عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
شانازی بە سبەینێ مەکە،
چونکە نازانی ڕۆژ چی لێ دەکەوێتەوە.
2
با نامۆ ستایشت بکات نەک دەمی خۆت،
بێگانە نەک لێوەکانت.
3
بەرد قورسە و لم بە سەنگە،
بەڵام تووڕەیی گێل لە هەردووکیان قورسترە.
4
هەڵچوون توندوتیژە و تووڕەیی لێشاوە،
بەڵام کێ لەبەردەم ئیرەیی خۆ ڕادەگرێت؟
5
سەرزەنشتی ئاشکرا
لە خۆشەویستی شاردراوە باشترە.
6
برینی دۆست دڵسۆزییە،
بەڵام ماچی دوژمن بە فێڵە.
7
کەسی تێر پێ لە هەنگوین دەنێت،
بەڵام بۆ برسی هەموو تاڵێتییەک شیرینە.
8
وەک چۆلەکەی وێڵبوو لە هێلانەکەی،
ئاوایە مرۆڤی وێڵ لە هەواری خۆی.
9
بۆن و بخورد دڵ خۆش دەکەن،
شیرینی برادەریش لە پەرۆشی ڕاوێژە.
10
واز لە برادەرەکانی خۆت و باوکت مەهێنە،
لە ڕۆژی لێقەومانت مەچووە ماڵی برات،
دراوسێی نزیک لە برای دوور باشترە.
11
ڕۆڵە، دانا بە و دڵم خۆش بکە،
بۆ ئەوەی وەڵامی ئەوانە بدەمەوە کە لۆمەم دەکەن.
12
ژیر خراپە دەبینێت و خۆی دەشارێتەوە،
بەڵام ساویلکە مل پێوەدەنێت و سزا دەدرێ.
13
ئەگەر کەسێک بووە کەفیلی نامۆیەک کەواکەی لێ وەربگرە[a] ،
لەبەر بێگانەکە بارمتەی لێ وەربگرە.
14
ئەوەی بە دەنگی بەرز داوای بەرەکەت بۆ دراوسێکەی بکات لە بەیانی زوودا،
بە نەفرەت بۆی ئەژمارد دەکرێت.
15
دڵۆپەکردنی بەردەوام لە ڕۆژی باران،
هەروەک ئافرەتی شەڕانییە.
16
ئەوەی دەستەمۆی بکات، با دەستەمۆ دەکات،
بە دەستی ڕاستی زەیت دەگرێت.
17
ئاسن بە ئاسن تیژ دەکرێت و
مرۆڤیش ڕووی برادەرەکەی تیژ دەکات.[b]
18
ئەوەی چاودێری دار هەنجیرێک بکات بەرەکەی دەخوات،
ئەوەی گەورەکەی خۆی بپارێزێت ڕێزی دەگیرێت.
19
وەک لە ئاودا وێنەدانەوەی ڕوو دەبینرێت،
ئاواش دڵی مرۆڤ وێنەی مرۆڤەکە دەداتەوە.
20
جیهانی مردووان و لەناوچوون تێر نابن،
هەروەها چاوی مرۆڤیش تێر نابێت.
21
بۆتە بۆ زیوە و کوورە بۆ زێڕ،
مرۆڤیش بە دەمی ستایشکەرەکەی تاقی دەکرێتەوە.
22
هەرچەندە گێل لەناو هاون بکوتی،
لەگەڵ دانەوێڵە بە دەسکە هاون،
گێلایەتییەکەی لێی جیا نابێتەوە.
23
باش حاڵی مێگەلەکانت بزانە،
دڵت هەر لەلای ڕانە مەڕەکانت بێت،
24
چونکە دەوڵەمەندی هەتاسەر نییە،
تاجیش نەوە بە نەوە بەردەوام نابێت.
25
کاتێک کا نامێنێت و گیا دەردەکەوێت،
گیاوگۆڵی شاخان کۆدەکرێنەوە،
26
بەرخەکان بۆ جلوبەرگ و
گیسکەکانیش بۆ نرخی کێڵگە.
27
بەپێی پێویست شیری بزنیشت دەبێت
کە بەشی خواردنی خۆت و خێزانەکەت و بژێوی کەنیزەکانت دەکات.
  1. a. 27‏:13 وەرگرتنی جلوبەرگ وەک بارمتە نەریت بووە.‏
  2. b. 27‏:17 کاریگەری لەسەر بەرامبەرەکەی دەبێت لە بیرکردنەوە و بڕیاردان.‏