عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
بۆ سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی مۆسیقاژه‌نان، به‌گوێره‌ی ئاسكی به‌ره‌به‌یان. زه‌بوورێكی داود. 
1
خودای من، خودای من، بۆ وازت لێ هێنام؟
بۆ وا دووری له‌ ڕزگاركردنم، له‌ بیستنی ناڵه‌م؟
2
ئه‌ی خودای من، به‌ ڕۆژ لێت ده‌پاڕێمه‌وه‌، وه‌ڵامم ناده‌یته‌وه‌،
به‌ شه‌ویش ئارامیم نییه‌.
3
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، تۆ خودای پیرۆزیت،
له‌نێو ستایشی ئیسرائیل دانیشتوویت.
4
باوباپیرانمان پشتیان به‌ تۆ به‌ست،
پشتیان به‌ تۆ به‌ست و تۆش ڕزگارت كردن.
5
هاواریان بۆ تۆ هێنا و تۆش ده‌ربازت كردن،
پشتیان به‌ تۆ به‌ست و شه‌رمه‌زار نه‌بوون.
6
به‌ڵام من سه‌گم[a] نه‌ك مرۆڤ،
مایه‌ی ڕیسوایی ئاده‌میزاد و سووكایه‌تی خه‌ڵك.
7
هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌مبینن گاڵته‌م پێ ده‌كه‌ن،
توانجم لێ ده‌گرن و به‌ بزه‌وه‌ سه‌ر باده‌ده‌ن و ده‌ڵێن:
8
«پشتی به‌ یه‌زدان به‌ست، با یه‌زدان ڕزگاری بكات.
با فریای بكه‌وێت، ئه‌گه‌ر یه‌زدان پێی دڵخۆشه‌؟»
9
به‌ڵام تۆ له‌ناو سكی دایكم ده‌رتهێنام،
كاتێك له‌به‌ر مه‌مكی دایكم بووم، دڵنیات كردم.
10
من له‌ كاتی له‌دایكبوونمه‌وه‌ به‌ تۆ سپێردراوم،
له‌ سكی دایكمه‌وه‌ تۆ خودای منی.
11
لێم دوور مه‌به‌، چونكه‌ ته‌نگانه‌ نزیك بووه‌ته‌وه‌ و
كه‌س نییه‌ یارمه‌تیم بدات.
12
گای زۆر ده‌وریان داوم،
گایه‌ به‌هێزه‌كانی باشان[b] ئابڵوقه‌یان داوم.
13
وه‌ك شێری دڕنده‌ی به‌ نه‌ڕه‌نه‌ڕ،
ددانیان لێ تیژكردوومه‌ته‌وه‌.
14
وه‌ك ئاو ڕژام،
هه‌موو ئێسقانه‌كانم لێك جیا بوونه‌ته‌وه‌.
دڵم بووه‌ به‌ مۆم،
له‌ ناخمدا تواوه‌ته‌وه‌.
15
هێزم وه‌ك پارچه‌ گۆزه‌ وشك بووه‌،
زمانم به‌ مه‌ڵاشوومه‌وه‌ نووساوه‌،
منت خسته‌ ناو خاكی مه‌رگ.
16
سه‌گ ده‌وریان داوم،
تاقمێك به‌دكار ئابڵوقه‌یان داوم،
ده‌ست و پێیان كون كردووم.
17
هه‌موو ئێسقانه‌كانم ده‌ژمێرم،
ئه‌مانه‌ ته‌ماشام ده‌كه‌ن و سه‌رنجیان له‌سه‌رمه‌.
18
جلوبه‌رگه‌كه‌م له‌نێو خۆیان به‌ش ده‌كه‌ن،
تیروپشك له‌سه‌ر كراسه‌كه‌م ده‌كه‌ن.
19
به‌ڵام تۆ ئه‌ی یه‌زدان، لێم دوور مه‌به‌،
ئه‌ی هێزی من، زوو بگه‌ فریام.
20
ژیانم له‌ شمشێر ده‌رباز بكه‌،
ژیانی به‌هادارم له‌ چنگی سه‌گ.
