عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
زه‌بوورێكی داود، كاتێك له‌به‌رده‌م ئه‌بیمه‌له‌خ خۆی كرده‌ شێت، ئه‌ویش ده‌ریكرد و داود ڕۆیشت.[a]  
1
هه‌موو كاتێك ستایشی یه‌زدان ده‌كه‌م،
هه‌میشه‌ ستایشی ئه‌و له‌سه‌ر لێوه‌كانمه‌.
2
گیانم شانازی به‌ یه‌زدانه‌وه‌ ده‌كات،
با سته‌ملێكراوان گوێیان لێ بێت و شاد بن.
3
با پێكه‌وه‌ یه‌زدان به‌ گه‌وره‌ بزانین،
با به‌یه‌كه‌وه‌ ناوی به‌رز بكه‌ینه‌وه‌.
4
ڕووم له‌ یه‌زدان كرد، یه‌زدان به‌ ده‌نگمه‌وه‌ هات،
له‌ هه‌موو ترسه‌كانم فریام كه‌وت.
5
ئه‌وانه‌ی پشت به‌ یه‌زدان ده‌به‌ستن، ده‌دره‌وشێنه‌وه‌،
ڕوویان هه‌رگیز شه‌رمه‌زاری پێوه‌ نابێت.
6
ئه‌م پیاوه‌ سته‌ملێكراوه‌ هاواری بۆ كرد، یه‌زدان گوێی لێ بوو،
له‌ هه‌موو گرفته‌كانی ڕزگاری كرد.
7
فریشته‌ی یه‌زدان ده‌وری ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌گرێت كه‌ لێی ده‌ترسن،
ده‌ربازیان ده‌كات.
8
تامی بكه‌ن و ببینن كه‌ یه‌زدان چاكه‌!
خۆزگه‌ ده‌خوازرێ به‌و كه‌سه‌ی په‌نای بۆ ده‌بات.
9
له‌ یه‌زدان بترسن ئه‌ی گه‌له‌ پیرۆزه‌كه‌ی،
چونكه‌ ئه‌وانه‌ی لێی ده‌ترسن پێویستیان به‌ هیچ نابێت.
10
ڕه‌نگه‌ شێره‌كان تووشی برسیێتی و لاوازی بن،
به‌ڵام ئه‌وانه‌ی ڕوو له‌ یه‌زدان ده‌كه‌ن پێویستیان به‌ شتی چاك نابێت.
11
كوڕینه‌، وه‌رن گوێ له‌ من بگرن،
فێری له‌خواترسیتان ده‌كه‌م.
12
چ كه‌سێكه‌ ژیانی خۆشده‌وێت و
ئاره‌زوو ده‌كات زۆر ڕۆژگاری خۆش ببینێت؟
13
زمانت له‌ خراپه‌ بپارێزه‌ و
لێوه‌كانت له‌ فێڵبازی.
14
له‌ خراپه‌ دوور به‌ و چاكه‌ بكه‌،
به‌دوای ئاشتیدا بگه‌ڕێ و كۆششی بۆ بكه‌.
15
چاوی یه‌زدان له‌سه‌ر ڕاستودروستانه‌ و
گوێی له‌ پاڕانه‌وه‌كانیان ڕاگرتووه‌.
16
ڕووی یه‌زدان له‌ دژی خراپه‌كارانه‌،
تاكو یاده‌وه‌رییان له‌سه‌ر زه‌وی ببڕێته‌وه‌.
17
سه‌رڕاستان هاوار ده‌كه‌ن و یه‌زدان گوێی لێیان ده‌بێت،
له‌ هه‌موو ته‌نگانه‌كانیان ده‌ربازیان ده‌كات.
18
یه‌زدان له‌ دڵشكاوان نزیكه‌ و
ئه‌وانه‌ ڕزگار ده‌كات كه‌ ڕۆحیان وردوخاش بووه‌.
19
پیاوچاك گرفتی زۆر ده‌بێت،
به‌ڵام یه‌زدان له‌ هه‌مووی ده‌ربازی ده‌كات،
20
هه‌موو ئێسكه‌كانی ده‌پارێزێت،
هیچیان ناشكێنرێت.
21
به‌دكاری به‌دكاران له‌ناو ده‌بات،
ئه‌وانه‌ی ڕقیان له‌ ڕاستودروستانه‌، تاوانبار ده‌كرێن.
22
یه‌زدان گیانی خزمه‌تكاره‌كانی خۆی ده‌كڕێته‌وه‌ و
ئه‌وانه‌ی په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر یه‌زدان تاوانبار ناكرێن.
  1. a. 34‏:0 بڕوانه‌\+xt یه‌كه‌م ساموئێل 21‏:10‏–22‏:1.‏\+xt*‏