم شاد بن. - 25
 - مەهێڵە لە دڵی خۆیان بڵێن: «ئەمە مرازی ئێمەیە!»
یان بڵێن: «هەڵمانلووشی.» - 26
 - با هەموو ئەوانەی بە گرفتی من شاد دەبن،
تووشی شەرمەزاری و گومڕایی بن.
با هەموو ئەوانەی پۆز بەسەر مندا لێدەدەن،
بەرگی شەرمەزاری و ڕیسوایی بپۆشن. - 27
 - با ئەوانەی بە بێتاوانکردنی من دڵخۆشن،
گۆرانی خۆشی و شادی بڵێن.
با هەمیشە بڵێن: «یەزدان پایەبەرز بێت،
کە دڵخۆش دەبێت بە ئاشتی خزمەتکارەکەی.» - 28
 - زمانم باسی ڕاستودروستی تۆ دەکات و
بە درێژایی ڕۆژ ستایشت دەکات. 

