عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
ئه‌وه‌ی حه‌ز له‌ ته‌مبێكردن بكات حه‌ز له‌ زانیاری ده‌كات،
به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕقی له‌ سه‌رزه‌نشت بێت ده‌به‌نگه‌.
2
پیاوچاك ڕه‌زامه‌ندی یه‌زدان به‌ده‌ستده‌هێنێت،
به‌ڵام كه‌سی ته‌ڵه‌كه‌باز تاوانبار ده‌كرێت.
3
مرۆڤ به‌ به‌دكاری ناچه‌سپێت،
ڕیشه‌ی ڕاستودروستانیش ناله‌قێت.
4
ئافره‌تی خانه‌دان تاجی سه‌ری مێرده‌كه‌یه‌تی،
به‌ڵام ئافره‌تی شه‌رمه‌زار وه‌ك كلۆرییه‌ له‌ناو ئێسقانه‌كانی.
5
پلانی ڕاستودروستان دادپه‌روه‌رییه‌،
به‌ڵام ڕاوێژی به‌دكاران هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ره‌.
6
قسه‌ی به‌دكاران بۆسه‌ی خوێنڕشتنه‌،
ده‌می سه‌رڕاستان فریایان ده‌كه‌وێت.
7
به‌دكاران وه‌رده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ و نامێنن،
به‌ڵام ماڵی ڕاستودروستان ده‌چه‌سپێت.
8
مرۆڤ به‌پێی وریاییه‌كه‌ی ستایش ده‌كرێت،
به‌ڵام ئه‌وه‌ی دڵخراپه‌ ڕیسوا ده‌بێت.
9
باشتره‌ ساكار بیت و خزمه‌تكارت هه‌بێت
له‌وه‌ی خۆت گه‌وره‌ ده‌ربخه‌یت به‌ڵام نانت نه‌بێت.
10
كه‌سی ڕاستودروست بایه‌خ به‌ ئاژه‌ڵه‌كه‌ی ده‌دات،
به‌ڵام به‌زه‌یی به‌دكاران دڵڕه‌قییه‌.
11
ئه‌وه‌ی خزمه‌تی زه‌وی خۆی بكات تێر نان ده‌بێت،
به‌ڵام ئه‌وه‌ی دوای هیچوپووچی بكه‌وێت تێنه‌گه‌یشتووه‌.
12
به‌دكار حه‌ز له‌ قازانجی خراپه‌كاران ده‌كات،
ڕیشه‌ی ڕاستودروستان به‌روبووم ده‌دات.
13
خراپه‌كار ده‌كه‌وێته‌ ته‌ڵه‌ی زمانه‌ یاخییه‌كه‌ی،
به‌ڵام كه‌سی ڕاستودروست له‌ ته‌نگانه‌ ده‌رباز ده‌بێت.
14
مرۆڤ له‌ به‌روبوومی ده‌می تێر چاكه‌ ده‌بێت،
پاداشتی ده‌ستی مرۆڤیش بۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.
15
ڕێگای گێل له‌به‌رچاوی خۆی ڕاسته‌،
به‌ڵام دانا گوێگری ئامۆژگارییه‌.
16
گێل ده‌ستبه‌جێ تووڕه‌یی ده‌رده‌بڕێت،
به‌ڵام داپۆشه‌ری سووكایه‌تی ژیره‌.
17
ئه‌وه‌ی به‌ ڕاستگۆیی ده‌دوێت ڕاستودروستی ڕاده‌گه‌یه‌نێت،
به‌ڵام شایه‌تی ساخته‌ درۆ ده‌كات.
18
هه‌یه‌ هه‌ڵه‌شه‌ییه‌كه‌ی وه‌ك زه‌بری شمشێره‌،
به‌ڵام زمانی دانایان چاكبوونه‌وه‌یه‌[a] .
19
لێوی ڕاستگۆ هه‌تاهه‌تایه‌ ده‌چه‌سپێت،
به‌ڵام زمانی درۆ هه‌تا چاوتروكانێكه‌.
20
ساخته‌ له‌ دڵی ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ پیلانی خراپه‌ ده‌نێنه‌وه‌،
به‌ڵام دڵخۆشی بۆ ڕاوێژكارانی ئاشتییه‌.
21
كه‌سی ڕاستودروست تووشی هیچ ناخۆشییه‌ك نابێت،
به‌ڵام به‌دكاران پڕ ده‌بن له‌ خراپه‌.
22
قێزی یه‌زدان له‌ لێوی درۆیه‌،
به‌ڵام ئه‌وانه‌ی به‌ ڕاستگۆیی كار ده‌كه‌ن جێی ڕه‌زامه‌ندی ئه‌ون.
23
مرۆڤی ژیر زانیارییه‌كه‌ی ده‌پارێزێت،
دڵی گێله‌كانیش گێلایه‌تی ده‌رده‌بڕێت.
24
ده‌ستی ماندوو فه‌رمانڕه‌وایه‌تی ده‌كات،
به‌ڵام ده‌ستی ته‌مبه‌ڵ له‌ژێر بێگاری ده‌بێت.
25
نیگه‌رانی له‌ دڵی مرۆڤدا ده‌یچه‌مێنێته‌وه‌،
به‌ڵام قسه‌ی خۆش شادمانی ده‌كات.
26
كه‌سی ڕاستودروست ڕاوێژی چاك ده‌داته‌ هاوڕێكه‌ی،
به‌ڵام ڕێگای خراپه‌كاران گومڕایان ده‌كات.
27
مرۆڤی ته‌مبه‌ڵ نێچیری خۆی ناگرێت،
به‌ڵام مرۆڤی ماندوو نرخی سامانه‌كه‌ی ده‌دات.
28
له‌ ڕێچكه‌ی ڕاستودروستی ژیان هه‌یه‌،
ڕێگای ڕێڕه‌وه‌كانی به‌ره‌و نه‌مرییه‌.
  1. a. 12‏:18 چاكبوونه‌وه‌یه‌ له‌ برین و ئازار.