21
له‌ ده‌می شێر ڕزگارم بكه‌،
له‌ قۆچی گای كێوی، ده‌ربازم بكه‌.
22
ناوی تۆ به‌ براكانم ڕاده‌گه‌یه‌نم،
له‌ناو كۆمه‌ڵدا ستایشت ده‌كه‌م.
23
ئه‌ی له‌خواترسه‌كان، ستایشی بكه‌ن!
ئه‌ی هه‌موو نه‌وه‌كانی یاقوب، شكۆداری بكه‌ن!
ئه‌ی هه‌موو نه‌وه‌كانی ئیسرائیل، لێی بترسن!
24
چونكه‌ به‌ سووكییه‌وه‌ نه‌یڕوانییه‌ سته‌می سته‌ملێكراوه‌كه‌ و پشتی لێ ناكات،
ڕووی لێ وه‌رناگێڕێت،
به‌ڵكو گوێ له‌ هاواری ده‌گرێت.
25
له‌ كۆڕ و كۆمه‌ڵی گه‌وره‌دا تۆ بابه‌تی ستایشكردنی منی،
نه‌زره‌كانم[c] به‌جێده‌هێنم له‌پێش ئه‌وانه‌ی ترسی تۆیان هه‌یه‌.
26
هه‌ژاره‌كان ده‌خۆن[d] و تێر ده‌بن،
ئه‌وانه‌ی ڕوو له‌ یه‌زدان ده‌كه‌ن ستایشی ده‌كه‌ن،
دڵتان بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ بژیێت.
27
سه‌رانسه‌ری زه‌وی یه‌زدانیان به‌بیر دێته‌وه‌ و ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ لای ئه‌و،
هه‌روه‌ها هه‌موو هۆزه‌كانی نه‌ته‌وه‌كان له‌به‌رده‌می كڕنۆش ده‌به‌ن،
28
چونكه‌ پاشایه‌تی بۆ یه‌زدانه‌ و
ئه‌و فه‌رمانڕه‌وایه‌تی نه‌ته‌وه‌كان ده‌كات.
29
هه‌موو ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی سه‌ر زه‌وی ده‌خۆن و كڕنۆشی بۆ ده‌به‌ن،
هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌چنه‌ ناو خۆڵ له‌به‌رده‌می ئه‌و چۆك داده‌ده‌ن،
ئه‌وانه‌ی ناتوانن خۆیان به‌ زیندوویی بهێڵنه‌وه‌.
30
نه‌وه‌كان ده‌یپه‌رستن،
باسی په‌روه‌ردگار بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو ده‌كرێت.
31
ڕاستودروستییه‌كه‌ی به‌و خه‌ڵكانه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نن كه‌ هێشتا له‌دایك نه‌بوونه‌،
چونكه‌ ئه‌م كاره‌ی[e] كردووه‌.
  1. a. 22‏:6 عیبری: كرمێك.
  2. b. 22‏:12 شوێنێك بووه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ڕووباری ئوردون و له‌وه‌ڕگایه‌كی به‌ناوبانگ بووه‌ بۆ گا.
  3. c. 22‏:25 نه‌زر: داوا له‌ خودا ده‌كرێت بۆ ئه‌نجامدانی كارێك، كاره‌كه‌ پابه‌ند ده‌كرێت به‌ مه‌رجێكه‌وه‌. ئه‌گه‌ر خودا ئه‌وه‌ بكات، ئه‌وا ده‌رئه‌نجام ئه‌و كاره‌ی بۆ ئه‌نجام ده‌درێت كه‌ پێیه‌وه‌ پابه‌ند كراوه‌. بڕوانه‌ \+xt سه‌رژمێری 2‏:21‏\+xt*‏.
  4. d. 22‏:26 له‌دوای به‌جێهێنانی نه‌زر قوربانی هاوبه‌شی ده‌كرێت و هه‌ژاران له‌و قوربانییه‌ ده‌خۆن.
  5. e. 22‏:31 مه‌به‌ستی له‌ كاره‌كانی خودایه‌ له‌ناو ئه‌م ده‌قه‌.