عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
زه‌بوورێكی داود. 
1
ئه‌ی یه‌زدان، هاوارم بۆ تۆ كرد، خێرابه‌ بۆ لام!
گوێ له‌ ده‌نگم بگره‌ كه‌ هاوارت بۆ ده‌كه‌م.
2
با نوێژم وه‌ك بخوور له‌به‌رده‌مت بچه‌سپێت،
ده‌ست به‌رزكردنه‌وه‌م وه‌ك قوربانی ئێواره‌ بێت.
3
ئه‌ی یه‌زدان، پاسه‌وانێك دانێ بۆ ده‌مم،
ده‌رگای لێوه‌كانم بپارێزه‌.
4
وا مه‌كه‌ دڵم به‌لای خراپه‌دا بچێت،
نه‌وه‌ك خۆم به‌ كرده‌وه‌ی به‌د خه‌ریك بكه‌م،
له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی به‌دكاری ده‌كه‌ن،
له‌ شته‌ خۆشه‌كانی ئه‌وان ناخۆم.
5
با پیاوچاك لێم بدات، ئه‌وه‌ خۆشه‌ویستییه‌،
با سه‌رزه‌نشتم بكات، ئه‌و وه‌ك ڕۆنی بۆنخۆشی سه‌ره‌،
سه‌رم لاری نییه‌،
چونكه‌ به‌رده‌وام نوێژه‌كانم له‌ دژی خراپه‌كانیانه‌.
6
ڕابه‌رانیان له‌ خه‌ره‌ند فڕێده‌درێنه‌ خوارێ،
ئه‌وسا گوێ له‌ قسه‌م ده‌گرن چونكه‌ ڕاسته‌.
7
وه‌ك كێڵان و شه‌قكردنی زه‌وی،
ئاوا ئێسقانه‌كانیان له‌ ده‌می گۆڕ په‌رت ده‌كرێن.
8
چونكه‌ چاوه‌كانم سه‌رنجیان له‌سه‌ر تۆیه‌، ئه‌ی یه‌زدانی په‌روه‌ردگار،
په‌نا دێنمه‌ به‌ر تۆ، با گیانم نه‌فه‌وتێت.
9
بمپارێزه‌ له‌و داوه‌ی بۆیان ناومه‌ته‌وه‌،
له‌ ته‌ڵه‌ی به‌دكاران.
10
با به‌دكاران پێكه‌وه‌ بكه‌ونه‌ تۆڕی خۆیانه‌وه‌،
له‌و كاته‌دا من به‌ ئاسووده‌یی بپه‌ڕمه‌وه‌.