عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داودی بەندەی یەزدان. ئەم سروودەی بۆ یەزدان گوت، دوای ئەوەی یەزدان لە دەستی هەموو دوژمنەکانی و لە دەستی شاول ڕزگاری کرد. گوتی:
 - 1
 - ئەی یەزدان، ئەی هێزی من، خۆشمدەوێی.
 - 2
 - یەزدان تاشەبەردی[a]  منە، قەڵا و دەربازکەرمە،
خودام ئەو تاشەبەردەیە کە پەنای بۆ دەبەم،
قەڵغان و هێزی ڕزگاریمە، پەناگای منە. - 3
 - لە یەزدان دەپاڕێمەوە، ئەوەی کە شایانی ستایشە،
لە دوژمنەکانم ڕزگار دەبم، - 4
 - چونکە پەتی مەرگ شەتەکی داوم،
لێشاوی لەناوچوون زەندەقی بردم، - 5
 - پەتی جیهانی مردووان بە دەورمدا تەنراوە،
داوی مردن لەبەردەمم دانراوە. - 6
 - لە تەنگانەمدا لە یەزدان پاڕامەوە،
هاوارم بردە بەر خودام،
لە پەرستگاکەیەوە گوێی لە دەنگی من بوو،
هاوارم گەیشتە بەرگوێی. - 7
 - ئینجا زەوی لەرزی و هەژا،
بناغەی چیاکانیش ڕاژەنین،
لە تووڕەیی ئەو لەرزین. - 8
 - دووکەڵ لە لووتی بەرزبووەوە،
ئاگرێکی لووشدەر لە دەمی هاتە دەرەوە،
وەک ژیلەمۆی پشکۆی داگیرساو بوو. - 9
 - ئاسمانی شەقکرد و دابەزییە خوارەوە،
هەوری تاریک لەژێر پێی بوو. - 10
 - سواری کەڕوب[b]  بوو و فڕی،
بەسەر باڵی بادا بەرزبووەوە. - 11
 - بە تاریکی خۆی داپۆشی و کردییە خێوەت لە دەوری خۆی،
هەوری تاریکی پڕ بارانی ئاسمانی کردە چەتری خۆی. - 12
 - لە ڕۆشنایی ئامادەبوونی ئەو هەورەکان بەرەو پێش چوون،
تەرزە و پشکۆی ئاگریان لێ هاتە دەرەوە. - 13
 - یەزدان لە ئاسمانەوە گرماندی،
ئەو خودایەی هەرەبەرزە دەنگی خۆی لەرزاندەوە. - 14
 - تیرەکانی هاویشت و بڵاوەی بە دوژمنەکانی کرد،
بە بروسکەی گەورە پەرێشانی کردن. - 15
 - ئەی یەزدان، بنی دەریا دەرکەوت،
بناغەکانی زەوی ئاشکرا بوون،
لە سەرزەنشتی تۆ،
لە گەرمی هەناسەی لووتی تۆ. - 16
 - لە بەرزاییەوە دەستی درێژکرد و منی گرت،
لەناو ئاوە قووڵەکانەوە دەریهێنام. - 17
 - لە دوژمنە بە تواناکەم ڕزگاری کردم،
لە ناحەزەکانم کە زۆر لە من بەهێزتر بوون. - 18
 - لە ڕۆژی لێقەومانم هاتنە سەرم،
بەڵام یەزدان پشت و پەنام بوو. - 19
 - منی هێنایە دەرەوە بۆ جێگایەکی پان و بەرین،
ڕزگاری کردم، چونکە دڵخۆشە پێم. - 20
 - یەزدان بەگوێرەی ڕاستودروستیم پاداشتی داومەتەوە،
بەگوێرەی دەستپاکیم ڕێزداری کردووم، - 21
 - چونکە من ڕێچکەی یەزدانم گرتووەتەبەر،
لە خودای خۆم یاخی نەبووم. - 22
 - هەموو حوکمەکانی لەبەرچاومدان،
لە فەرزەکانی لام نەداوە. - 23
 - لەبەردەمی ئەو بێ کەموکوڕی بووم و
خۆم لە گوناه پاراستووە. - 24
 - یەزدان بەگوێرەی ڕاستودروستیم پاداشتی داومەتەوە،
بەگوێرەی دەستپاکیم لەبەردەمی. - 25
 - لەگەڵ دڵسۆزەکان دڵسۆزی دەنوێنیت،
لەگەڵ ئەوانەی بێ کەموکوڕین چاکی دەنوێنیت، - 26
