عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
كوڕی دانا ته‌مبێكردنی باوكی وه‌رده‌گرێت،
به‌ڵام گاڵته‌جاڕ گوێ له‌ سه‌رزه‌نشت ناگرێت.
2
مرۆڤ له‌ به‌روبوومی ده‌می چاكه‌ ده‌خوات،
ناپاكانیش ئاره‌زوویان توندوتیژییه‌.
3
ئه‌وه‌ی ئاگای له‌ ده‌می بێت گیانی خۆی ده‌پارێزێت،
به‌ڵام ئه‌وه‌ی زمان درێژی ده‌كات له‌ناوده‌چێت.
4
گیانی ته‌مبه‌ڵ ئاره‌زوو ده‌كات و هیچی ده‌ست ناكه‌وێت،
گیانی ماندووش سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت.
5
كه‌سی ڕاستودروست ڕقی له‌ قسه‌ی درۆیه‌،
به‌دكاریش ڕیسوایی و شه‌رمه‌زاری ده‌هێنێت.
6
ڕاستودروستی ئه‌و كه‌سه‌ ده‌پارێزیت كه‌ ڕێگای ڕاسته‌،
خراپه‌ش گوناهبار سه‌ره‌وژێر ده‌كات.
7
هه‌یه‌ خۆی به‌ ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌رده‌خات و هیچی نییه‌،
هه‌شه‌ خۆی به‌ هه‌ژار ده‌رده‌خات و سامانی زۆری هه‌یه‌.
8
له‌وانه‌یه‌ سامانی مرۆڤ گیانی مرۆڤه‌كه‌ بكڕێته‌وه‌،
به‌ڵام هه‌ژار گوێی له‌ هه‌ڕه‌شه‌ نابێت.
9
ڕووناكی ڕاستودروستان ده‌گه‌شێته‌وه‌،
به‌ڵام چرای به‌دكاران ده‌كوژێته‌وه‌.
10
له‌ لووتبه‌رزییه‌وه‌ ته‌نها ناكۆكی په‌یداده‌بێت،
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ڕاوێژكاران دانایی.
11
ماڵێك به‌ ناپاكی په‌یداكرابێت له‌ كورتی ده‌دات،
به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌ كاری ده‌ست كۆده‌بێته‌وه‌ له‌ زیادبوون ده‌بێت.
12
ئومێدی درێژكراوه‌ دڵ نه‌خۆش ده‌كات،
ئاره‌زووی به‌دیهاتووش دره‌ختی ژیانه‌.
13
ئه‌وه‌ی سووكایه‌تی به‌ فێركردنه‌كه‌[a] بكات خۆی له‌ناوده‌بات،
به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕێزی بۆ ڕاسپارده‌كه‌ هه‌بێت پاداشتی ده‌درێته‌وه‌.
14
فێركردنه‌كانی دانا كانی ژیانه‌،
بۆ دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ داوی مردن.
15
تێگه‌یشتنی باش په‌سه‌ندی به‌ده‌ستده‌هێنێت،
به‌ڵام ڕێگای ناپاكان سه‌خته‌.
16
هه‌موو كه‌سێكی ژیر به‌ زانیارییه‌وه‌ كار ده‌كات،
به‌ڵام نه‌زان گێلایه‌تی بڵاو ده‌كاته‌وه‌.
17
نێردراوی به‌دكار ده‌كه‌وێته‌ خراپه‌وه‌،
په‌یامبه‌ری ده‌ستپاكیش چاكبوونه‌وه‌ ده‌هێنێت.
18
هه‌ژاری و ڕیسوایی بۆ ئه‌وانه‌یه‌ ته‌مبێكردن به‌لاوه‌ ده‌نێن،
به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌رزه‌نشت له‌گوێده‌گرێت ڕێزدار ده‌بێت.
19
ئاره‌زووی به‌دیهاتوو خۆشییه‌ بۆ گیان،
به‌ڵام گێل واده‌زانێت كه‌ لادان له‌ خراپه‌ شتێكی قێزه‌ونه‌.
20
ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ دانایان ده‌ڕوات ده‌بێته‌ دانا،
هاوڕێی گێله‌كانیش زیانی پێ ده‌گات.
21
خراپه‌ دوای گوناهباران ده‌كه‌وێت،
به‌ڵام ڕاستودروستان به‌ چاكه‌ پاداشت ده‌درێنه‌وه‌.
22
پیاوچاك میرات بۆ نه‌وه‌كانی[b] به‌جێده‌هێڵێت،
سامانی گوناهبارانیش بۆ ڕاستودروست هه‌ڵده‌گیردرێت.
23
له‌وانه‌یه‌ به‌یاری[c] هه‌ژاران خواردنی زۆری تێدابێت،
به‌ڵام له‌به‌ر نادادپه‌روه‌ری ده‌بردرێت.
24
ئه‌وه‌ی ڕێگا له‌ كوته‌ك بگرێت ڕقی له‌ كوڕه‌كه‌یه‌تی،
به‌ڵام ئه‌وه‌ی خۆشیبووێت گرنگی به‌ ته‌مبێكردنی ده‌دات.
25
كه‌سی ڕاستودروست ده‌خوات و تێر ده‌بێت،
به‌ڵام سكی به‌دكاران هه‌ر برسی ده‌بێت.
  1. a. 13‏:13 مه‌به‌ستی له‌ فێركردنی ته‌وراتی موسایه‌.
  2. b. 13‏:22 عیبری، كوڕی كوڕ.
  3. c. 13‏:23 زه‌وی نه‌كێڵدراو و ئاماده‌ بۆ كێڵان.