عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
ستایشی یه‌زدان بكه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چاكه‌،
خۆشه‌ویستییه‌ نه‌گۆڕه‌كه‌ی هه‌تاهه‌تاییه‌.
2
با ئه‌وانه‌ی یه‌زدان كڕینیه‌وه‌ به‌سه‌رهاتی خۆیان بگێڕنه‌وه‌،
ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌ستی دوژمن كڕینیه‌وه‌،
3
له‌ وڵاتانه‌وه‌ كۆی كردنه‌وه‌،
له‌ ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا، له‌ باكوور و باشووره‌وه‌.
4
هه‌ندێك گومڕابوون له‌ چۆڵه‌وانی، له‌ بیابان،
ڕێگایان بۆ شاری نیشته‌جێبوونیان نه‌دۆزییه‌وه‌.
5
برسی و تینوو بوون،
گیانیان داهێزرا.
6
ئینجا له‌ ته‌نگانه‌یاندا هاواریان بۆ یه‌زدان كرد،
ئه‌ویش له‌ ناخۆشییه‌كانیان ده‌ربازی كردن.
7
ڕابه‌رایه‌تی كردن بۆ ڕێگای ڕاست،
بۆ ئه‌وه‌ی بچن بۆ شاری نیشته‌جێبوون.
8
با ئه‌وان ستایشی یه‌زدان بكه‌ن بۆ خۆشه‌ویستییه‌ نه‌گۆڕه‌كه‌ی،
بۆ كاره‌ سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كانی بۆ ئاده‌میزاد،
9
چونكه‌ گیانێكی تینووی تێركرد،
گیانێكی برسی پڕكرد له‌ چاكه‌.
10
هه‌ندێك له‌ دانیشووانی تاریكی و سێبه‌ری مه‌رگ،
دیلیێتی ئازار و ئاسن،
11
چونكه‌ له‌ قسه‌كانی خودا یاخی بوون،
سووكایه‌تییان به‌ ڕاوێژی هه‌ره‌به‌رز كرد.
12
له‌به‌ر ئه‌وه‌ پشتیان له‌ژێر باردا چه‌مایه‌وه‌،
كه‌وتن و كه‌س نه‌بوو یارمه‌تییان بدات.
13
ئینجا له‌ ته‌نگانه‌یاندا هاواریان بۆ یه‌زدان كرد،
ئه‌ویش له‌ ناخۆشییه‌كانیان ڕزگاری كردن.
14
له‌ تاریكی و سێبه‌ری مه‌رگ ده‌ریهێنان،
كۆت و زنجیره‌كانی پچڕاندن.
15
با ئه‌وان ستایشی یه‌زدان بكه‌ن بۆ خۆشه‌ویستییه‌ نه‌گۆڕه‌كه‌ی،
بۆ كاره‌ سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كانی بۆ ئاده‌میزاد،
16
چونكه‌ ده‌روازه‌ی بڕۆنزی تێكشكاند،
شیشه‌ ئاسنه‌كانی شكاند.
17
هه‌ندێك بوونه‌ گێل و له‌ ڕێگای یاخیبوونیان و
له‌ گوناهه‌كانیان تووشی ناخۆشی ده‌بن.
18
قێزیان له‌ هه‌موو خواردنێك بووه‌وه‌،
له‌ ده‌روازه‌كانی مه‌رگ نزیك بوونه‌وه‌.
19
ئینجا له‌ ته‌نگانه‌یاندا هاواریان بۆ یه‌زدان كرد،
ئه‌ویش له‌ ناخۆشییه‌كانیان ڕزگاری كردن.
20
فه‌رمایشتی خۆی نارد و چاكی كردنه‌وه‌،
له‌ فه‌وتان ده‌ربازی كردن.
21
با ئه‌وان ستایشی یه‌زدان بكه‌ن بۆ خۆشه‌ویستییه‌ نه‌گۆڕه‌كه‌ی،
بۆ كاره‌ سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كانی بۆ ئاده‌میزاد،
22
با قوربانی سوپاسگوزاری بكه‌ن،
به‌ هه‌لهه‌له‌وه‌ باسی كرداره‌كانی بكه‌ن.
