عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
بۆ ئێمه‌ نا، ئه‌ی یه‌زدان، بۆ ئێمه‌ نا،
به‌ڵكو بۆ ناوی خۆت شكۆ ببه‌خشه‌،
له‌به‌ر خۆشه‌ویستییه‌ نه‌گۆڕه‌كه‌ت و دڵسۆزییه‌كه‌ت.
2
بۆچی نه‌ته‌وه‌كان بڵێن:
«كوا، خودایان له‌كوێیه‌؟»
3
خودامان له‌ ئاسمانه‌،
هه‌رچی حه‌ز بكات، ده‌یكات.
4
بته‌كانیان زێڕ و زیون،
ده‌ستكردی مرۆڤن.
5
ده‌میان هه‌یه‌، به‌ڵام قسه‌ ناكه‌ن،
چاویان هه‌یه‌، به‌ڵام نابینن،
6
گوێیان هه‌یه‌، به‌ڵام نابیستن،
لووتیان هه‌یه‌، به‌ڵام بۆن ناكه‌ن،
7
ده‌ستیان هه‌یه‌، به‌ڵام ده‌ست له‌ هیچ ناده‌ن،
پێیان هه‌یه‌، به‌ڵام ناڕۆن،
ده‌نگ له‌ گه‌روویان نایه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌.
8
دروستكه‌ره‌كانیان وه‌ك ئه‌وان ده‌بن،
هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌وانه‌ش كه‌ پشتیان پێ ده‌به‌ستن.
9
ئه‌ی بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل، پشت به‌ یه‌زدان ببه‌ستن.
ئه‌و یارمه‌تیده‌ر و قه‌ڵغانیانه‌.
10
ئه‌ی بنه‌ماڵه‌ی هارون، پشت به‌ یه‌زدان ببه‌ستن.
ئه‌و یارمه‌تیده‌ر و قه‌ڵغانیانه‌.
11
ئه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌خواترسیتان له‌ دڵدایه‌، پشت به‌ یه‌زدان ببه‌ستن.
ئه‌و یارمه‌تیده‌ر و قه‌ڵغانیانه‌.
12
یه‌زدان ئێمه‌ی له‌بیره‌ و به‌ره‌كه‌تدارمان ده‌كات،
به‌ره‌كه‌ت به‌ بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل ده‌به‌خشێت،
به‌ره‌كه‌ت به‌ بنه‌ماڵه‌ی هارون ده‌به‌خشێت.
13
به‌ره‌كه‌ت به‌وانه‌ ده‌به‌خشێت كه‌ له‌خواترسییان له‌ دڵدایه‌،
گه‌وره‌ و بچووكیش.
14
با یه‌زدان هه‌ر زیادتان بكات،
ئێوه‌ و منداڵه‌كانتان.
15
با ئێوه‌ به‌ یه‌زدان به‌ره‌كه‌تدار بن،
دروستكه‌ری ئاسمان و زه‌وی.
16
ئاسمان ئاسمانی یه‌زدانه‌،
زه‌ویشی به‌ ئاده‌میزاد به‌خشیوه‌.
17
نه‌ مردووان ستایشی یه‌زدان ده‌كه‌ن،
نه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی شۆڕ ده‌بنه‌وه‌ ناو بێده‌نگی،
18
به‌ڵام ئێمه‌ ستایشی یه‌زدان ده‌كه‌ین،
له‌ ئێستاوه‌ و هه‌تاهه‌تایه‌.
هه‌لیلویا!