عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
شانازی به‌ سبه‌ینێ مه‌كه‌،
چونكه‌ نازانی ڕۆژ چی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌.
2
با نامۆ ستایشت بكات نه‌ك ده‌می خۆت،
بێگانه‌ نه‌ك لێوه‌كانت.
3
به‌رد قورسه‌ و لم به‌ سه‌نگه‌،
به‌ڵام تووڕه‌یی گێل له‌ هه‌ردووكیان قورستره‌.
4
هه‌ڵچوون توندوتیژه‌ و تووڕه‌یی لێشاوه‌،
به‌ڵام كێ له‌به‌رده‌م ئیره‌یی خۆ ڕاده‌گرێت؟
5
سه‌رزه‌نشتی ئاشكرا
له‌ خۆشه‌ویستی شاردراوه‌ باشتره‌.
6
برینی دۆست دڵسۆزییه‌،
به‌ڵام ماچی دوژمن به‌ فێڵه‌.
7
كه‌سی تێر پێ له‌ هه‌نگوین ده‌نێت،
به‌ڵام بۆ برسی هه‌موو تاڵێتییه‌ك شیرینه‌.
8
وه‌ك چۆله‌كه‌ی وێڵ بوو له‌ هێلانه‌كه‌ی،
ئاوایه‌ مرۆڤی وێڵ له‌ هه‌واری خۆی.
9
بۆن و بخورد دڵ خۆش ده‌كه‌ن،
شیرینی براده‌ریش له‌ په‌رۆشی ڕاوێژه‌.
10
واز له‌ براده‌ره‌كانی خۆت و باوكت مه‌هێنه‌،
له‌ ڕۆژی لێقه‌ومانت مه‌چووه‌ ماڵی برات،
دراوسێی نزیك له‌ برای دوور باشتره‌.
11
ڕۆڵه‌، دانابه‌ و دڵم خۆش بكه‌،
بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی ئه‌وانه‌ بده‌مه‌وه‌ كه‌ لۆمه‌م ده‌كه‌ن.
12
ژیر خراپه‌ ده‌بینێت و خۆی ده‌شارێته‌وه‌،
به‌ڵام ساویلكه‌ مل پێوه‌ده‌نێت و سزا ده‌درێ.
13
ئه‌گه‌ر كه‌سێك بووه‌ كه‌فیلی نامۆیه‌ك كه‌واكه‌ی لێ وه‌ربگره‌[a] ،
له‌به‌ر بێگانه‌كه‌ بارمته‌ی لێ وه‌ربگره‌.
14
ئه‌وه‌ی به‌ ده‌نگی به‌رز داوای به‌ره‌كه‌ت بۆ دراوسێكه‌ی بكات له‌ به‌یانی زوودا،
به‌ نه‌فره‌ت بۆی ئه‌ژمارد ده‌كرێت.
15
دڵۆپه‌كردنی به‌رده‌وام له‌ ڕۆژی باران،
هه‌روه‌ك ئافره‌تی شه‌ڕانییه‌.
16
ئه‌وه‌ی ده‌سته‌مۆی بكات، با ده‌سته‌مۆ ده‌كات،
به‌ ده‌سته‌ ڕاستی زه‌یت ده‌گرێت.
17
ئاسن به‌ ئاسن تیژ ده‌كرێت و
مرۆڤیش ڕووی براده‌ره‌كه‌ی تیژ ده‌كات.[b]
18
ئه‌وه‌ی چاودێری دار هه‌نجیرێك بكات به‌ره‌كه‌ی ده‌خوات،
ئه‌وه‌ی گه‌وره‌كه‌ی خۆی بپارێزێت ڕێزی ده‌گیرێت.
19
وه‌ك له‌ ئاودا وێنه‌دانه‌وه‌ی ڕوو ده‌بینرێت،
ئاواش دڵی مرۆڤ وێنه‌ی مرۆڤه‌كه‌ ده‌داته‌وه‌.
20
جیهانی مردووان و له‌ناوچوون تێر نابن،
هه‌روه‌ها چاوی مرۆڤیش تێر نابێت.
21
بۆته‌ بۆ زیوه‌ و كووره‌ بۆ زێڕ،
مرۆڤیش به‌ ده‌می ستایشكه‌ره‌كه‌ی تاقی ده‌كرێته‌وه‌.
22
هه‌رچه‌نده‌ گێل له‌ناو هاون بكوتی،
له‌گه‌ڵ دانه‌وێڵه‌ به‌ ده‌سكه‌ هاون،
گێلایه‌تییه‌كه‌ی لێی جیا نابێته‌وه‌.
23
باش حاڵی مێگه‌له‌كانت بزانه‌،
دڵت هه‌ر له‌لای ڕانه‌ مه‌ڕه‌كانت بێت،
24
چونكه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌تاسه‌ر نییه‌،
تاجیش نه‌وه‌ به‌ نه‌وه‌ به‌رده‌وام نابێت.
25
كاتێك كا نامێنێت و گیا ده‌رده‌كه‌وێت،
گیاوگۆڵی شاخان كۆده‌كرێنه‌وه‌،
26
به‌رخه‌كان بۆ جلوبه‌رگ و
گیسكه‌كانیش بۆ نرخی كێڵگه‌.
27
به‌پێی پێویست شیری بزنیشت ده‌بێت
كه‌ به‌شی خواردنی خۆت و خێزانه‌كه‌ت و بژێوی كه‌نیزه‌كانت ده‌كات.
  1. a. 27‏:13 وه‌رگرتنی جلوبه‌رگ وه‌ك بارمته‌ نه‌ریت بووه‌.
  2. b. 27‏:17 كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌رامبه‌ره‌كه‌ی ده‌بێت له‌ بیركردنه‌وه‌ و بڕیاردان.