23
هه‌ندێك به‌ كه‌شتی دابه‌زینه‌ ناو ده‌ریا،
ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌ریای گه‌وره‌ بازرگانییان ده‌كرد.
24
ئه‌وان كاره‌كانی یه‌زدانیان بینی،
كاره‌ سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كانی له‌ قووڵایی.
25
به‌ قسه‌ی ئه‌و ڕه‌شه‌با هه‌ستا،
شه‌پۆله‌كانی به‌رزكرده‌وه‌.
26
به‌رز ده‌بنه‌وه‌ بۆ ئاسمان، داده‌به‌زنه‌ ناو قووڵاییه‌كان،
گیانیان له‌ مه‌ترسی ده‌توێته‌وه‌.
27
وه‌ك سه‌رخۆش سه‌رسم ده‌ده‌ن و به‌ ئه‌ملا و ئه‌ولادا ده‌كه‌ون،
نازانن چی ده‌كه‌ن.
28
ئینجا له‌ ته‌نگانه‌یاندا هاواریان بۆ یه‌زدان كرد،
ئه‌ویش له‌ ناخۆشییه‌كانیان ده‌ربازی كردن.
29
ڕه‌شه‌بای هێدی كرده‌وه‌ بۆ ئارامی،
شه‌پۆله‌كانی بێده‌نگ كرد.
30
دڵخۆش بوون، چونكه‌ شه‌پۆله‌كان هێمن بوونه‌وه‌،
گه‌یاندیانی به‌و به‌نده‌ره‌ی ده‌یانویست.
31
با ئه‌وان ستایشی یه‌زدان بكه‌ن بۆ خۆشه‌ویستییه‌ نه‌گۆڕه‌كه‌ی،
بۆ كاره‌ سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كانی بۆ ئاده‌میزاد،
32
له‌ناو كۆڕی خه‌ڵك به‌رزی بكه‌نه‌وه‌،
له‌ ئه‌نجومه‌نی پیره‌كان ستایشی بكه‌ن.
33
ڕووباری كرده‌ بیابان و
سه‌رچاوه‌ی ئاوه‌كانی كرده‌ زه‌وی تینوو،
34
خاكی به‌ پیتی كرده‌ زه‌وی بێ كه‌ڵك،
له‌به‌ر خراپه‌ی ئه‌وانه‌ی تێیدا دانیشتبوون.
35
بیابانی كرده‌ گۆمه‌ ئاو و
زه‌وی وشكی كرده‌ سه‌رچاوه‌ی ئاوه‌كان.
36
برسییه‌كانی له‌وێ نیشته‌جێ كرد،
شاری نیشته‌جێبوونیان دامه‌زراند.
37
كێڵگه‌یان چاند و ڕه‌زه‌مێویان ڕواند،
ده‌غڵیان به‌ به‌روبووم بوو.
38
به‌ره‌كه‌تداری كردن و زۆر زیاد بوون،
ئاژه‌ڵی ئه‌وانی كه‌م نه‌كرده‌وه‌.
39
ئینجا كه‌م بوونه‌وه‌ و چه‌مانه‌وه‌،
له‌ژێر باری خراپه‌كاری و ناخۆشی.
40
ئه‌وه‌ی ڕیسوایی به‌سه‌ر میره‌كاندا ده‌ڕێژێت،
له‌ چۆڵه‌وانییه‌كی بێ ڕێگا گومڕای كردن.
41
به‌ڵام هه‌ژاری له‌ زه‌لیلی به‌رز كرده‌وه‌،
بنه‌ماڵه‌ی ئه‌وانی وه‌ك ڕانه‌ مه‌ڕ لێكرد.
42
سه‌رڕاسته‌كان ئه‌مه‌ ده‌بینن و دڵخۆش ده‌بن،
هه‌موو خراپه‌یه‌ك ده‌می ده‌گیرێت.
43
كێ دانایه‌، با سه‌رنج بداته‌ ئه‌مانه‌ و
له‌ خۆشه‌ویستییه‌ نه‌گۆڕه‌كه‌ی یه‌زدان تێبگات.