 - لەگەڵ پاکەکان پاکی دەنوێنیت،
بەڵام لەگەڵ خوارەکان زیرەکی دەنوێنیت. - 27
 - تۆ خەڵکی بێفیز ڕزگار دەکەیت،
بەڵام لووتی لووتبەرزان دەشکێنیت.[c] - 28
 - ئەی یەزدان، تۆ چراکەم دادەگیرسێنیت،
خودام تاریکیم ڕووناک دەکاتەوە. - 29
 - بە یارمەتی تۆ دەتوانم لەشکرێک تێکبشکێنم،
لەگەڵ خودای خۆم دەتوانم بەسەر شووراکاندا سەربکەوم. - 30
 - ڕێبازی خودا تەواوە،
بەڵێنی یەزدان بێگەردە،
ئەو قەڵغانە بۆ هەموو ئەوانەی پەنای بۆ دەبەن. - 31
 - لە یەزدان بەولاوە کێ خودایە؟
لە خودامان بەولاوە کێ تاشەبەردەکەیە؟ - 32
 - خودایە ئەوەی کەمەری منی توند بەستووە،
بە تەواوی ڕێگام لەبەردەمدا دەکاتەوە. - 33
 - پێیەکانم وەک پێی ئاسک لێ دەکات،
لەسەر بەرزایی ڕامدەگرێت. - 34
 - مەشق بە دەستەکانم دەکات بۆ جەنگ،
تاکو بتوانم بە بازووم کەوانی بڕۆنز بچەمێنمەوە. - 35
 - قەڵغانی ڕزگاریی خۆتت پێ بەخشیوم،
بە دەستی ڕاستت پشتم دەگریت،
هاوکاریت گەورەم دەکات. - 36
 - جێی هەنگاوەکانم تەخت و فراوان دەکەیت،
تاکو پێم نەخلیسکێت. - 37
 - دوژمنەکانم ڕاونا و پێشم لێ گرتن،
هەتا لەناوم نەبردن نەگەڕامەوە. - 38
 - وردوخاشم کردن، ئیتر نەیانتوانی هەستنەوە،
لەژێر پێم کەوتن. - 39
 - کەمەری منت توند کرد بۆ جەنگ،
وات لە بەرهەڵستکارانی من کرد لەبەر پێم کڕنۆش ببەن. - 40
 - دوژمنەکانم پشتیان تێ کردم و ڕایانکرد،
من ناحەزەکانی خۆمم لەناوبرد. - 41
 - هاواریان هێنا، بەڵام ڕزگارکەر نەبوو،
هاواریان بۆ یەزدان برد، بەڵام بە دەنگیانەوە نەچوو. - 42
 - وەک تۆزی بەر با منیان هاڕی،
وەک قوڕی سەر ڕێگا پێشێلم کردن. - 43
 - لە هێرشی گەل ڕزگارت کردم،
تۆ منت کرد بە سەرۆکی نەتەوەکان،
گەلێک کە نەمدەناسین خزمەتم دەکەن. - 44
 - هەرکە دەنگم دەبیستن گوێڕایەڵم دەبن،
بێگانەکان ملکەچیم بۆ دەنوێنن. - 45
 - بێگانەکان ورە بەر دەدەن و
بە لەرزەوە لە قەڵاکانیان دێنە دەرەوە. - 46
 - یەزدان زیندووە، ستایش بۆ تاشەبەردەکەم!
خودای ڕزگارکەرم پایەبەرزە! - 47
 - خودایە کە تۆڵەم بۆ دەکاتەوە،
گەلان دەخاتە ژێر ڕکێفم، - 48
 - لە دوژمنەکانم ڕزگاری کردم.
پایەبەرزی کردم بەسەر ناحەزانم،
لە دەست پیاوێکی توندوتیژ ڕزگارت کردم. - 49
 - لەبەر ئەوە ئەی یەزدان، لەنێو نەتەوەکاندا ستایشت دەکەم،
گۆرانی ستایش بۆ ناوت دەڵێم. - 50
 - سەرکەوتنی گەورە بە پاشای خۆی دەبەخشێت،
خۆشەویستی نەگۆڕ بەسەر دەستنیشانکراوەکەیدا دەبارێنێت،
بۆ سەر داود و نەوەکانی بۆ هەتاهەتایە. 
- a. 18:2 شوبهێنراوە بەو تاشەبەردەی لە کاتی تەنگانەدا پشتی پێدەدرێت، وەکو لە کاتی شەڕکردن دەبێتە پەناگا.
 - b. 18:10 بوونەوەری ئاسمانی باڵدارە، لە شێوەی مرۆڤ و ئاژەڵ.
 - c. 18:27 لە عیبری: چاوی لووتبەرزان شۆڕ دەکەیت.
 

