عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
ڕۆڵه‌، سه‌رنج بده‌ داناییم،
گوێ بۆ تێگه‌یشتنم شل بكه‌،
2
تاكو سه‌لیقه‌ت بپارێزیت و
لێوه‌كانت ئاگایان له‌ زانیاری بێت.
3
چونكه‌ لێوه‌كانی ژنی داوێنپیس هه‌نگوینیان لێ ده‌تكێت،
قسه‌ی له‌ ڕۆن لووستره‌.
4
به‌ڵام كۆتاییه‌كه‌ی وه‌ك زه‌قنه‌بووت تاڵه‌،
وه‌ك شمشێری دوو ده‌م تیژه‌.
5
پێیه‌كانی به‌ره‌و خوار ده‌بنه‌وه‌ بۆ مردن،
هه‌نگاوه‌كانی په‌یوه‌ستن به‌ جیهانی مردووانه‌وه‌.
6
سه‌رنج ناداته‌ ڕێچكه‌ی ژیان،
هه‌نگاوه‌كانی خواره‌ به‌ڵام ئه‌و نازانێت.
7
ئه‌ی كوڕینه‌، ئێستاش گوێم لێ بگرن،
له‌ قسه‌ی ده‌مم خۆتان لامه‌ده‌ن.
8
ڕێگای خۆتی لێ دووربخه‌وه‌،
له‌ ده‌رگای ماڵه‌كه‌ی نزیك مه‌به‌وه‌،
9
نه‌وه‌ك شكۆمه‌ندیت به‌ خه‌ڵكی دیكه‌ بده‌یت و
ساڵانی ته‌مه‌نت به‌ كه‌سی دڵڕه‌ق،
10
نه‌وه‌ك بێگانه‌كان له‌ توانات تێر بن و
به‌ری ماندووبوونت بۆ ماڵی نامۆیه‌ك بڕوات.
11
له‌ كۆتاییتدا ده‌ناڵێنیت،
كاتێك گۆشت و جه‌سته‌ت له‌ناوده‌چێت.
12
ده‌ڵێیت: «چۆن ڕقم له‌ ته‌مبێكردن ده‌بووه‌وه‌،
دڵم گاڵته‌ی به‌ سه‌رزه‌نشت ده‌هات.
13
گوێڕایه‌ڵی ئه‌وانه‌ نه‌بووم كه‌ ڕێنماییان ده‌كردم و
گوێم بۆ مامۆستاكانم شل نه‌كرد.
14
كه‌مێكی مابوو بكه‌ومه‌ ناو هه‌موو خراپه‌یه‌كه‌وه‌،
له‌ناو كۆڕ و كۆمه‌ڵدا.»
15
له‌ ئه‌مباراوی خۆت ئاو بخۆوه‌،
له‌ ئاوی هه‌ڵقوڵاوی بیره‌كه‌ت.
16
ئایا كانییه‌كانت بڕژێته‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان،
جۆگه‌ی ئاو بێت له‌ گۆڕه‌پانه‌كان؟
17
با ته‌نها بۆ تۆ بێت،
بێگانه‌ت له‌گه‌ڵدا نه‌بێت.
18
با كانیاوه‌كه‌ت به‌ره‌كه‌تدار بێت،
به‌ هاوسه‌ری گه‌نجییه‌تیت دڵخۆش به‌.
19
ئاسكێكی خۆشه‌ویست و مامزێكی شۆخ و شه‌نگ،
با هه‌موو كاتێك مه‌مكه‌كانی تێرت بكه‌ن،
به‌ خۆشه‌ویستی ئه‌و هه‌میشه‌ وێڵ بیت.
20
كوڕی خۆم، ئیتر بۆچی وێڵی ژنی به‌دڕه‌وشت ده‌بیت؟
بۆچی ژنی داوێنپیس له‌ باوه‌ش ده‌گریت؟
21
چونكه‌ ڕێگاكانی مرۆڤ له‌به‌رچاوی یه‌زدانه‌،
هه‌موو ڕێڕه‌وه‌كانی هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت.
22
به‌دكار به‌ تاوانه‌كانی خۆیه‌وه‌ پێوه‌بوو،
به‌ داوی گوناهه‌كانی خۆیه‌وه‌ ده‌بێت.
23
له‌به‌ر نه‌بوونی ته‌مبێكردن ده‌مرێت،
له‌به‌ر زۆری ده‌به‌نگییه‌كه‌ی سه‌رگه‌ردان ده‌بێت.