عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
زه‌بوورێكی داود. 
1
ئه‌ی یه‌زدان، ململانێی ئه‌وانه‌ بكه‌ كه‌ ململانێم له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن،
له‌ دژی ئه‌وانه‌ بجه‌نگه‌ كه‌ له‌ دژی من ده‌جه‌نگن.
2
سپه‌ر[a] بپۆشه‌ و قه‌ڵغان هه‌ڵبگره‌،
ڕاپه‌ڕه‌ و بگه‌ فریام.
3
ڕم ئاراسته‌ بكه‌ و ته‌ور هه‌ڵبگره‌
له‌ دژی ئه‌وانه‌ی ڕاوم ده‌نێن.
به‌ گیانم بڵێ: «من ڕزگاریی تۆم.»
4
با ڕیسوا و شه‌رمه‌زار بن
ئه‌وانه‌ی هه‌وڵی كوشتنم ده‌ده‌ن،
با به‌ره‌و پاش ببنه‌وه‌ و ڕیسوا بن
ئه‌وانه‌ی پیلان داده‌نێن بۆ ڕاوكردنم.
5
با وه‌ك كای به‌ر بایان لێ بێت،
فریشته‌ی یه‌زدان ڕایانبماڵێت.
6
با ڕێگایان تاریك و خلیسك بێت،
فریشته‌ی یه‌زدان ڕاویان بنێت.
7
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌بێ هۆ داویان بۆ نامه‌وه‌،
به‌بێ هۆ چاڵیان بۆ هه‌ڵكه‌ندم،
8
با ماڵوێرانی له‌ناكاو به‌سه‌ریاندا بدات،
با به‌و داوه‌وه‌ بن كه‌ خۆیان ناویانه‌ته‌وه‌،
با بكه‌ونه‌ ئه‌و ماڵوێرانییه‌.
9
ئه‌وسا گیانم به‌ یه‌زدان شاد ده‌بێت،
به‌ ڕزگارییه‌كه‌ی دڵخۆش ده‌بێت.
10
هه‌موو ئێسقانه‌كانم هاوار ده‌كه‌ن:
«ئه‌ی یه‌زدان، كێ وه‌ك تۆیه‌؟
تۆ داماو ده‌رباز ده‌كه‌یت له‌ ده‌ست ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌و به‌هێزترن،
هه‌ژار و نه‌بوون له‌ ده‌ست ئه‌وانه‌ی ده‌یانڕووتێننه‌وه‌.»
11
شایه‌ته‌ دڵڕه‌قه‌كان ڕاست ده‌بنه‌وه‌،
پرسیاری شتی وا ده‌كه‌ن كه‌ ئاگام لێی نییه‌.
12
به‌رامبه‌ر به‌ چاكه‌ خراپه‌م ده‌ده‌نه‌وه‌،
گیانم به‌ بێكه‌سی جێده‌هێڵن.
13
به‌ڵام كاتێك ئه‌وان نه‌خۆش ده‌كه‌وتن، جلوبه‌رگی گوشم ده‌پۆشی،
به‌ ڕۆژووگرتن خۆمم نزم ده‌كرده‌وه‌.
كاتێك نوێژه‌كانم به‌بێ وه‌ڵام ده‌گه‌ڕانه‌وه‌،
14
وه‌ك ئه‌وه‌ی دۆست و برام بێت،
پرسه‌دار بووم بۆی،
وه‌ك ئه‌وه‌ی بۆ دایكم بلاوێنمه‌وه‌،
له‌ خه‌فه‌تان سه‌رم دانه‌واند بوو.
15
به‌ڵام كه‌ كه‌وتم، ئه‌وان به‌ خۆشییه‌وه‌ له‌ دژی من كۆبوونه‌وه‌،
كه‌سانێك بێ ئه‌وه‌ی بیانناسم هێرشیان هێنایه‌ سه‌رم و
به‌بێ وه‌ستان ئابڕوویان بردم.
16
وه‌ك خوانه‌ناسان به‌ خراپی گاڵته‌جاڕی ده‌كه‌ن،
ددانیان لێ جیڕده‌كردمه‌وه‌.
17
ئه‌ی په‌روه‌ردگار، هه‌تا كه‌ی ته‌ماشا ده‌كه‌یت؟
گیانم ده‌رباز بكه‌ له‌ ده‌ست تێكده‌رییان،
ژیانم له‌و به‌چكه‌ شێرانه‌.
18
له‌نێو كۆڕی گه‌وره‌ سوپاست ده‌كه‌م،
له‌نێو خه‌ڵكێكی زۆر ستایشت ده‌كه‌م.
19
مه‌هێڵه‌ ئه‌وانه‌ پێم شاد بن،
كه‌ به‌بێ هۆ بوونه‌ته‌ دوژمنم.
مه‌هێڵه‌ ئه‌وانه‌ی به‌بێ هۆ ڕقیان لێمه‌،
به‌ مه‌كره‌وه‌ چاو له‌ یه‌ك دابگرن.
20
ئه‌وانه‌ قسه‌ بۆ ئاشتی ناكه‌ن،
به‌ڵكو درۆ داده‌ڕێژن
له‌ دژی ئه‌وانه‌ی به‌ ئارامی ده‌ژین له‌سه‌ر زه‌وی.
21
ده‌میان لێم ده‌كه‌نه‌وه‌ و ده‌ڵێن:
«ئه‌ها! به‌ چاوی خۆمان بینیمان.»
22
ئه‌ی یه‌زدان، تۆ ئه‌مه‌ت بینی، بێده‌نگ مه‌به‌.
ئه‌ی په‌روه‌ردگار، لێم دوور مه‌به‌.
23
هه‌سته‌ و ڕاپه‌ڕه‌ بۆ دادم،
ئه‌ی خودا و گه‌وره‌ی من، بۆ مافم.
24
ئه‌ی یه‌زدان، خودای من، به‌پێی ڕاستودروستی خۆت ئه‌ستۆپاكیم بسه‌لمێنه‌،
مه‌هێڵه‌ ئه‌وانه‌ پێم شاد بن.
25
مه‌هێڵه‌ له‌ دڵی خۆیان بڵێن: «ئه‌مه‌ مرازی ئێمه‌یه‌!»
یان بڵێن: «هه‌ڵمانلووشی.»
26
با هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌ گرفتی من شاد ده‌بن،
تووشی شه‌رمه‌زاری و گومڕایی بن.
با هه‌موو ئه‌وانه‌ی پۆز به‌سه‌ر مندا لێده‌ده‌ن،
به‌رگی شه‌رمه‌زاری و ڕیسوایی بپۆشن.
27
با ئه‌وانه‌ی به‌ بێتاوانكردنی من دڵخۆشن،
گۆرانی خۆشی و شادی بڵێن.
با هه‌میشه‌ بڵێن: «یه‌زدان پایه‌به‌رز بێت،
كه‌ دڵخۆش ده‌بێت به‌ ئاشتی خزمه‌تكاره‌كه‌ی.»
28
زمانم باسی ڕاستودروستی تۆ ده‌كات و
به‌ درێژایی ڕۆژ ستایشت ده‌كات.
  1. a. 35‏:2 یان زرێ: به‌ڕگێكی كانزاییه‌ كه‌ له‌ كاتی شه‌ڕ ده‌پۆشرێت.